دواجار هەڵبژاردن کرا ئەی ئێستا چی؟*

د. بورهان یاسین
  2019-01-04     2897

ناوەڕۆکی باس
پێشەکی 
چەند خاڵێکی لێوە دەرچون و هەندێ کێشە 
پرسی بەشداریکردن یا نەکردن لە حکومەت 
بزاڤی گۆڕان لەنێوان کەوتن و هەڵسانەوە 
هەندێ پرسی دیکە و دەرەنجام 

پێشەکی
لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی سیپتێمبەری ئەم ساڵ جارێکی دیکە هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستانی کەوتنە بەردەم هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردن، واتە دروستکردنی حکومەتی نوێ لەسەر بنچینەی دەرەنجامەکان. پرسیارە سەرەکیەکەش، هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا، ئەوەن ئایا کێ ئەم حکومەتە دروست دەکات و کێ و کام لایەن بەشداری تیادا دەکەن.
جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشو: ١) ئەم جارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کوردسییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەڵکشاون، بە شێوەیەک کە هاوسەنگی هێز، هەر نەبێ لە روی ژمارەی کورسی پەرلەمانییەوە، لە بەرژەوەندی ئەم حزبەدا گۆڕاوە، تەنانەت گۆڕانێکی بنەڕەتی و مەترسیدار؛ ٢) لەوە ناچێ ئەم جارەیان، جیاواز لە جارانی پێشو، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە سەر شێوازی حکومەت ئاسان نابێت؛ ٣) کەمبونەوەی کورسییەکانی گۆڕان بۆ نیوە (بە بەروارد لەگە ٢٠٠٩ و ٢٠١٣)، کاریگەری فرەڕەهەندی لەسەر پڕۆسەی دروستکردنی حکومەت و پڕۆسەی سیاسی دەبێت.



تا ئێستا لە ماوەی ٢٧ ساڵدا، واتە لە یەکەم هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە (لە ساڵی ١٩٩٢) هاوکێشە سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردن بە سێ شێواز دەرکەوتون: ١) لە (١٩٩٢ تا ٢٠٠٩) پارتی و یەکێتی، کەم یا زۆر هەر یەکەیان نێوەی دەنگەکانی دەنگدەرانیان بەدەست ئەهێنا، جا راست یا لە رێگای فرتوفێڵ! ٢) بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٠٩)دا بە شێوەیەکی بەرچاو قاڵبی پەنجا بە پەنجا تێکشکا و فۆڕمی سێگۆشەیەکی دابەشبونی هێز لە نێوان سێ هێزی سیاسی سەرەکی هاتە کایەوە، واتە پارتی، یەکێتی و گۆڕان، هەڵبەتە جگە لە ‌هێزەکانی تر کە لەگەڵ ئەم سێ گۆشەیەدا پانۆڕاما سیاسییەکەیان تەواو دەکر؛ ٣) لە قۆناغی سێهەمیشدا، واتە لە هەڵبژاردنەکانی هەرە دواییدا (٣٠/٩/٢٠١٨) جارێکی تر پارتی بەرەو نزیکەی پەنجا لە سەد هەڵکشا، کە گومانی تیا نییە ئەم هەڵکشانە، جگە لە دزی و گزی، هی باڵا دەستی پارتییە لە دەسەڵاتدا لە بادینان و هەولێر و بەکاربردنی ئەم دەسەڵاتە وەک ئامرازی ترس و تەماح. دەرهاوێشتەیەکی تری هەڵبژاردنی ئەم جارەیان شکستی گەورەی بزاڤی گۆڕان بو. ئەگەر چی ئەم بزاڤە وەک هێزی سێهەم ماوەتەوە بەڵام گومانی تیا نییە پێگەکەی زۆر بێهێز بوە بەراورد بە دو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشتر (٢٠٠٩ و ٢٠١٣).



هەڵکشانی ژمارەی کورسییەکانی پارتی بەم شێوەیە، بە گشتی چاوەڕوانکراو بو. لە وتارێکمدا کە پێش دو هەفتە لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩ بڵاوبۆتەوە نوسیومە "ئەم دەنگدانە بە ئەگەری زۆر چارەنوسی ئەم ئەزمونە یەکلادەکاتەوە، واتە ئەمە دەنگدانە لەسەر دواڕۆژی کۆی ئەزمونەکە. کەواتە ئاسانە بڵێین کە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دو دانە دەنگدان لە یەک کاتدا: دەنگدانێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ، بەڵام گرنگتریش لەوە دەنگدانێکیش بۆ دیاریکردنی چارەنوسی تەواوی ئەزمونی باشوری کوردستان." هەروەها نوسیومە "ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم جارەیان کاری پەرلەمان یەکلاکەرەوە دەبێت لە زۆر دۆسیەدا، یا راستتر بڵێین ئەم جارەیان خولی یەکلاکردنەوەی هەندێک مەسەلەی یەکجار گرنگ و چارەنوسساز لە ناو پەرلەماندا دەبێت، هەر وەک بۆ نمونە مەسەلەی سیستمی سیاسی، سەرۆکایەتی هەرێم وە دەستورێک بۆ هەرێم. . . ئەگەر یەکێتی و پارتی (بە تایبەتی پارتی) بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەنگی زۆر بەدەست بهێنن ئەوا مانای وایە ئێمە بەرەو ئەو وێستگەیە مەترسیدارە دەڕۆین کە تیایدا ئەم بابەتانە بە حەز و ویستی ئەم دو هێزە، وە بە تایبەتی پارتی، یەکلا بکرێنەوە. . . ئەم مەترسیە یەکجار جددی و گەورەیە؛ لە راستیدا هەر لە ئێستاوە ئاماژەی ئەوە هەن کە پارتی نەک هەر چاوی لەوەیە کە ژمارەی کورسییەکانی بپارێزێ بەڵکو تەنانەت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم ژمارەیە زیاد بکات (تەنانەت هەندێک جار باسی ئەوەش دەکرێ کە پارتی چاوی لە ٥١%ی کورسیەکان)، رێک بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی دەستور و سیستمی سیاسی و سەرۆکایەتی هەرێم: کەواتە ئەوەی تا ئێستا بۆ ئەو حزبە نەچۆتە سەر لەم خولەدا بە ئاسانی بیباتە سەر!"١ 



لە راستیدا هەر زو دوای تەواوبونی هەڵبژاردنەکان، تەنانەت بەر لە دروستبونی حکومەتی نوێش، کە هێشتان چاوەڕوان دەکرێ دروستبکرێ، ئاماژەکانی ئەم پێشوەچونە مەترسیدارە دەرکەوتون. ئەوەتا هەر زو وەک "شتێکی بەڵگەنەویست" پارتی پێگەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی بۆ خۆی یەکلاکردۆتەوە و باسیش لەوە دەکات کە پێویستە هەرێم لەم خولەدا ببێ بە خاوەن دەستورێکی "بە هێز" و . . . هتد.


بە هەڵسەنگاندنێکی بە پەلەی پێدراوە سیاسییەکان، بە جوانی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوەی ساڵانێکە پارتی خەونی پێوە دەبینی و هەوڵی بۆ دەدا، واتە خواستی ئەوەی کە ببێتە حزبی "پێشڕەو" (یا وەک لە ئەدەبیاتی رژێمی بەعس دەوترا "حزبی قائید") و حزبی یەکلاکەرەوە لە پرسە هەرە هەستیارەکاندا، ئاشکرا دەردەکەوێ کە ئەمە ئیتر لە خەون و خواستی سیاسی ئەم حزبە دەرچوە و خەریکە دەبێ بە راستیێکی حاشاهەڵنەگر.



