لەپاداشتی ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا رۆژنامەنوسان لەیادمەکەن

د.نەزاکەت حسین
  2020-04-21     586
گەرچی ھەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ئەرکی ھەموولایەک بوو، تەنانەت تاک و ھاوڵاتیەکیش ئەگەر بە مانەوەی لە ماڵەوە و پابەندبوون بە ڕێنمایە  تەندروستیەکان بووبێت رۆڵی خۆی ھەبوە و شایەنی سوپاس و ستایشە، بەڵام ئەوەی زیاتر ڕوبەڕوی راستەوخۆی گێڕا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنیەکان و رۆژنامەنوسان بوون. 

ئەگەر رۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندن نەبونایە ئێمە ھەمووان لەماڵەکان نەماندەزانی چی لەدەرەوە دەگوزەرێت و زانیاری لەسەر پەتای کۆرۆنا چیە و مەترسییەکە گەیشتووەتە کوێ و ھیچ کام لە لێدوان  و چالاکی و کۆنگرە رۆژنامەوانی و سەردانی بەرپرسان بۆ شوێنەکان نەدەگوازرایەوە بۆ وەرگرەکان. 

ڕاستە ئەمانە ھەریەکەیان کارمەند و میدیاکاری دەزگایەکی راگەیاندنن و  رۆژنامەنوسی  فریلانسیشی تێدابوو، جگە لە چەند کەناڵێک نەبێت بەشی زۆری ئەم رۆژنامەنوسانە بە چەند مانگ جارێک موچە وەردەگرن و ھەشیانە موچەکەی ھێندە کەمە لە ئاست ھیلاکبوونی کارەکانی رۆژانی ئاسایشی نیە چ جای لەکاتی ئەم قەیرانە تەندروستیە کە ڕوبەڕوبوونەوەی ژیان بوو لەگەڵ مەرگ و مەترسی توشبونیان لە ھەرکەسی تر زیاتر بوو بۆ توشبوون بە پەتاکە، بەھۆی ئەو بەرکەوتانەی رۆژانە ھەیان بوو لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانی و سەردانی نەخۆشخانەکان و ژیان لە شەقامەکاندا بۆ دەست کەوتنی زانیاری و ڕوماڵ. 

جگە لەوەش کارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنیەکان گەرچی لەم کاتەدا رۆڵە بەرزەکەیان بێ وێنەبوو، بەڵام جگە لەوەی رۆژانە بە ئامادەکردنی خۆراک بۆیان و دابینکردنی جل و بەرگی پێویستی خۆپارێزی بەسەر دەکرانەوە و  خزمەت دەکران.

رۆژنامەنوسەکان کەمتر ئامراز و کەلوپەلی خۆپارێزیان ھەبوو یان خۆیان لە توانایاندا نەبوو کە دابینی بکەن یان باری دارایی  دەزگاکانیان نەیان دەتوانی بۆیان دابین بکەن، جگە لەوەی کە روبەروی رێگری و پێشیلکاری جۆراجۆر دەبونەوە لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان و دام و دەزگا حکومیەکان،  کە ڕاپۆرتی لەبەردەستی پێشێلکاری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان کە بریارە لە کۆتایی مانگی ٦ ئەمساڵدا بڵاویبکاتەوە، شاھیدی ئەوە دەدات کەچەند پێشێلکاری لەماوەی پەتای کۆرۆنا بەرامبەر رۆژنامەنوسان کراوە لە دەستگیرکردنەوە بیگرە تا رێگری و ڕێگە پێنەدان بە ڕووماڵ. 

بەشێکی بەھۆی بریارەکانی قەدەغەی ھاتوچۆ کەچەندین بریار دەردەچوو رۆژانە ھەموو جار دەبوو مۆڵەتی رێگەپێدانی رۆژنامەنوس تازەبکرایەتەوە. گەرچی لە گشتدا ماف ھەبوو بۆ رۆژنامەنوس بۆ ھاتوچۆ، بەڵام لێکتێنەگەیشتن و نە گشتاندنی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتە خۆجێیەکان بەردەوام نەگەیاندنی بەدەست ھێزە ئەمنیەکان رۆژنامەنوسی سەرباری سەختی بارودۆخ و مەترسی پەتاکە توشی زەحمەت کرد. 

بۆیە گرنگە وەک دەبیستین و دەبینین  لێرەولەوێ کە خەریکە مەترسی پەتاکە بە جێمان دەھێڵێت و رێگاوبان دەکرێتەوە خەڵات و سوپاسنامە و موکافەئە و ھەندێک بەڵێن دەدرێتە ئەو لایەن و کەسانەی لە ھەڵمەتی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بەشداربوون، بەڵام نابینین باسی رۆژنامەنوس بکرێت، بۆیە پێویستە بۆ نرخاندنی ئەو ھەوڵ و ماندوبونەیان چ لە ئاستی حکومەتی مەرکەزی و چ لەسەر ئاستی حکومەتە خۆجێیەکان و تەنانەت دەزگاکانی خۆشیان بەشداریان بکەن لەھەر پاداشتێک کە بۆ ڕوبەروبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەدرێت، تاکو بە ھەمووان بە رۆحی تیم و نیشتمانی لە خەمی ھاوڵاتیان بین لە ھەر قەیرانێکی تردا.  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×