زینوی وەرتێ وەک خاڵێکی تازە بۆ جەنگ

مه‌ریوان وریا قانع
  2020-04-17     1489

بە بۆنەی بەمیلیتاریزەکردنی ناوچەی ”زینوی وەرتێ“ ەوە، وەک شوێنێک کە حیزب بە موڵکی تایبەتی خۆی دەزانێت، من لێرەدا جارێکی تر ئەم نووسینە دەخەمەوە بەرد دیدی خوێنەران کە زیاد لە ١٥ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاومکردەوە و تیایدا باس لەو مەرجانە دەکەم کە نیشتیمانێک دەکەن بە نیشتیمان. ئەوەی لە زینوی وەرتێ ڕوودەدات نیشانەیەکی سادەی غیابی تەواوەتی چەمکی نیشتیمانە لە دونیای ئێمەدا.


نیشتیمان...کام نیشتیمان؟
لە سەردەمی ماکیافیلییەوە، واتە لە سەدەی پازدەھەم و شانزەھەمەوە، نیشتیمان بۆتە یەکێک لە بەھا ئینسانی و سیاسییە گرنگەکان. ماکیافیلی نیشتیمان وەک گەورەترین و ڕەھاترین بەھا دەبینێت و وەک ژێرخانی ھەموو بەھا ئەخلاقیی و ئینسانییەکانی دیکە مامەڵەیدەکات. ئەم تێڕوانینە بۆ نیشتیمان وا لە ماکیافیلی دەکات سەلامەتی نیشتیمان پێش ھەموو شتەکانی تر بخات و سەرجەمی بەھاکان بکاتە پاشبەندی دەستەبەرکردنی سەلامەتی نیشتیمان. ماکیافیلی بە نیشتیمان کەرامەتێکی تایبەت دەبەخشێت و پاراستنی ئەم کەرامەتەش لەپێش پاراستنی ھەمووشتێکی دیکەوە دادەنێت. بەڵام ئەم نرخە گەورەیەی نیشتیمان لای ئەم فەیلەسوفە سیاسییە لەخۆیەوە نایەت، واتە شتێکی خۆبەخۆ و خۆڕسک نییە. ئەوەی لای ماکیافیلی بە نیشتیمان ئەم نرخە گەورەیە دەبەخشێت، ئازادییە. نیشتیمان لای ماکیافیلی کاتێک دەبێت بە نیشتیمان، كاتێک دەبێت بە بەھایەک لە بەھاکانی دیکە گرنگتر، کە بتوانێت ئازادیی دەستەبەربکات و بیپارێزێت، بەجۆرێک بەرگریکردن لە نیشتیمان یەکسانبێت بە بەرگریکردن لە ئازادیی.
جگە لە پێشمەرجی ئازادیی، ماکیافیلی باس لە بوونی کۆمەڵێک پێشمەرجی تریش دەکات بۆئەوەی بە نیشتیمانێک بڵێین نیشتیمان. لە کتێبی ”گوتارەکاندا“ ماکیافیلی باس لە گرنگی بوونی سەرکردەی ڕاستەقینە دەکات، ئەوانەی کە نیشتیمان ڕێکدەخەن و بەڕێوەدەبەن. لێرەدا ماکیافیلی ھێرشدەباتە سەر ئەو جۆرە سەرکردانەی قسەکانیان پێچەوانەی کردەوەکانییانە و وەک کەسێکیش دەیانناسێنێت کە مانا ڕاستەقینەکانی نیشتیمان دەشێوێنن. لە بەرامبەر ئەم جۆرە سەرکردەیەدا ماکیافیلی باس لە سەرکردەیەکەی لێزان و حەکیم دەکات، ”کەسێک بەر لەوەی سەرگەرمی قازانجە تایبەتییەکانی خۆی بێت، لەخەمی قازانجی گشتیدایە و بەرلەوەی خەریکی قازانجی بنەماڵەکەی بێت خەریکی قازانجی نیشتیمانە“. ھەر لەم ڕەوتەدا ماکیافیلی بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە باس لە سەردەمەکەی خۆی دەکات و دەڵێت ”خۆشەویستیی نیشتیمان واملێدەکات ڕق و بێزم لە ئەخلاقی ئەوانە ببێتەوە کە حوکمی ئەم نیشتیمانە ئەکەن“. کە باس لە مەنفا و بەجێھێشتنی نیشتیمانیش دەکات دەڵێت ”ئەو ڕێزەی نیشتیمانێکی ئازاد ئەیدات بە من، نیشتێمانێکی کۆیلەکراو نامداتێ“. مەبەستی ماکیافیلی لە ”نیشتیمانی کۆیلەکراو“ تەنھا نیشتیمانێکی داگیرکراو نییە لەلایەن ھێزێکی دەرەکییەوە، بەڵکو مەبەستی لەو نیشتیمانەشە کە حاکمە خراپە خۆماڵییەکانی کردویانە بە کۆیلە. بە کورتیی، لای ماکیافیلی خۆشەویستی نیشتیمان زۆر