ئەم پێشوەچونە هەڕەشەیەکی جددیە بۆ سەر ئەزمونی باشوری کوردستان، چونکە گەر ئەو حزبە لە خولی پێشتری پەرلەمان (٢٠١٣-٢٠١٨) بە (٣٨) کورسییەوە توانیبێتی خاوەنی ئەو هەمو دەسەڵاتە بێت و، هەر بۆ نمونە، بێباکانە و بە بڕیاری مەکتەبی سیاسییەکەی پەرلەمان پەک بخات ئەوا ئەم حزبە بە ئەگەری زۆر بە ٤٥ کورسییەوە دەتوانێ کاریگەری یەکلاکەرەوەی هەبێ، لە بەرژەوەندی خۆی و گروپ و بنەماڵەیەکی دیاریکراودا! بە واتایەکی دیکە ئەزمونی سیاسی باشوری کوردستان رو لە سیستمی سیاسی، پەیوەندییەکان لەگەل بەغدا و لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا ئەمڕۆ (دوای هەڵبژاردنەکای ٣٠/٩) لە پێشان زۆر زێتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری یەکلاکەرەوەی ئەو حزبە، واتە پارتی! بە واتایەکی دیکە، لەم خولەی پەرلەماندا باشوری کوردستان وەک ئەزمونی سیاسی، وەک خەڵک و وەک قەزیەیەکی سیاسی دەبێتە بارمتە لە دەست پارتی دیمۆکراتی کوردستاندا٢، ئەوە هەڵبەتە لە حاڵەتی نەبونی هێزێکی پڕ توانا کە بە پێداگرییەوە بە پارتی بڵێ نا.



لە ئێستادا ئەو هێزە نابینرێ کە لە مەیدانی سیاسی باشوری کوردستاندا پێ داگرێ بەرامبەر بە پارتی و پێی بڵێ نا! لە لایەکی ترەوە لە ناو خەڵکدا بۆچونێکی بەرفراوان هەیە کە دەخوازێ بڵێ روانگەی سیاسی ئەمڕۆی باشوری کوردستان پێویستیی بە یەکهەڵوێستی هەمو هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا، لەگەڵ ئەم خواستە جەماوەرییەشدا، ئەم یەکهەڵوێستییە پێشبینی ناکرێ، ئەمەش بۆ پارتی شتێکی دڵخۆشکەرە.



ئامانج لەم وتارەی بەردەست ئەوە نییە کە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ دەرهاوێشتەی هەڵبژاردنەکان بکەم، بەڵکو مەبەست زیاتر ئەوەیە تیشک بخەمە سەر هەندێک لایەنی دیاریکراو بە تایبەتی جێگە و پێگەی بزاڤی گۆڕان و بژاردەکانی بەردەمی، لەمەڕ مەسەلەی بەشداریکردن یا نەکردن لە حکومەتدا. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەم وتارەدا هەوڵی ئەوەش دەدەم پێگەی سیاسی بزاڤی گۆڕان رو لە بژاردە سیاسییەکان ببەستمەوە بە ئەو حاڵەتەی کە گۆڕان لە ناوخۆی خۆیدا پێیدا تێپەڕ دەبێت. . . لە راستیدا تەنانەت پێش هەڵبژاردنەکانی (٣٠/٩)ش لەو باوەڕەدا بوم کە کێشەی گۆڕان ئەوە نییە کە ئایا بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەم بزاڤە چەند باشە یا نا بۆ ئەوەی بتوانێ بەشێکی شایستە لە دەنگەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنێ، بەڵکو تا چ رادەیەک ئەم بزاڤە دەتوانێ هێمایەکی راستگۆیانە بدات بە خەڵک، بە تایبەتی لایەنگرانی خۆی، لە مەسەلەی چاکسازیێکی بنەڕەتی و فراوان لە ناو خودی گۆڕاندا، کە ماوەیەکی زۆرە زەرورەتی ئەم جۆرە چاکسازییە دەرکەوتوە. دەکرێ ئەم بۆچونەش لە سێ خاڵدا کۆبکرێتەوە: ١) نەک هەر مەسەلەی بەشداریکردن یا نەکردن لە حکومەت، بەڵکو تەنانەت هەڵوێستە لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی، وەک خوێن و گۆشت تێکەڵاوە بە مەسەلەی چاکسازی لە ناو خودی بزوتنەوەی گۆڕاندا. لە راستیدا دەمێکیشە ئەم حاڵەتە هاتۆتە پێش. هەر یەکێکیش لەم دو رەگەزە دەتوانێ کێشە و ئاڵنگاری بێت بۆ ئەوەی تریان یا بە پێچەوانەوە سەرچاوەی هێز بێت بۆی. . . لەبەر ئەوە لەم چەند دێڕەدا نەک هەر جیاکاری ناکەم لە نێوان ئەم دو بابەتەدا، بەڵکو بە پێویست لەسەر هەدوکیان، وەک دوانەیەک کە لە پەیوەندیێکی ئۆڕگانیکی دان لەگەڵ یەکتردا، دەدوێم. ئەم شێوازە لە تێڕامانیش گریمانەی سەرەکی ئەم وتارەی بەردەستە؛ ٢) لەم وتارەدا، رای خۆم لەسەر پرسی "کارنامەی حکومەت" (یا راستتر بڵێین چی باشە کە لە ناو ئەم کارنامەیە جێگای بکرێتەوە یا نا) دەرنابڕم، چونکە هیچ بڕوایەکم بە بەشداری گۆڕان لە حکومەتدا نییە و بڕواشم بە کارنامەی حکومەتێک نییە کە ئەندازیارەکەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بێت؛ ٣) لەو شتانەی کە تا ئێستا گوتراون، لەوە دەچێ کە ئیتر لە ناو سەرکردایەتی گۆڕاندا بژاردەی چونە ناو حکومەتی زۆر بەهێز بێت، تا رادەی یەکلابونەوە. ئەوەی کە ماوەتەوە بڕیار نییە لەم بارەیەوە بەڵکو بەرجەستەکردنی بڕیارێکە کە لەوەدەچێ پێشتر، کەم یا زۆر، درابێ.

