هەڵمەتی ئەنڵایك‌و ئەنفۆڵۆ

پەیکار عوسمان
  2020-04-17     713

"پارتی و یەکێتی" یەك شتەو دوو شت نین. گەمژانەترین تێگەیشتن لە پارتی و یەکێتی، ئەوەیە کە لایەکی ئەم شتەت لێببێ بە شتێکی تر!
ئەم شتە یەك شتەو لە هەر لایەکیدابیت، لە هەمان شتدایت. بۆئەوەشی لەم ئاردە پاکبیتەوە، ئەبێ خۆت لە هەمووی بتەکێنیت، نەك لە بەشێکی.
یەعنی هەرئەونە بەس نیە کە پارتی نەبیت، ئەبێ پارتی و یەکێتیش نەبیت. هەرئەونە بەس نیە کە یەکێتی نەبیت، ئەبێ یەکێتی و پارتیش نەبیت. بەڵام هەرئەونەش بەس نیەو ئەبێ وا خۆت بتەکەێنیت، کە هیچ شتێك نەتباتەوە سەر پارتی و یەکێتی، تەنانەت دژایەتییەکەشیان! ئاخر دژایەتی پارتی و یەکێتی، فۆڕمێکی تری مانەوەیە لە پارتی و یەکێتیدا، وەکچۆن دژایەتی دین فۆڕمێکی تری مانەوەیە لە دیندا.
کە تۆ دژی پارتی و یەکێتیت و ئەمەت لا "ئامانجە". ئیتر یان ئەبیت بە مینی حیزبێکی هاوشێوەی پارتی و یەکێتی. یان ئەبی بە کەسێکی جنێوفرۆش کە ئیشوکارت هەر جنێودانە بە پارتی و یەکێتی. دەی ئەمانەش هەر فەسادو ستەمکارین و ئێمەش ئەبێ دژی خودی فەسادو ستەمکاریی بین، نەك دژی پارتی و یەکێتی و هەر شتێکی تر.
ئێمە ئەبێ دژی پارتی و یەکێتی و هەرشتێكبین لە فەسادو ستەمکارییدا، نەك لە خودی خۆیاندا. ئەگەر لە فەسادو ستەمکاریدا دژی شتێك بیت، ئیتر خۆت نابیتەوە بەو شتەو بە فاسدو ستەمکار. بەڵام ئەگەر دژایەتی پارتی و یەکێتی ئامانج بێت، ئیتر گرنگ نیە تۆ خۆت چیت، گرنگ ئەوەیە دژی پارتی و یەکێتی بیت. لێرەشەوە گەندەڵەکانی ترو پارتی و یەکێتییەکانی تر دروست ئەبن، وەكئەوەی کە هەن!
پارتی و یەکێتی، هێڵی فەسادن، بەڵام دژەکانیشیان، فەسادی تەریبن. چونکە هەموو سیاسەتیان کورتکردەوە لە دژایەتی پارتی و یەکێتیدا، نەك لە خودی سیاسەت و لە دژایەتی فەسادو ستەمکاریدا!
ئەوەی کە دژایەتی پارتی ئامانجەکەبێت، یەکێتی بەرهەمهێنا کە پارتییەکی ترە. ئەوەشی کە دژایەتی "پارتی و یەکێتی" ئامانجبێ، گۆڕان و نەوەی نوێ ی بەرهەمهێنا، کە فۆڕمێکی تری پارتی و یەکێتین.
ئێمە هێڵێکمان هەیە کە سیاسەتی یەکسان کردوە بە دژایەتی پارتی. هێڵێکی ترمان هەیە، کە تۆزێ بازنەکە فراوانتر ئەکاو سیاسەت یەکسان ئەکا بە دژایەتی "پارتی و یەکێتی"هەردوکیان. هەردو هێڵەکەش هیچی لەپارتی و یەکێتی کەم نەکردو پارتی و یەکێتییەکانی تریشی بۆ دروستکردین!