بە توندی بە خۆشەویستی بۆ ئازادییەوە بەستراوەتەوە. دوای ئەوەش بەستراوەتەوە بە شێوازی ڕێکخستنی ئەو نیشتیمانەوە، واتە بە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و بەو دەزگایانەوە کە ژیانی ئینسان لەو نیشتیماندا ڕێکدەخەن. ھاوکات بەستراویشەتەوە بە بوونی ئەخلاقی ڕاستەقینەی حوکمکردنەوە. بەرگریکردن لە نیشتیمان لای ماکیافیلی بەرگریکردنە لەو شتانە و خۆشویستنیشی خۆشویستنی ئەو شتانەیە تیایدا. ئەمەش مانای ئەوەی لە کوێدا نیشتیمان ئەو شتانەی تێدانەبوو، واتە لە کوێدا ئازادیی ڕاستەقینەی تیانەبوو، دەزگای ڕاستەقینەی تیانەبوو، دەسەڵاتداری بە ئەخلاق و بەویژدانی تیانەبوو، لەوێدا نیشتیمان قابیلی خۆشویستن نییە.
لەدوای ماکیافیلییەوە، فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانۆیل کانت کۆنکریتر و وردتر باس لە خۆشەویستی نیشتیمان دەکات. کانت خۆشەویستی نیشتیمان وەک بەھایەکی میتافیزکیی نابینێت، بەڵکو گرێیئەداتەوە بە مەرجی بوون و ئامادەگی ”دەستورێکی ئازاد“ەوە، دەستورێک کە ئینسانەکان لە حوکمی ”دەسەڵاتی پاتریارکی“ ڕزگاربکات و ”دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی“ دروستبکات. لە دیدی کانتدا حکومەتی پاتریارکی، یان حکومەتی باوکسالارانە، حکومەتێکی ستەمگەرە. ئەم ستەمگەرییەش دیسانەوە پەیوەندیی بە ئازادییەوە ھەیە، چونکە حکومەتی پاتریارکی ئازادیی زەوتدەکات. دەسەڵاتی پاتریارکی دەسەڵاتێکە خەڵک وەک مناڵێکی بچووکی کەم ماف و بێتوانا و ناکامڵ وێنا و مامەڵەدەکات. بۆیە دەسەڵاتداران لەباتی گەڕانەوە بۆ خەڵک، خۆیان ھەموو بڕیارەکان دەرئەکەن. دەسەڵاتی پاتریاریکی کەس لە نیشتیماندا لە خۆی بە پڕفامتر و عاقڵتر و لێزانتر نازانێت. خۆی وەک تاقە حەکیم و خەڵک وەک نەزان و بێعەقڵ مامەڵەدەکات. بۆیە لە دیدی ئیمانۆێل کانت دا بوونی دەستورێکی ئازاد کە تیایدا ماف و ئەرکەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەستنیشانکرابێت، مەرجی سەرەکیی دروستبوونی نیشتیمانێکی ڕاستەقینەیە. ئەمەش بەبێ گواستنەوە لە ”دەسەڵاتی پاتریارکییەوە“ بۆ ”دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی“ کاری نەکردەیە.
لە کتێبی ”مانیڤێستی کۆمۆنیست“یش دا کارل مارکس ماناکانی نیشتیمان بە شێوەیەک ڕێژەیی دەکات و بە شێوەیەک دەیبەستێتەوە بە ئامادەگیی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بنەڕەتییەوە، بەو دەرەنجامە دەگات کە ”کرێکاران نیشتیمانیان نییە“. مەبەستی مارکس لە بێنیشتیمانبوونی کرێکاران ھۆشیارکردنەوەی کرێکارانە لەو مانا درۆزنانەی کە دەکرێت بە نیشتیمان ببەخشرێت. لە دیدی مارکسدا ئەو نیشتیمانانەی کرێکارانی تێدادەژین، نیشتیمانی ڕاستەقینەی ئەوان نییە، بەڵکو سەرزەمینی ئەو ھێزە باڵادەستانەیە کە ئینسانەکانی تێدا دەچەوسێننەوە و ھەژاریاندەخەن و نامۆیان دەکەن. نامۆکردنیان چ لە خۆیان وەک بوونەوەری ئینسانیی و چ لەو دونیایەش تیایدا دەژین وەک شوێنی پیادەکردنی جەوھەری ڕاستەقینەی خۆیان. لای مارکس نیشتیمان بۆئەوەی ببێت بە نیشتیمان پێویستی بە لابردنی تەواوەتی ھەژاریی و چەوساندنەوە و نامۆبوون ھەیە.