 
چەند خاڵێکی لێوە دەرچون و هەندێ کێشە
١) ئەو بارودۆخەی کە ئێستا باشوری کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبن بە هەندێک جوانکاری، چاکسازی روکەش یا رتوش چارەسەر نابێ. ئەوەی پێویستە شۆک تێڕاپی (shock therapy)یە٣، یا تۆ بڵێ هەڵتەکاندنی بنەڕەتییە لە ئاستی سیستم و دەسەڵات لە باشوری کوردستان؛
٢) بزاڤی گۆڕان، لە هەڵسوکەوت و هەنگاوەکانیدا، بە تایبەتی پەیوەندیدار بە مەسەلەی چون یا نەچونە ناو حکومەتەوە، تا رادەیەکی زۆر ئەسیری کار و کاردانەوەیە بەرامبەر بە یەکێتی نیشتمانی. ئەمەش زیانبەخشە و بەلاڕیدابردن و بچوکردنەوەی گۆڕانی لێدەکەوێتەوە. . . بە هەر حاڵ، بەشداری لە حکومەتدا لە رۆشنایی یا لە ژێر کاریگەری باری دەرونی ململانێ لەگەڵ یەکێتی و کار و کاردانەوە لەگەڵیدا وا دەکات کە ئامانجە سەرەکیەکان نەپێکرێن، یا ئەو ئامانجانە گرنگیی پلە دو وەربگرن؛
٣)کێشەکانی بزاڤی گۆڕان دوای کۆچی دوایی خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفا دەست پێ ناکەن، کەچی راستە کە بە تایبەتی دوای ئەو روداوە ئەو گرفتانە زێتر دەرکەوتون و چڕدەبونەتەوە. . . زۆرێک لەو کێشانە بونیادین و پەیوەندییان بە یەکلابونەوەی گۆڕان هەیە لە روی ناسنامە و ستراتیژی خۆیەوە، کە هەردوکیشیان (واتە ناسنامە و ستراتیژ) لەگەڵ یەکتر بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی لە پەیوەندیدان، هەر یەکێکیشیان چەند رەهەندێک لەخۆ دەگرێ. . . زۆر بە تایبەتی پرسی ئەوەی کە ئایا گۆڕان، هەر لە سەرەتاوە، بە چ "زەخیرەیەکی کۆمەڵایەتی" و جیهانبینیێکەوە هاتە مەیدان و دەستی بە کار و چاڵاکییەکانی کرد. . . (هەر بۆ بیرهێنانەوە، بەندە زۆێکم لەو پرسانە، کە من پێم وابو گۆڕان لە داهاتودا بەرەوڕویان دەبێتە، لە بابەتێکدا بە ناوەی هەڵبژاردنەکانی ٢٥/٧ و ...، کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاوبۆتەوە، باسم کردوە)؛ 
٤)دور لە هەمو وردەکاریێک و بەبێ رۆچون لە بنج و بنەوانی شتەکان، دەتوانین بڵێین کە هەر لە سەرەتاوە، بەڵام بە تایبەتی لە ماوەی دواییدا، بزاڤی گۆڕان کەوتۆتە بەردەم دو رێگا/بژاردە، هەردو بژاردەکەش دەربارەی دو بابەتن (ناوخۆیی گۆڕان لە لایەک وە هەڵوێستە لە تەواوی پرسی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەکی دیکەوە). وەستانەوە لە روی ئەم دو ریانەش دەکرێ بە پرسیار بیخەینە رو: ١) ئایا گۆڕان دەبێتەوە حزبێکی "نۆڕماڵ" و کلاسیکی و بەمەش، لە جیهانبینی و شێوازی رێکخراوەیی و هەڵوێستە لە پرسە سیاسییە هەرە گرنگەکان، دەچێتە ریزی حزبە "کلاسیکییەکانی" ترەوە، یا ٢) وەک هێزێکی جیاواز (موتەمەییز)، واتە لە هەمو ئاست و بابەتەکانەدا، وەک ژمارەیەکی "جیاواز" دەمێنێتە. . . 



ئێستا قۆناغی تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ گۆڕان و ناوەڕۆکی تاقیکردنەوەش لە شێوازی هەڵسوکەوت و مامەڵەی گۆڕان لەگەڵ دوانەی باری ناوخۆی خۆی لە لایەک وە هەڵوێستەی داهاتوی لە دەسەڵات دەردەکەوێ، کە هەر وەک پێشتر وترا دو پێکهاتەی ئەم دوانەیە، لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. . .


پرسی بەشداریکردن یا نەکردن لە حکومەت
هەر لە سەرەتادا لە هەڵوێستی گۆڕان لە پێکهێنانی حکومەت باسی سێ بژاردە (١- بایکۆتکردنی بە تەواوەتی پڕۆسەی سیاسی؛ ٢- ئۆپۆزیسیۆن بون؛ یا ٣- بەشداری لە حکومەت) کراوە. بەڵام بە بۆچونی خۆم پێویست بو باسی بژاردەی چوارەمیش بکرێ ئەویش ئۆپۆزیسیۆنبونە شانبەشانی پاڵپشتیکردنی ناڕەزاییەتەکانی خەڵک و وەستانەوە لەگەڵ ناڕەزاییەکانی خەڵک لە هەر جوڵەیەکی جەماوەریی مەدەنیدا.
ئەوەی دەمەوێ لە بژاردەی چوارەمدا بیڵێم ئەوەیە کە ١٢ کورسی پەرلەمانی بەشی ئەوە ناکات بۆ ئەوەی فشارێکی جددی بخەیتە سەر دەسەڵاتی پارتی بەڵکو ئامرازێکی فشارت بە دەستەوە بێت بۆ ئەوەی ١) دەسەڵات حسێبت بۆ بکات و ٢) لە جەماوەریش دانەبڕێیت.



لێردا دەمەوێ بە شێوازی خاڵبەندی بۆچونی خۆم لەمەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و هەڵوێستی بزاڤی گۆڕان لەم پرسە بە چەند خاڵێکدا بخەمەرو:
یەکەم: ئەزمونی چوار ساڵی پێشو. . . هەمومان دەتوانین، هەڵبەتە بە هەندێک جیاوازییەوە، کۆک بین لەسەر ئەوەی کە ئەزمونی بەشداری گۆڕان لە حکومەتدا لە چوار/پێنج ساڵی رابردودا سەرکەوتو نەبو. بەبێ ئەوەی شێڵگیرانە بەرگریمان لە سیاسەتەکانی گۆڕان لەو پەیوەستەدا کردبێ، دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە زهنیەت و عەقڵیەتی پارتی لە حوکمڕانی و جیهانبینییە سیاسییەکانیدا بەرپرسێکی سەرەکی بو لەوەی کە رویدا. . . لە لایەکی دیکەوە دەکرێ گۆران لە وردەکارییەکاندا کراوە بێ بۆ رەخنە لەخۆگرتن لەوەی کە ئایا تا چ رادەیەک وە چۆن دەکرا ئەو بزوتنەوەیە بە شێوازێکی تر هەڵسوکەوت بکات بۆ ئەوەی هەندێ شت رونەدا کە رویاندا. رەخنەکە کە گۆڕان لە خۆی دەگرێ هەر چی دەبێت باب ببێت، بەڵام دیسان دەرەنجامەکە زۆر شت لە سروشتی کێشە بونیادی و بنچینەییەکان ناگۆڕێ، کە ئەویش بە پلەی یەکەم جیهانبینی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە لە مەسەلەیەکی بنچینەییدا ئەویش ئەوەیە کە لە کەلتوری سیاسی ئەم حزبەدا، جا لە شاخ بێ یا لە شار: ١) ئەم حزبە باڵادەستی ئەوانی دیکە، بە هیچ شیوەیەک، قەبوڵ ناکات، هەر لەم چوارچێوەیەدا پارتی بۆ نمونە ناتوانێ لە هیچ بارێکدا پێگەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ خۆی بون قەبوڵ بکات؛ ٢) ئەگەر ئەم حزبە کەمایەتیش بێت هەر دەبێ ئەو فەرمانڕەوایی بکات وەک ئەوەی کە خۆی زۆرینە بێت، واتە کەمینە بەڵام لە حوکمڕانیدا لە پێگەی زۆرینەدا؛ ٣) پارتی بەردەوام وا خۆی دیوە و هەر بە پێی ئەم "لۆژیکەش"، چ لە شاخ و چ لە شاردا، مامەڵەی لەگەڵ ئەوانی تردا، لە فەزای سیاسی گشتیدا، کردوە: ئەم لۆژیکە دەخوازێ بڵێ "یا دەبێ یارییەکە لە ژێر رکێف و کۆنتڕۆڵی خۆمدا بێ یا ئەوەتا سەروبەری یارییەکە تێک دەدەم". (ئەوەتا پارتی لە کاتێکدا لە کەرکوک یارییەکە تێک دەدات بە بیانۆی ئەوەی کە ئەو سارە داگیرکراوە، چونکە لەوێ کەمایەتییە، کەچی دەچێ لە بەغدا لای حکومەتە داگیرکارەکە شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری و پۆستەکانی دیکە دەکات وە وەزیری داراییەکەی لە بەغدا بودجەی هێزی داگیرکار (واتە جەیشی شەعبی) لە بودجەی عێراقدا زێاد دەکات!) ئەمەش کڕۆکی لۆژیکی پارتی ئاسکرا دەکات لە مەڕ مامەڵەی ئەو حزبە لەگەڵ پرسی هاوسەنگی هێز، کە تیایدا ئەم حزبە ناخوازی تاڵی کەمایەتیبون بچێژێ.