ئەبێ سیاسەت بەرینەوە بۆ ئەو خاڵەی کە (موجەڕەد دژایەتی شتێك، ناکاتە شتێکی تر.) ئەشێ هەر ئەوبیت و دژیشی بیت. ئەشێ دژیشی بیت و هەر ئەوبیت. وەك یەکێتی کە دژی پارتیەو خۆی پارتییەکی ترە. وەك ئەوانەی کە دژی پارتی و یەکێتین و خۆیان نوسخەکانی تری پارتی و یەکێتین. یان وەك ئەو هەموو گەندەڵەی کە دژی گەندەڵیین!
سەرەتای ڕاستەقینەی سیاسەت، ئەوەنیە کە ئەو چیە. ئەوەیە کە تۆ خۆت چیت. ئەوەی کە لەوەوە دەسپێئەکا، کۆمەڵێ نوسخەی تری ئەو دروستئەکاتەوە. وەك ئەو هەموو نوسخەیەی پارتی کە هەمانە. ئەوەشی کە لە خۆتەوە دەسپێبکات، شتێکی جیاواز لەو "لە پارتی" بەرهەمئەهێنێ کە هێشتا نیمانە!
عەقڵی سیاسی ئێمە نەخۆشە، چونکە لەسەر بنەمای ئەوی شەیتان دامەزراوە. بۆئەوەی چاکبێتەوە، ئەبێ لە ئەوەڵەوە سیاسەت لەسەر بنەمای "منی چی" دەستپێبکەینەوە.
نێوانی "فاشیزم و یەکترقبوڵکردن" تاڵە موویەکەو بابەتی هەردوکیان ئەوە. بەڵام لە یەکەمدا "ئەو" بۆ سڕینەوەو لە دووەمدا "ئەو" بۆ پێکەوەژیان.
تۆ ناتوانی ئەو قبوڵبکەیت، ئەگەر سیاسەت لە شەیتاندنی ئەوەوە دەستپێبکەیت. ئەبێ سیاسەت لەخۆتەوە دەستپێبکەیت و نەیەڵی "تۆ" ببیتە کەرەستەی شەیتاندنی "ئەو".
لەسەرەتاوە پارتی خۆی داهێنەری تێزی ئەوی شەیتانەو دەرەوەی خۆی ئەکات بە شەیتان. ئینجا خەتی جەلالی و یەکێتی، بەهەمان چەك لە پارتی ئەدەن و سیاسەت یەکسان ئەکەن بە دژایەتی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی. دواتر گۆڕان دێ و بە هەمان چەك لە یەکێتی ئەداو دواتریش نەوەی نوێ بە هەمان چەك لە گۆڕان ئەداو لەکۆتاییشدا یەکێتی خۆی چەكەکە هەڵئەگرێتەوەو سیحری دژەپارتییەکانی پێ بەتاڵئەکاتەوە!
هەڵەیە موعارەزوبوون کورتکەیتەوە لە قەناتێکی خەبەریدا. ئاخر ئەوکات، دەسەڵات قەناتێکی باشتر دروستئەکاو ئەوەی تۆ بازاڕی نامێنێ و ناچارئەبی دایخەیت.
هەڵەیە ڕۆشنبیرو میدیای سێبەری خۆت، ناوبنێ ی میدیای ئازادو ڕۆشنبیری سەربەخۆ. چونکە ئەویش ئەتوانێ هەمان یاری بکاو سێبەری خۆی دروستبکات. یان ئەسڵەن خۆی عەزێت ناداو هەر سێبەرەکانی تۆ ئەکڕێتەوە!
هەڵەیە دژایەتی گەندەڵی، کورتکەیتەوە لە دژایەتی پارتیدا، چونکە ئەمە کارێکی هێندە هیچە، تەنانەت بە یەکێتیش ئەکرێ، کە ئەو خۆی پارتییەکەی ترو گەندەڵێکی ترە!
