ئەمرۆش تێپەڕی...

شۆرش خالید ئاژگەیی
  2020-04-20     654
ئەمڕۆش  گەردەلوولی کۆرۆنا زۆرکەسی لە گۆشەو کەناری جیھان رووبەرووی مەرگ و خامۆشی کردەوە...

سەرۆکە ئەکتەرەکەی ئەمریکا ھەمیسان گاڵتەی بە عەقڵی زۆر کەسەوە کرد و ھەندێ کەسیشی کرد بە گژ یەکدا...

ئەمرۆش کێرڤی برواو متمانەی دۆڕاومان بە یەکتری، پلەیەکی تر بۆ خواری خوارەوە دابەزی.... 

بەیان نامەو رونکردنەوەو پەیامنامە دەرکران...

پیاوی ھەژارمان بینی لە تاوفشارە بەردەوامەکانی ژیان فرمێسکی چاوە کزەکانی لەبەردەم مایکی تەلەفزیۆن دەسری...

بازارگەلێک کرانەوەو بازارگەلێک داخران...

کەرگەلێکی سەگ کوژی سەیرانکار، سەگێکی بێ تاوان و بێ پەنایان لە شوێنێکی کوردستان  بە بەرد کوشت و لای خۆیان بە چالاکی و مەردایەتی تۆماریان کرد ...

ئەمرۆش  مێدیای کوردی بەشی سەرەکی  مانشێتەکانی تایبەت بوو بە ململانێی ماندووکەرو وێرانکەری سیاسیەوە...

لە  میحوەری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، لەلایەن لەشکری دەمرووتە مێشک پڕلە کرم و رشک و ئەسپێکانەوە  ژەھری مارو دووپشک و ژەقنەپوت  دەپڕژا و دەھۆڵی یەکپارچەیی...نا ببورن، چەند پارچەیی و ترازان  لێدەدرا و شیروتیر خەنجەر تیژ دەکران و دەستەواژەی ناشرین و جنێوو سوکایەتی و بێ رێزی کەرگەلێکی زوڕناژەنی شەری ناوەخۆ ئاڵوگۆڕ دەکران...

ئەمرۆش باسوخواسی موتەکەی موچە گەرم بوو، بەڵام گیرفانەکان لە ترسی دێوەزمەی قەیران لە دۆخی چەقبەستوویی سەرماو سۆڵەدا مانەوە...

ئەمرۆش لە پانتای ململانێ نەبڕاوەکانماندا لەسەر دەسکەوت و  لێکەوت و شان وشەوکەت ، کۆنە وشکە کایەکی رزیوی  زۆر بە باداکراو لاپەرەکانی مێژووی نووسراوو نەنووسراوی تەماویی یەکترمان ھەڵدانەوە...

ئەمرۆش حەقیقەتەکان لێڵ کران و راستیەکان شاربەدەرکران...

ئەمرۆش پروپاگندەی دۆزینەوەی دەرمان و پێکوتەی ڤایرۆس رووبەری تۆرە کۆمەڵایەتیەکان ھزرو ئەندێشەی مرۆڤی پێ گەنی کراو چەواشەکردنی  فاکتە پاکەتەکان رەواجی پێدرا...

ئەمرۆش خەیاڵی خوێنەرو بیسەر لە سواری زینی ئەسپەوە بۆ زینی وەرتێ دابەزی و تەپوتۆزی خەستی نەنیشتەوە و دەنگوباس و ھزرەکانی زیاتر بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد...

رەنگی ئەمرۆشمان ھەروەک رەنگی دوێنێ بوو...ژینگەوژیانمان بۆن و بەرامەی نەگۆڕابوو...خۆر ھێشتا لە شوێن خۆی چەقیبوو...زەوی بە دەور خۆی ئەخولایەوە و  ئێمەی مرۆڤیش بە گشتی و کوردی بەشمەینەتیش بە تایبەتی،  گیرۆدەی سبەی و داھاتووی دیار ونادیارمان بە کۆڵێک خەم و خەیاڵ و نیگەرانیەوە،  لە چاوەروانی رووداوەکاندا ماینەوە...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×