پێوەر ئەوە نییە کە ئایا پارتی چەند کورسی هەیە و بەم شێوەیەش پێگەی ئەم حزبە لە هاوکێشەی سیاسیدا چەندە و بەم پێیەش بەشی خۆی و بەشی ئەوانی دیکە لە دەسەڵاتدا چۆن و چەندە، بەڵکو خۆسەپاندنە جا بە هەر ئامرازێک دەبێت با ببێت! لەسەر بنچینەی ئەم "لۆژیکە" ئایا چی لەم زهنیەت و جیهانبینییەی پارتی گۆڕاوە بۆ ئەوەی ئەوانی تر "ئەم جارەش" حکومەت لەگەڵ ئەم حزبەدا بە رادەیەک لە دڵنیایی و متمانەوە پێک بهێنن؛



دوەم: هاوسەنگیی هێز. . . پەیوەندیدار بە، وە بیناکراو لەسەر، خاڵی یەکەم لە سەرەوە، پێویستە ئەوە بڵیین کە لە سەرەتای ئەزمونی چوار/پێنج ساڵی رابردودا گۆڕان بە پێگەیەکی زۆر بەهێزترەوە لە ئێستا وە بە پێچەوانەشەوە پارتی بە پێگەیەکی لاوازترەوە لە ئێستا حکومەتیان پێک هێنا، لەگەڵ ئەوەشدا دواتر پارتی "یارییەکەی" تێک دا. ئەو کاتە لە لایەکەوە گۆڕان بە ٢٤ کورسییەوە، بە پێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە، بە بونی خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفاوە و. . . هتد، کەچی لە لایەکی ترەوە پارتی بە پێگەیەکی لاوازتر لە ئێستا (بە ٣٨ کورسییەوە) چونە ناو حکومەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە چۆن کلیلی دەسەڵات لە دەست پارتیدا بو و بەشدارەکانی تر بەردەوام "لە ژێر رەحمەتی" بڕیاری پارتیدا بون. . . جا لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ ئەوەیە ئایا ئەوە چییە کە وامان لێ دەکات کە باوەڕ بهێنین کە زهنیەت و جیهانبینی پارتی ئەوندە گۆڕا بێت بۆ ئەوەی، جیاواز لە ئەزمونی رابردو، گۆڕان لە ئەزمونی چونە ناو حکومەت لەم جارەدا سەرکەوتو بێت؟



سێهەم: کێشەکانی ناو ماڵباتی بارزانی. . . بۆ جاری یەکەم خەریکە کێشەکانی ناو ماڵباتی بارزانی راشکاوانەتر دەردەکەون٤. بەو شێوازەی کە پارتی بیری لێ دەکاتەوە، جگە لە جێگیرکردنی باڵادەستی پارتی لە حکومەتی داهاتودا، ئەم حزبە دەیەوێ لە ڕیگای شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە حکومەتی داهاتودا کێشەکانی ناو بنەماڵەش چارەسەر بکات. ئێستا ئەم کێشانە گەیشتونەتە ئاستێک کە ئیتر پەردەپۆشکردنیان ئەستەمە و پێویستی بە چارەسەر هەیە و لەوە دەچی کە ئیتر چارەسەرکردنەکەش دواخستن هەڵنەگرێ! بە واتایەکی دیکە، لە حکومەتی ئەم جارەدا جگە لە جێگیرکردنی بەهێزتری پێگەی خۆی لە تەواوی دەسەڵات و حوکمڕانیدا، پارتی خوازیارە ملمڵانێکان لە ناو بنەماڵەدا بە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و فەرمانڕەوایی بنەماڵە بە شێوازێکی نوێ رێک بخات، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی ئەم بنەماڵەیە نەک بۆ چوار ساڵی داهاتو لە قاڵب بدرێ بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر دور و درێژتریش. . . بەم واتایەش مامەڵەی پارتی لە داهاتودا لەگەڵ پرسی دەستوردا، زیتر لە هەمو کاتێک، پرسی رێکخستن و جێگیرکردنی بنەماڵە دەبێت تا هەر شتێکی دیکە. . . ئەگەر دەرنجامەکانی ئەم گریمانەیەش لە داهاتودا وا دەرکەون، کە بە باوەڕی من ئاماژەکانی هەر زو دەرکەوتون٥، ئەوا هێزەکانی بەشداربو لە حکومەتی داهاتودا دەبنە بەشێک لە "گوناهێکی" مێژویی، کە ئەویش جێگیرکردنی حوکمی بنەماڵەیە، جا بە شێوازی سیستمی پەرلەمانی بێت یا هەر شێوازێکی دیکە. دەکرێ پێچەوانەکەشی، واتە بەشداینەکردنی کارای هێزەکانی تر، ببێتە رێگرێک لە پلان ( یا تۆ بڵێ پیلان)ەکانی پارتی لە جێگیرکردنی حوکمی بنەماڵە. . . لە راستیدا نەک هەر ئەوە، بەڵکو تەنانەت دەکرێ بەشدارینەکردن و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت ببێتە هۆی تەقینەوەی ململانێکانی نێو بنەماڵە؛



چوارەم: نەوت. . . لەوەدەچێ دۆسیەی نەوت کۆڵەگەیەکی سەرەکی کارنامەی بزاڤی گۆڕان بۆ چونە ناو حکومەت پێک بهێنێ! لێرەدا بە راشکاوی جەختدەکەمەوە کە تا ئێستا تا چەند ئەستەم بوبێت چاکسازی لەم دۆسیەیەدا بکرێ، ئەوا لە حکومەتی داهاتودا ئەوەندەی تر ئاستەمتر دەبێت. بە راشکاوی: من باوەڕ ناکەم نێچیرڤان بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم مەلەفە بیت بۆ ئامۆزاکەی، تەنانەت من پیم وایە ئەو (واتە نێچیرڤان) بەو مەرجە پێگەی سەرۆکی هەرێم قەبوڵ دەکات کە مەلەفی نەوت (تەنانەت هەندێک مەلەفی تریش) لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. دەرەنجام: مانەوەی مەلەفی نەوت لەدەست نێچیرڤان بارزانیدا مانەوەی هەمو ئەو کێشانەیە کە پەیوەندیدارن بەم مەلەفەوە، بە تایبەتی پەیوەندیدار بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، بە ناچارەسەرکراوی دەمێننەوە. جگە لەوەش ناڕونییەکانی ئەم مەلەفە لە ئاستی ئیقلیمی و جیهانیدا نەک هەر وەک خۆیان، بەبێ چارەسەرکراوی، دەمێننەوە بەڵکو تەنانەت دەچنە ئاستێکی نوێی مەترسیداریشەوە.