هەڵەیە ئازادیخوازی و بوێری و ئەمشتانە، کورتکەیتەوە لە جنێودان بە پارتی و یەکێتیدا. چونکە ئەوکات، ئیتر پارتی و یەکێتی خۆیان جنێوەکان بە یەکتر ئەدەن و ئەو چەکەشت بەدەستەوە نامێنێ و ئیفلاس ئەکەیت!
پارتی و یەکێتی هەرئەوەن کە هەن، هەر چەتەو مافیان و لەوە زیاتر نین. بەڵام سیاسەت هەر دژایەتی ئەوان نیەو زیاترە لەوە. ئاخر ئەگەر سیاسەت هەر ئەونەبێت، ئیتر لە شوێنێکدا ئەوان خۆیان، دژایەتییەکەی خۆیان ئەکەن و تۆش دەسبەتاڵ ئەمێنیتەوە!
پارتی و یەکێتی بەو هەموو پۆخڵەواتەوە، هەر نیوەی سیاسەتیان ناشرینکرد. نیوەکەی تری سیاسەت ئەوانە ناشرینیان کرد، کە سیاسەتیان یەکسانکرد بە جوێندان بە پارتی و یەکێتی!
پارتی و یەکێتی چەتەی سیاسین و نوقتە. بەڵام بەرگری ئەوەنیە کە شەوو ڕۆژ پێیان بڵێین چەتە. ئاخر ئەوە دە ساڵ زیاترە، ئێمە خەریکی ئەوەین، چیمان کردوە جگە لەوەی چەتەکانی تریشمان ئیزافەکرد، بۆ چەتەیی پارتی و یەکێتی؟
لەڕاستیدا پارتی و یەکێتی، هەر ئەو بەشەی کۆمەڵگایان خەسارنەکردوە، کە کۆیلەو گیرۆدەی پارتی و یەکێتین. بەڵکو بەشێکی تریشیان خەسارکردوە، کە کۆیلەو گیرۆدەی دژایەتی پارتی و یەکێتین! ئاخر موجەب و سالبی شتێك، دوو سەری هەمان شتەو کاتێ تۆ لە موجەبی شتێکەوە ئەچیتە سالبەکەی، هێشتا هەر لە هەمان شتدایت، ئەگەرچی وائەزانی تێتپەڕاندوە!
با بپرسین ئەم هەموو دژەپارتییە، بۆچی خۆشیان کۆپی پارتین، یان دواجار ئەبنەوە بە پارتی؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە: چونکە دژی شتێك شتێکی تر نیەو دەرکەوتەیەکی تری هەمان شتە! شتێکی ترو جیاواز ئەوەیە کە لە بوونەوە سەربەخۆیەو بوونەکەی لەسەر دژایەتی و کاردانەوەی شتێك دانەمەزراوە.
یەعنی واز لە چەلەحانێ ی پارتی و یەکێتی بێنە. ئەوە شەڕێکە تەنیا باڵانسی خۆیانی پێئەکەن و خۆیانی پێ قەڵەوئەکەن لەسەر حسابی تۆ. بەهەمان شێوە، واز لە چەلەحانێ ی موعارەزەو دەسەڵات و دژایەتی پارتی و یەکێتیش بێنە. ئەوەش هەر جۆرێکی ترە لە باڵانس و هەنێکی تر نانی لەسەر ئەخۆن و هیچ پەیوەندی بە نانی منو تۆوە نیە!
هەبوو هونەرەکەی هەر ئەوەبوو کە لەسەر شاشە جنێوی بە پارتی و یەکێتی ئەدا. ئێستا پەرلەمانتارەو بە تورەکە پارە وەرگرێ. تۆ واتئەزانی ئەو پاڵەوانەو شتێکی موهیمی بۆکردویت، لەکاتێکا ئەو هەر ئەوەی کردوە، کە ئێستا کادرانی پارتی و یەکێتی، خۆیان بەیەکی ئەکەن! دەی ئەگەر ئەوە پێوەری پاڵەوانێتی بێت، کەواتە ئەم دەمشڕانەی پارتی و یەکێتیش، هەریەکەو پاڵەوانێکن!
