ئەمە گەڕەلاوژەیە!

د. رزگار ئاغا
  2020-04-14     1160
ئەمە گەڕەلاوژەیە (هي فوضى)!
-----------------------------
کورتە باسێک بۆ ناونیشان و وێنەکە:
لە ساڵی ٢٠٠٨ دا لە میهرەجانی ڤینیسیا, میسر بە فلمێک بەشداریی کرد, بە ناوی "هی فوضی", کە فلمێکی هاوبەشیی میسر – فەرەنسا بوو. نووسیینی ناصر عبدالرحمن و, دەرهێنانی یوسف شاهیین بوو.
چیرۆکی فلمەکە, پانۆرامایەکە لە کۆکردنەوەی دز و گەندەڵ و ئاژاوە, کە وێنای دۆخێکی راستەقیینەی کۆمەڵگەی میسرییە. کەسایەتی سەرەکیی چیرۆکەکە, چربۆتەوە لە کەسایەتی بەرپرسێکی پۆلیس, کە پێگەکەی قۆستۆتەوە بۆ مەرام و بەرژەوەندییەکانی.
رووداوەکانی فلمەکە, پڕن لە, دیمەنی پرناسۆر و بەئێش, کە چەوسانەوە و بەرتییل و خزمێنە و گزیی و فڕوفێڵی هەلبژاردن و دەستەڵات سەپێنیی و خەفەکردنی سێکسی تیایە. فلمەکە, جۆرێک لە بەرەنگاربوونەوەی تێدا بەرجەستکراوە, هەتا خۆی لە شۆرشێکی جەماوەریی کۆتاییدا ئەگرێـتەوە.
-------------------------------
هەر لە تەنیینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا, نرحی نەوت دابەزیی بۆ بیست دۆلار بۆ یەک بەرمییل. هەرێمیش, هەیەتی و نییەتی نەوتە. رێکارەکانی خۆپارێزیی بۆ تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسەکە, بازرگانیی و چالاکیی ئابووریی, داهاتەکانی هەرێمی سست کرد.
(١)
- وەزیری دارایی رایگەیاند: داھاتی ھەرێم نزیکبۆتەوە لە سفر.
- مقۆ مقۆی مووچە کەوتەوە, تاکە چارەی حوکوومەت, بڕیینی دەرماڵەی فەرمانبەرانە, هەتا بتوانن مووچە بدەن ، بە ناوی چاکسازییەوە.
- وەزیرێک,کە ئیشی ئەو نییە، مژدەی دا, کە دەستکارییکردنی مووچە لە ئارادا نییە.
- وەزیرێکی تریش, کە ئیشی ئەو نییە, وتی: ئەگەر بتوانیین دوو مووچە بێ دەستکاریی بدەین، گەورەتریین خزمەتمان کردووە.
- دواتر, لەوە خراپتر, ئەڵێن مووچە دەستکاریی ناکرێـت, بەڵام بە ٤٥ یان ٥٠ رۆژ جارێک ئەدرێت.
- رۆژنامەنووسێک, لەسەر نەدانی مووچە، نوسێنێکی نووسی لە فەیسبووکەکەی. بە ماددەی دووی خراپ بەکارهێنانی ئامڕازەکانی پەیوندیی و ئەلیکترۆنیی, لە هاندان بۆ شکاندنی رێکاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ, دەستبەسەر کرا, دوای دە رۆژێک ئازادکرا, پاشان ئێوارە گیرایەوە و, بۆ سبەینێ ئازادکرایەوە.
- تەنز نووسێک, لە ئەکاونتی خۆی دەڵێت: یەک تۆزی تر نەوت دابەزێت، سەرۆکی حوکمەت ئەبێت دوای دەوام تەکسیی بگێڕێت.
(٢)
- کرژیی میدیایی نێوان یەکێتیی و پارتیی کەوتە ناوانەوە, لەسەر ئاستی باڵا, یەک وەڵامی ئەوی تریانی دایەوە. کەس نەیزانی لەسەر چیی بووە.
(٣)
- چەند خێرخوازێک نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا بەناوی " ئاسا" لە ناو نەخۆشخانەی شۆرش لە سلێمانی کردەوە.
- فاوندەیشنی خێرخوازیی حزب و سیاسیەکان کۆمەکیان دەستپێکرد.
- حزبێک, مەکۆکەی کردە نەخۆشخانەی کتوپڕیی بۆ کۆرۆنا.
- پارێزگای سلێمانی سندووقی کۆمەکی راگەیاند.
- پارێزگای سلێمانی و وەزارەت پێشنیاری دواخستن و بەخشیین و درێژکردنەوەی قەرزی حوکوومەت و کرێنشینانی حوکوومەت کران.
- کۆمەکییکردنی خەڵکی بێ دەرامەت دەستی پێکرد, خێر و سەدەقە و خۆ شیریین و جوانکردن دەستی پێکرد, پەرلەمانتار و, دەوڵەمەندەکان بە پریاسکەوە، ماڵی کەم دەرامەتەکانیان بەسەرکردەوە بە وێنە گرتنەوە. شلەژانێکی کۆمەڵایەتی کەوتەوە, باس هاتە سەر دەستدرێژیی بۆکەرامەت شکاندنی هاوڵاتیی هەژار.
- وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشنیاری بڕینی ٢٥٪‏ی مووچەی ئەنجوومەنی وەزارەت و زانکۆکان کرد.
- ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەکێتی داوا دەکات: داھاتی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا پێنج ملیار دینارە, با ئەو پارەیەلەم ھەڵمەتەدا بەکار بھێنێت, نەک داوای کۆمەک بکات.
- فراکسیۆنی یەکێتی زۆربەی مووچەکانیان دەدەن بە سەبەتەی خواردن بۆ ھەژاران
- نووسەرێک داوای کرد, هاوڵاتیی کەم دەرامەت کێیە؟ کێ پارە کۆدەکاتەوە؟ چۆن دابەش ئەکرێـت؟ کوا حوکوومەت ئەژماری هاوڵاتی کەم دەرامەتی لایە؟ کێ بەدواداچوون بۆ ئەو پارەیە ئەکات؟ ئایا چاودێریی دارایی بۆی هەیە؟
- ئەنجوومەنی وەزیران، هاتە دەنگ, بە بڕیارێک قەدەغەدی ھەڵمەت یان کۆمەکی پارە کۆکردنەوەی کرد,ئەژماری بانکیی بۆ کۆمەک کردەوە کە هەرکەس و لایەنێک لەو ئەژمارەوە نەبێت بۆی نییە هەڵمەتی کۆمەک بکات.
- پەرلەمانتارانی لیستی پارتی, تەواوی مووچەی ئەم مانگەیان بەخشی بە ڕێکخراوێکی خێرخوازیی، نەک ئەژمارەبانکییەکەی حوکوومەت کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بۆدەرکرد.
- وەزارەتی ناوخۆ نووسراوێکی ئاراستەی UNHCR کردووە, بۆ ناردنی هاوکاریی و کۆمەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا, لەرێی رێکخراوێکی خێرخوازییەوە.
- پەرلەمانتارێکی لیستی یەکێتیی نامە بۆ UNHCR ئەنوسێـت, کە ئەو کۆمەکەی رێکخراوە خێرخوازییەکە نەکەن, کە وەزراەتی ناوخۆ ئاراستەی کردوون.
(٤)
- بوو بە قاو, وتیان: لەم بارودۆخەدا, ئۆتۆمبییلی تۆێۆتای ٢٠٢٠, بۆ وەزیرەکان کڕاوە.
- وتەبێژی حوکومەت ئەڵێت: ھییچ بنەمای نییە و ئەم کارێکی چواشەکارییە و, داوا لە داواکاری گشتیی ئەکات, رێکاریی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر.
- ئەکاونتێک, ناوی سەرۆکی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنەوە نووسیبووی: کۆرۆنا بوونی نییە.
- پۆلیس چوون بۆ دەستگییرکردنی سەرۆکی نەوەی نوێ بێ بڕیاری دادوەر.
- ئێن ئار تی هەواڵی نادروستی لەبارەی کۆرۆناوە بڵاوکردەوە.
- وەزارەتی تەندرووستی داوای داخستنی کەناڵی ئێن ئارتی کرد.
- لەشەقامەکانی سلێمانی, ڕێگریی لە پزیشک کرا، پزیشکێک دەستدرێژییکرایە سەر. لە پارێزگاوە لیژنەیەکی نایاسایی پێکهێنرا بە مەبەستی لێکۆڵیینەوە. دواتر, داوای لێبووردنی لێکرا لە دەستگا بەرپرسەکانەوە.
(٥)
- دوو پەرلەمانتار لە کۆمەڵ و یەکێتیی, باسی چەند دۆسییەیەکیان وروژاند لە مییدیاکانەوە.
- داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندیی ئەو دوو پەرلەمانتارە ئەکرێت،لەسەر لێدوانەکانیان.
- پەرلەمانتارێکی تر, ئەڵێت: راسپاردنی داواکاری گشتیی, بە داواکردنی بەڵگە لەسەر ملیار دۆلاری بانکەکەی لوبنان، سیناریۆیە.
(٦)
- بۆ رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا، رێکاری توند گیراوەتەبەر، بە شۆڤڵ, خۆڵ و بەرد و کۆنکریتی شکاو کراوەتە بەربەستی جەنگیی، شەقام داخراوە بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆ.
- لە سلێمانی،لایەک قەدەغەی ھاتوچۆیە بۆ خۆپارێزیی و لەولاوە خانەنشینان تێکڕژاون بۆ مووچە.
- خەڵک, لە سلێمانییەوە ئەگاتە ھەولێر بۆ پرسە.
- ژنی بەرپرسێکی یەکێتیی، بە ئۆتومبیلەکەی دێت و دەچێ بەناو بازگەکاندا.
(٧)
- ئەندامێکی پارتی ئەڵێت ئەوەی لە کاتەدا باس لە کەم و کووڕیەکان بکات ئەوانە دومەڵ و شێرپەنجەن.
- پەرلەمانتارێکی یەکێتیی, ئەڵێت ئەگەر بزانیین چیین یان ئەمەریکا کۆرۆنایان دروستکردووە، سکاڵایان لێ دەکەین.
- دەستبەکاربوونی دادگاکان، یەکەم پێشکارە (ئەولەویەتە)،بۆ دەستبەکاربوونەوەی دام و دەستگاکانی حوکوومەت و، راپەڕاندنی ئەو داوایانەی ئاڕاستەیان ئەکرێت
(٨)
- نووسەرێکیش دەڵێت: ئەوەی لە ھەرێمە دا ھەیە، دەوڵەت و حوکمڕانیی نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×