کەواتە، ئەگەر کێشەی نەوت لە رابردودا یەک جار ئاڵۆز بوبێت و چارەسەرەکەشی یەک جار ئاستەم بوبێت، ئەوا لەم خولەی پەرلەمان و حکومەتی داهاتودا کێشەکە دەها ئاڵۆزتر و چارەسەریشی ئەستەمتر دەبێت!


پێنجەم: یەکبونی هێزی پێشمەرگە... بە پێی زانیارییە گشتییەکان یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە یەکێک دەبێت لە خاڵەکانی "کارنامەی" پێشنیارکراوی گۆڕان بۆ حکومەتی داهاتو. بەڵام هەر زو پێویستە ئەوە بڵێم کە لە پێشودا ئەم یەکگرتنە چەندە وەهم و ئەستەم بو، ئەوا لەم خولەی پەرلەماندا ئەوەندەی تر وەهم و ئەستەم دەبێت. بەهانەیەکی هەرە گرنگی ئەم بۆچونەش ئەوەیە کە رادەی متمانە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا لە ئێستادا نزیکە لە سفر وە بە ئەگەری زۆر ماوەیەکی زۆریشی پێ دەچێت تا متمانە دەگەڕێتەوە تاستی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر و تەنانەت دەگەڕیتەوە بۆ ئاستی پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش. بەهانەیەکی تریش ئەوەیە کە لە دوای شکستی داعش "خەمخۆری" هێزە گەورەکان لە داهاتودا بۆ مەسەلەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کەم دەبێتەوە. . . 



بونیادنراو لەسەر ئەم بۆچونەش، رەوا نییە گۆڕان یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە بخاتە ناو کارنامەوە، چونکە ئەوە هەر لە سەرەتادا دەبێتە ناڕاستگۆیی بەرامبەر دەنگدەرانی ئەم بزاڤە و خەڵکی کوردستان بە گشتی!؛



شەشەم: کارنامە. . . سەرەتا بۆچونی گشتی ئەوەیە کە زۆربەی زۆری وڵاتە عەرەبییەکان، کە بە دەیان ساڵ رژێمی ستەمکار و دکتاتۆر تیایاندا باڵادەست بون، خاوەنی دەستوری جوان بون، بەڵام ئایا بە کردار ئەم رژێمانە پەیڕەوی چ جۆرە کردار و رەفتارێکیان دەکرد بەرمابەر بە خەڵکی وڵاتەکانیان. ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە من پێم وانییە کارنامەی حکومەتی پێشو (کابینەی هەشتەم) جوان نەبو وە پێشم وانییە نوقسانی لە روئیا و کارنامەی گۆڕاندا هەبو (بەر لە چونە ناو حکومەت و دوای پێکهێنانی حکومەت)، بەڵکو ئەوەی کەمی هێنا و کۆتایی بە بونی گۆڕان لە حکومەتەکەدا هێنا رەفتار و کرداری پارتی بو دژ بەو کارنامانەیە. . . نێچیرڤان بارزانی، هەر کەمێک دوای پێکهێنانی حکومەت و راگەیاندنی کارنامە "جوانەکەی"، "زۆر بێشەرمانە" وە لە ناو حەرەمی پەرلەمان، بە ئامادەبونی سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لەوانەش سەرۆکی ئەو کاتەی فراکسیۆنی گۆڕان، پەنجەی هەڕەشەی لە پەرلەمان راوەشاند. . . لە راستیدا بەرهەمی سێ وشەکەی نێچیرڤان (قابیلی قەبول نییە) لەم پەنجە راوەشاندنەدا، کە هەڕەشەیەکی بێ پەنا و پێچ بو لە پەرلەمان، سەرەتا و پاشخانی هەرە گرنگی کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بو! واتە، لە راستیدا کودەتاکەی ١٢ی ئۆکتۆبەر تەرجەمەی بە کرداری ئەو پەنجە راوەشاندنەی نێچیرڤان بو. . .؛



حەوتەم: رەدع٦. . . لە سیاسەتدا قسەی جوان پێوەر نین وە بە قسەی جوان و "نیەتی پاک" هاوسەنگی هێز ناگۆڕێت. لە راستیدا باشترین و سەرکەوتوترین رێکەوتنی ئاشتی، یا هەر رێکەوتنێکی سیاسی، لەسەر بنچینەی هاوتاکردن لە ناهاوسەنگی هێزدا فەراهەم دەبێت، نەک شاردنەوەی ئەو ناهاوسەنگییە بە هەندێ قسەی جوان و فرت و فێڵ، بەبێ ئەوەی هۆکارەکانی ئەو ناهاوسەنگییە بە شێوەی بنچینەیی چارەسەرکرابن!



ئەمە و پەیوەندیدار بە خاڵی شەشەم (سەرەوە)، دەمەوێ بڵێم کە ئەوەی تا ئێستا، تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم، لەو قسەو باسانەی دەربارەی بژاردەکانی گۆران وە بە تایبەتی بابەتی بەشداری لە حکومەتی داهاتو کراون، باسی مەسەلەیەکی هەرە بنچینەیی نەکراوە، ئەویش ئەوەیە کە پارتی خاوەنی لیستێکی دور و درێژە لە رەگەزەکانی "رەدع"، هەر لە پێشمەرگە، ئاسایش، پاراستن، دامودەزگاکان، درواێکی بێ ژومار، کۆنتڕۆڵی جومگە هەرە گرنگەکانی ئابوری، بە تایبەتی نەوت، و. . . هتد. بە واتایەکی دیکە پارتی جگە لە ٤٥ کورسی پەرلەمانی خاوەنی ئەم هەمو رەگەزانە (یا فاکتەرانە)ی رەدعە. بەم واتایەش هەر کاتێک پارتی شتەکانی بە دڵ نەبو بە ئاسانی، بەبێ گوێدانە یاسا و رێساکان، ئەم رەگەزانە بەکار دەبات و کارنامەکانیش دەخاتە ناو "تەنەکەی زبڵەوە". . . لە بەرامبەردا، پرسیاری زۆر گرنگ ئەوەیە ئایا گۆڕان جگە لە ١٢ کورسی و پشتگیری جەماوەر (لە باشترین حاڵەتدا بە قەدەر ئەم ١٢ کورسییە، نەک نیو ملیۆن دەنگەکەی پێشو)، بەرامبەر بە پارتی خاوەنی چ رەگەزێکی رەدعە؟ لەبەر ئەوە یەکجار گرنگە گۆڕان بە رادەی ئەوەی بیر لە کارنامە و پڕۆژەی "جوان" بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکاتەوە، پێویستە، تەنانەت زیاتریش، لە خەمی مەسەلەی (رەدع)دا بێت و حسێبی تایبەتی بۆ بکات.