خاڵی ھاوبەش لە دیدی ئەم سێ فەیلەسوفە جیاوازەدا ئەوەیە نیشتیمان پێدراوێکی بێمەرج نییە، پارچەیەک زەوی نییە ئینسان بەشێوەیەکی غەریزیی و خۆبەخۆ خۆشیبوێت، شوێنێک نییە تەنھا گۆڕی باپیران و شەھیدان و ھاوڕێکانی لێبێت و ئەمانە وابکەن ئینسان بەناچاریی خۆشیبوێت. ئەوەی نیشتیمان لای ئەم فەیلەسوفانە دەکات بە نیشتیمان ڕەگە ئەتنیی و دینیی و نەتەوەییەکان نییە، بەڵکو بوونیەتی بە سەرزەمینی ئازادیی و دادپەروەریی و یەکسانیی و ڕێز. بە سەرزەمینی دەزگا و ئەخلاق و سەرکردەی ڕاستەقینە. وەک ڤیکۆ دەڵێت نیشتیمان دەبێت شوێنێک بێت کورتنەبووبێتەوە بۆ شوێنی ”قازانج و سودی کۆمڵێک خێزان و سەرکردە“.
ئەمڕۆ لە کوردستان قسەوباسێکی زۆر دەربارەی گەڕانەوەی بەشە دابڕاوەکانی نیشتیمان دەکرێت، قسە لە پێداویستی گەڕانەوەی کەرکوک و خانەقین و سنجار و زۆر شوێنی تریش دەکرێت. لەناو زمانی سەرکردەکاندا چەمکی نیشتیمان بووە بە یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکان، بووە بەو پێوەرە سەرەکییەی دۆستان و نادۆستانی کورد، ھاوڵاتی ڕاستەقینە و نیشتیمانپەروەر لە ھاوڵاتی خائین و ناھۆشیار، کوردی باش لە کوردی خراپ، جیادەکاتەوە. سیاسەتمەدارانی کورد گوتارێکی سیاسییان سەروەرکردوە تیایدا ئەوە لە خەڵکی کوردستان چاوەڕواندەکرێت، بێ ھیچ مەرجێک نیشتیمانی خۆیان خۆشبوێت. ئامادەبن لەپێناویدا ماندووببن و بجەنگن و بمرن. بێگومان ئەم چاوەڕوانییە ڕاستدەبوو گەر نیشتیمانی ئێمە لانیکەمی ئەو مەرجانەی تێدابوایە کە لەسەردەمی ماکیافیلییەوە سەرزەمینێکی دیاریکراو دەگۆڕن بۆ نیشتیمانێکی ڕاستەقینە. ئەو مەرجانەی کە پێشتر بەھایەکی ئەخلاقیی و ئینسانیی و ڕۆحیی ڕاستەقینە بە نیشتیمان دەبەخشن، ئینجا بەھایەکی سیاسیی. نیشتیمان شتێک نییە لە غەریزەوە ھاتبێت، نیشتیمان پرۆژەیەکی ئینسانیی و ئەخلاقیی و سیاسییە و دروستدەکرێت. ئەوەی لە کوردستاندا مایەی توڕەبوون و بێزارییە ئەو ڕاستییەیە کە بەشێکی گەورەی سیاسەتی کوردیی لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، ڕێگرە لەبەردەم دروستبوونی نیشتیماندا بە مانا ڕاستەقینەکانی. بۆ ئەوەی مانا سیاسییەکانی نیشتیمان نرخێکیان ھەبێت، دەبێت پێشوەخت ئەو نیشتیمانە بووبێت بە نیشتیمانێکی ڕاستەقینە، نیشتیمانێک بەو مانایەنەی باسمکردن.


ئەم نووسینە لە کتێبی ”سیاسەت و دونیا“دا بڵاوکراوەتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×