کاتێ حیزبەکان بۆ گەمژەکردنی تۆو بە پارەی خۆت، دەیان کەناڵت بۆ دروستئەکەن. تۆ ناتوانی ئەم کەناڵانە داخەیت و پارەکەی بگەڕێنیتەوە بۆ خزمەتی گشتی. بەڵام خۆ ئەتوانی سەیریان نەکەیت و بە فیکەیان هەڵنەپەڕیت!
کاتێ حیزب بە پارەی تۆ، سەدان "پەیج" بۆ فیتنەچێتی و بۆ شەڕی خۆیان دورستئەکەن. تۆ ناتوانی ئەمانە داخەیت و پارەکە بگەڕێنیتەوە بۆ گیرفانی گشتی. بەڵام ئەتوانی بە ئەنلایکێك سیحرو کاریگەرییان بەتاڵبکەیتەوە!
کاتێ هەنێ کەس، نەخۆشن و لەڕێگەی بەرهەمهێنانی ڕق و جوێنەوە هەن، "کە ئەوە خراپترین فۆڕمی بوونە". تۆ ئەنفرێندو ئەنفۆڵۆیان بکە، با تۆش توش نەبیت، چونکە ئەوە نەخۆشییەکی گوازەرەوەیە! ئیهمالیانکە با ئەوانیش چاكببنەوە، چونکە ئەو نەخۆشییە بەس ئەو چارەسەرەی هەیە!
ئێمە کە خەمی چاکسازیمان هەیە، با لەخۆمانەوە دەستپێبکەین و فەیسبوکەکەمان پاكبکەینەوە لە ئەکاونت و پەیجەکانی جوێن و ڕق و فیتنە.
ئێمە کە ئیرادەو هەستی بەرگریمان هەیە بەرامبەر بە ستەم و فەساد. با شۆڕشی ئەنلایك دەستپێبکەین، بەرامبەر بە پەیجەکانی ستەم و فەساد.
چارەسەری ئێمە تەنیا تێگەیشتنەو بۆئەوەی تێبگەین، ئەبێ لە شەپۆلەکانی ڕق دابەزین. ئاخر هیچ شتێك وەکو ڕق ناچێتەوە سەر جەهل و هیچ شتێك وەکو جەهل ناچێتەوە سەر ڕق!
تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریگەری گەورەی هەیە لە ئاڕاستەکردن و دروستکردنی ڕای گشتی. پارتی و یەکێتی و ئەوانیتریش، لە ڕێگەی پەیجی موخابەراتی و خەبەری فەیکەوە، کۆنترۆڵیان کردوەو بەردەوام شەپۆلی گێژکردن دروستئەکەن و هۆشی ئێمەی پێڕائەماڵن. جا تۆ لە دژەهێرشێکداو بە چەن کلیکێك، ئەتوانی ئەو پەیجانە ڕاماڵیت و دەرفەتی هۆشیاری بە خۆت بدەیتەوە.


تێبینی:
١- مەبەستم ئەوەنیە ئەو پەیج و ئەکاونتانە بسڕینەوە کە فکری جیاواز لە فکری ئێمە بڵاو ئەکەنەوە. ئەمانە تەواو پێویستن بۆ کرانەوەو فرەیی و جیاوازیی و یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیان. تەنیا مەبەستم سڕینەوەی ئەوانەیە کە جوێن و ڕق و فیتنە بڵاوئەکەنەوەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیمان ئەشێوێنن.
٢- دووەم ئەگەر ئەکاونتی من بەنیسبەت تۆوە لەو بابەتەبوو، قەرزارمبی ئەگەر لەمنەوە دەستپێنەکەیت. چونکە من خاتری تۆ ناگرم و ڕەنگە لە تۆوە دەستپێبکەم!


دواجار ئەزانی چی
لێگەڕێ با شەڕی حیزبەکان، نانخۆرەکانی خۆیان بیکەن. ئەوە ئیشی خۆیانەو باری خۆیانە. بەڵام بۆ من‌و تۆ، بارەو کورتانیش.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×