هەر نەبێ سێ دانە رەگەزی رەدع هەن، ئەگەر چی رەگەزی زۆر بەهێزیش نین، کە گۆڕان دەتوانێ دەستیان بۆ ببات وە هەر لە سەرەتاوە پارتی لە ئەگەری بەکاربردنی ئەم رەدعانە ئاگادار بکاتەوە کە گۆران بە مافی خۆی دەزانێ لە کاتی پێویستدا دەستیان بۆ ببات  و بەکاریان بهێنێ: ١) لە ناو کارنامەی حکومەت بە وردی و بە رونی خشتەی زەمەنی بۆ هەر چاکسازیێک و هەر پلان و پڕۆژەیەک دابنرێ وە لە کاتی بەزاندی هەر بەشێک لەم خشتە زەمەنییە، بە تایبەتی لە سەرەتادا، ئەو بەزاندنە دەبێتە هۆی کۆتایی پابەندبونی گۆڕان بە حکومەتەوە و بەم پێیەش حکومەت هەڵدەوەشێتەوە. . . لەم حاڵەتەشدا پارتی بەرپرسە لە دەرەنجامەکان؛ ٢) گۆڕان دەستی واڵا بێ لە بڕیاری مانەوە یا کشانەوە لە حکومەت، هەڵبەتە لەسەر بنچینەی هەندێ هۆکاری کشانەوە کە سەلماندنی گرنگی و راستییان حاشاهەڵنەگر بێت، هەڵبەتە دیسان ئەم دەست لە حکومەت کێشانەوەیە ببیتە هۆی هەڵوەشانەوەی حکومەت؛ ٣) گۆڕان مافی ئەوەی هەبێت کە، هەر کاتێک وە لە هەر جێگایەک، بە موناسیبی زانی پشتگیری لە چاڵاکییەکانی شەقام و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بکات، تەنانەت راشکاوانە پێشەنگایەتی جوڵەی شەقامیش بکات.



بە واتایەکی دیکە، ناڵێم گۆڕان بە ١٢ کورسی پەرلەمانی هیچی پێ ناکرێ، بەڵام ئەگەرێکی زۆر بەهێز ئەوەیە کە بزاڤی گۆڕان بەبێ رەدع لە ناو حکومەتدا دەبێ بە بارمتە و ئەسیری دەستی پارتی و دەکەوێتە ژێر "رەحمەتی" هەڵویست و خواستەکانی ئەم حزبە.

بە کورتی و بە چڕی، پارتی کە خاوەن ٤٥ کورسیە و بەم هەمو رەگەزەی رەدعەوە، لە بەرامبەریشدا هێزێکی سیاسی بە ١٢ کورسییەوە و بەبێ هیچ رەگەزێکی رەدع، ئەوپەڕی ناهاوسەنگی سیاسییە و حاڵەتەکەش مینێکی گەورە دەبێ لە ژێر پای گۆڕان و حکومەتی داهاتودا. . .  



بزاڤی گۆڕان لەنێوان کەوتن و هەڵسانەوە
سەرەتا هەر هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو بارودۆخەی کە ئێستا بزاڤی گۆرانی تیا گوزەر دەکات نابێ پێ لە ٣٠/٩ (هەڵبژاردنەکانی کوردستان) یا ١٢/٥ (هەڵبژاردنەکانی عێراق) هەڵگرێ. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبێ ئەوەندە بچێتە دواوە تا دەگاتە سەرەتاکانی دروستبونی ئەم بزاڤە، هەر نەبێ لە سێ ئاستدا: ١) جیهانبینی بزاڤەکە؛ ٢) کەرەسەی کۆمەڵایەتی بزاڤەکە؛ ٣) کورتهێنان لە بوارێکی زۆر گرنگدا ئەویش نەبونی (هەڵبەتە هەر لە سەرەتاوە) ژورێک (پەیمانگایەک)ی تایبەت بە پەروەردەی فیکریی لە ناو بزاڤەکەدا؛ واتە پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی کەرەسە کۆمەڵایەتییەکەی بزاڤەکە لە سەر بنچینەی بیرێکی "موتەکامیل"، کە یەکێک لە رەگەزە هەرە گرنگەکانیشی بیرۆکەی "گۆڕان وەک پڕۆژەی نوێبونەوەی کوردایەتی و گوتارە سیاسییەکەشی وەک پەرەسترۆکای کوردستانی مەزن و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش وەک ماڵی هەموان نەک ماڵی بنەماڵەیەک و تاکە سەرۆک و سەرکردەیەک بێت". . .



لەم چەند خاڵەدا بارودۆخی گۆڕان دەخەمە رو وە شتێکیش دەڵێم لەمەڕ چارەسەری کێشەکانی ئەم بزاڤە:
١) تا دێت بزاڤی گۆڕان بچوک دەبێتەوە، وە یەکێک لە هۆکارە (یا تۆ بڵێ دەرەنجامێکی) هەرە گرنگی ئەم بچوکبونەوەیە مەترسیدارە لۆکاڵیبونیەتی. . . گۆڕان چی دیکە ناتوانێ لە سلێمانییەوە بڵێ "هەولێر هی هەموانە، نەک هی تاکە حزبێک". . . وەک بازنەیەکیش لەو هەنگاوانەی کە گۆڕان لە رێگەیەوە دەتوانێ هەڵسێتەوە ئەوەیە کە مەکۆی سەرەکی گۆڕان بباتە هەولێر، ئەوجا لە هەولیرەوە بڵێ "هەولێر هی هەموانە"! هاتنە خوارەوە لە گردەکە و گواستنەوەی بنکەی سەرەکی گۆڕان بۆ هەولێر جگە لەوەی کە باوەڕ بە خۆبون دەبەخشێتە لایەنگرانی ئەم بزاڤە لە پارێزگای هەولێر دەڤەری بادینان، دەبێتە هۆی بەخشینی متمانەیەکی زۆر بە بزاڤی گۆڕان لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە، بە تایبەتی جەماوەری دەڤەری بادینان و پارێزگای هەولێر. . . گۆڕان دەکرێ بەم "دەرچون و هاتنەخوارەوەیە" خۆی لە "گرێی ململانێی" یەکێتی و هەندێک "کۆت و بەند" و. . . هتد، رزگار بکات؛


٢) چاوخشاندنەوەیەکی قوڵ و سەرتانسەری بە شێوازی رێکخستن و مەسەلەی ئاراستەکردنی فیکری کەرەسەی کۆمەڵایەتی بزاڤی گۆڕان: هەر وەک وترا، هەر لە سەرەتاوە گۆڕان پێویستی بە دامەزرادنی ژورێک (پەیمانگەیەک)ی بیر هەبو، کە تیایدا هەڵسوڕاو و چاڵاکوانانی بزاڤەکە، بە تایبەتی نەوە نوێکەی، لەسەر بنچینە فکرییەکانی بزاڤەکە پەروەردە و ئامادە بکرێن. . . نابێ و ناکرێ ئەم بوارە هەرە گرنگ و هەستیارە "بدرێتە دەست قەدەر"، کە کەم یا زۆر ئەمە تا ئێستا حاڵەتەکە بوە. . . تۆ خاوەنی میدیایەکی چەندە چاڵاک و کارامەش بیت، ئەم میدیایە جێگای ژورێک یا پەیمانگەیەکی لەو جۆرە ناگرێتەوە؛ 


٣)پێویستە سەرکردایەتی گۆڕان بوێرانە تر بە ئیرادەتر رەخنە لە خۆیان بگرن وە کراوە بن بەرامبەر بە چاکسازی ریشەیی لە ناو بزاڤی گۆڕاندا. . . نە پاشەکشەی گۆڕان لە ١٢/٥ وە نەش لە ٣٠/٩ تەنها و تەنها بەند بون بە دزی و گزی لە هەڵبژاردندا. . . هەڵواسینی شکستیش لە هەردو حاڵەتدا بە فرت و فێڵ لە هەڵبژاردنەدا هەڵەیەکی گەورەیە/بو؛
٤)زۆر گرنگە بزاڤی گۆڕان مەسەلەی چاکسازی لە خۆیدا لە لایەک وە هەڵوێستە لە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت (بە بەشداریکردن یا پێچەوانەکەی) لە لایەکی دیکەوە بە یەکەوە ببەستێتەوە: هەر یەکێکیان کاریگەری لەسەر ئەوەی تریان دەبێ و هەیە، جا بە باش یا بە خەراب. بە واتایەکی دیکە لەیەکتر جیاکردنەوەیان هەڵەیە و تەنانەت کاریسەشە!
٥) بۆ ئەوەی بزاڤی گۆڕان دواڕۆژی هەبێت نابێت دەرفەت بدرێ کە ئەم بزاڤە پاشەکشێ بکاو ببیتە "حزبێکی کلاسیکی"، بەڵکو وەک هێزێکی سیاسی جیاواز (بە زۆرێک لە جیهانبینی، پرەنسیپ و ئاکارەکانی) بمێنێتەوە.



هەندێ پرسی دیکە و دەرەنجام
هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨ جارێکی دیکە نەخشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزی لە باشوری کوردستان گۆڕی. تا ئێستا هەڵبژاردنەکان، لە (١٩٩٢)ەوە سێ قۆناغی بڕیوە، یەکەمیان ٥٠ بە ٥٠ و دوەمیان تێکشکانی ئەم بنەمایە و دەرکەوتنی سێگۆشەی هێز (پارتی، یەکێتی و گۆڕان)، بەڵام لە سێیەمیاندا، کە دەرهاوێشتەی هەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩ بو، بە شێوەیەکی بەرچاو و نیگەرانئامێز پارتی هەڵکشاو گۆڕان زۆر چوە دواوە و یەکێتیش چوە پێگەیەکەوە کە چیتر بە تەنیا ناتوانێ هاوتای پارتی بێت.
لە لایەکی دیکەوە، دەرهاوێشتەی ئەو "دەستشکانەوەیەی" کە لە نێوان پارتی و یەکێتی لە بەغدا لە پرسی سەرۆک کۆماریدا رویدا بە شێوەیەکی بەرچاو هاوسەنگی هێزی لە نێوان یەکێتی و پارتی گۆڕی، بە شێوەیەک کە یەکێتی لە بەغدا وا دەرکەوت کە وەک ئەوەی خۆی هێزی یەکەم بێت و پارتیش هێزی دوەم! بە واتایەکی دیکە، ئەم روداوە جارێکی تر پارتی، وە بە بەرچاوی هەمو هێزە عیراقی و ئیقلیمی و جیهانییەکانەوە، کرد بە کەمایەتی، یا راستتر بڵێین پاڵیدایە پێگەی کەمایەتی و بوە هۆی "عەیبەیەکی" گەورەش بۆ خودی مەسعود بارزانی: چونکە فوئاد حوسێن بە رادەی یەکەم کاندیدی بارزانی بو بەر لەوەی کاندیدی پارتی بێت. ئەگەر فوئاد حوسێن تەنها کاندیدی پارتی بوایە کاریگەرییەکانی لەسەر کەسی یەکەمی پارتی (مەسعود بارزانی) وە حزبەکە بە گشتی بەم رادەیە نەدەبو. بە دیدی پارتی، ئەم حاڵەتەی بە کەمایەتی بونە هەرگیز لە روی سیاسییەوە نە هەرس دەکرێ وە نەش قەبوڵکراوە بۆ پارتی. کڕۆکی کێشەکە لەوەدایە کە دەستشکانەوەکەی بەغدا یەکێتی نیشتمانی بردە پێگەیەکەوە کە بۆ پارتی قەبوڵکراو نیە، وە بۆ راستکردنەوەی وێنە شێواوەکەی هێز و پێگەی پارتیش، ئەو حیزبە پێویستی بە شۆکێک هەیە کە لە بەرامبەر یەکێتی بەکاری ببات، لە جۆری ئەو شۆکەی کە پارتی لە ١٢ی ئۆکتۆبەر، بۆ راستکردنەوەی وێنەی خۆی لای ئەندام و لایەنگرانی و وە لە چاوی هێزەکانی دەرەوەی پارتیدا، لە گۆڕانی دا.٧


هەڵبەتە دەرهاوێشتەیەکی هەرە گرنگی ئەو دەستشکانەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی لە بەغدا ئەوە بو کە جارێکی تر متمانە لە نێوان ئەم دو هێزە (واتە یەکێتی و پارتی) سفر بویەوە و ئەمەش بوەتە هۆیەکی زۆر گرنگ بۆ ئاڵۆزبونی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بە شیوەیەک کە، ئەگەر هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی یارمەتیدەری پارتی نەبن لە پێکهێنانی حکومەت، دەکرێ درەستبونی حکومەت نەک هەر دوا بکەوێ بەڵکو ئەسلەن پێکهێنانیشی ئەستەم بێت.



لە بەرامبەردا هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە قەبوڵ نەکەن ببن بە ئامرازی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی یا کێشەکانی پارتی. جگە لەمەش، دەکرێ ئەم حاڵەتە ببێ بە هۆکار و فاکتەرێک بۆ بەهێزبونی پێگەو بڕیار هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، وە بە تایبەتی لە پرسی پێکهێنانی حکومەتدا. لە مەسەلەی هۆکار و فاکتەری کاتیش، لەوە دەچێ کە پارتی، بە پێچەوانەی جارانی پێشو، لە هەمو لایەک بە پەلەترە بۆ پێکهێنانی حکومەت. . . 



بەرەوڕوبونەوەی ئەم حاڵەتە ئەوە دەخوازێ کە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بکەن، بە واتای ئەوەی دیالۆگی نێوان ئەم هێزانە لەمەڕ پێکهێنانی حکومەت یەکجار گرنگە. بۆ ئەمەش گرنگە نەوەی نوێ وەک هێزێکی نوێی سەر مەیدانی سیاسی باشوری کوردستان مێتودی کاری سیاسی خۆی بگۆڕێ، بە تایبەتی لە بارەی شێوازی موخاتەبەکردنی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (لە موزایەدەوە بیباتە ئاستی دیالۆگی داهێنەر و بەرهەمهێنەر)، وە لە بەرامبەریشدا پێویست دەکات ئەم هێزانەش بە رێزێکی زیاتر و شایستەییەوە مامەڵە لەگەڵ نەوەی نوێدا بکەن. لەگەڵ بونی تێبینیش لەسەر شێواز و مێتودی کارکردنی نەوەی نوێ، ئەم هێزە نوێیە خاوەنی جەماوەرێکی دڵسۆز و بوێرە و پێویستە لەسەر ئەم هێزانە رێز لەم جەماوەرە دڵسۆزە بگرن. ئەم گۆڕانکارییە لە هەردو دیوی هاوکێشەدا دەکرێ کاری هاوبەش لە نێوان نەوەی نوێ لە لایەک وە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی ئاسانتر بکات!



دەرەنجام، پێویستە نەوەی نوێ بە شێوازێکی نوێ بکەوێتە سەر نەخشەی سیاسی، ئەمەش پێویستی بە دوانەیەک لە دەستپێشخەری هەیە: یەکێکیان لە لایەن خودی نەوەی نوێوە، ئەوەی تریشیان لە لایەن هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتییەوە.
دەمێکە دوانەی هەڵوێستە لە دەسەڵاتی سیاسی لە لایەک وە چاکسازی ناوخۆیی بوەتە راستیێکی حاشاهەڵنەگر بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. پەیوەندییەکە لە نێوان ئەم دو بەشەی دوانەکەدا ئۆرگانیکییە؛ بە واتایەکی دیکە جیاکاری لە نێوانیاندا بە زیانی گۆڕان خۆی تەواو دەبێ. هەر بۆ نمونە بێزاری و دورکەوتنەوەی بەشێک لە دەنگدەرانی گۆڕان لە دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ١٢/٥ و ٣٠/٩ دەربڕی دو شت بو نەک تەنها یەک: یەکێکیان مەسەلەی چاکسازی ناوخۆیی بزوتنەوەکە و ئەوەی تریشیان ئەدای سیاسی ئەم بزوتنەوەیەیە رو لە پرسی دەسەڵاتی سیاسی و مەسەلە نەتەوەییەکان، گرنگترینیشیان پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی!



بۆ خوێندنەوەی ئەم وتارە بە شێوازی پی دی ئێف، تکایە ئەم پەیوەندییە ببینە:
http://burhanyassin.com/Dwacar%20helbijardin%20kira%2012.2018.pdf     
------------------------
* ناوەڕۆکی چڕکراوەی ئەم وتارە لە سەرەتادا کڕۆکی نامەیەکی تایبەت بو کە بە مەبەستێکی دیاریکراو نوسراوە.
(١) بورهان أ. یاسین، "هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و دوڕیانێکی چارەنوسساز تونێلێکی تاریکتر یا تروسکایێکی هیوابەخش، ١٨/٩/٢٠١٨" 
http://burhanyassin.com/Dwacar%20helbijardin%20kira%202%2012.2018.pdf
(٢) دوایین نمونە لە بارمتەگرتنی قەزیەی کورد و چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار شێوازی هەڵسوکەوتی پارتی و مەسعود بارزانی بو لە تەک مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆی کە لە ئاکامدا بە کاریسەیەکی مێژوقیی لێ کەوتەوە. . .
(٣) چەمکی شۆک تێڕاپی لە بواری سیاسەت و ئابوری، بە تایبەتی لەوەی دواییاندا، زۆر بەکار دەبرێ. دەکرێ شۆک تێڕاپی بە لێدانی تەزوی کارەبا لە ناساغ، لە بواری چارەسەری دەرونیدا، بکرێ.
(٤) هەر لەم پەیوەستەدا، بە پێی هەواڵێک کە هەر دوێنێ ٢٧/١٢/٢٠١٨ بڵاوکرایەوە، بەڵام لە لایەن پارتییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پۆستەکەی دور خراوەتەوە. http://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=67624&Jor=1
(٥) بەر لە نۆ ساڵ لە بابەتێکمدا باسی سیناریۆ و ئەگەری ئەوە دەکەم کە ئایا چی رو دەدات ئەگەر نێچیرڤان بارزانی پێگەی سەرۆک وەزیران لە دەست بدات. لەو بابەتەدا رێک ئەوها دەنوسم: "مەسەلەیەک کە کەمتر قسەی لەسەر کراوە، کەچی گرنگیەکی تایبەتی وەردەگرێ، داهاتوی سیاسی‌ نێچیرڤان بارزانیە، كە لە ماوەی‌ ساڵانی‌ رابردودا بوە بە خاوەن پێگەیەکی بەهێز لە ناو دەسەڵاتدا. پرسی‌ هەرە گرنگ دەربارەی‌ دوارۆژی نێچیرڤان ئەوەیە ئایا چ رۆڵێکی پێدەدرێ یا ئەو خۆی چ رۆڵێک بۆ خۆی موناسیب دەبینێ. ئەم پرسیارە گرنگنگیەکی تایبەتی وەردەگرێ کاتێک دەزانین جێگەی ئەو کەسایەتییە لەسەر کەم کورسی (حزبی‌ و ئیداری‌) دەبێتەوە، ئەوە ئەگەر جێگەی لەسەر كورسیەكی‌ تر جگە لە هی‌ سەرۆک وەزیرانی کوردستان ببێتە. بە مانایەكی‌ تر زۆر كەم كورسی‌ هەن، ئەوە ئەگەر ئەسلەن هەبن، كە جێگەی نێچیرڤان بارزانی‌ لەسەر ببێتەوە. بەو مانایەش داتاشینی‌ كورسیەك بۆی‌، وەك بۆ نمونە كورسی‌ سەرۆكایەتی‌ پارتی‌، ئاسان نیە. بە بۆچونی‌ خۆم داتاشینێكی‌ لەم جۆرە نە بۆ پارتی‌ ئاسانە وە نە بۆ مەسعود بارزانی‌ وە نە ئەو كارەش ئاسانە لە چوارچێوەی‌ پەیوەندییەكانی‌ پارتی‌ و یەكێتیدا. لە لایەكی‌ ترەوە وەرگرتنەوەی‌ پۆستی‌ سەرۆك وەزیران لە نێچیرڤان كاریگەری‌ دەبێت لەسەر پەیوەندیەكانی‌ سێكوچكەی‌ دەسەڵاتی‌ ناو خودی‌ پارتی‌ (مەسعود بارزانی‌، مەسرور بارزانی‌ و نێچیرڤان بارزانی‌)". بڕوانە بورهان أ. یاسین، "باشوری‌ كوردستان دوای‌ 25/7/2009: ئەڕزهەژی سیاسی و ئەگەرەكان بەڕوی‌ داهاتودا". لە ١٥/١٠/٢٠٠٩ لە پێگەی تاکەکەسی (بورهان یاسین)دا بڵاوبۆتەوە: 
http://burhanyassin.com/Helbijardinekan-dr.%20Burhan%20Yassin.pdf
لاپەڕە ١٤-١٥. ئەم بابەتە بۆ جاری دوەم لە کتێبی (لە قوڵایی سیاسەتدا)ی نوسەر (لاپەڕە ١٥٥-٢٠٣) بڵاوبۆتەوە.
(٦) وشەیەکی پڕ بە پێستم بۆ چەمکی (ردع)ی عەرەبی (واتە deterrence) نەدۆزیەوە، لەبەر ئەوەش دوای بە کورداندن، وشەی (رەدع)م بەکار هێنا.
(٧)یەکێک لەو شۆکانە، یا تۆ بڵێ شۆک بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە یەکێتی، کە پارتی، بە پێی هەندێک هەواڵ، بیری لێکردۆتەوە زۆرهێنان بێت بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح دەست لەکار بکێشێتەوە!


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×