پەیڤێک بۆ هاوبیرێکی نەتەوەیی: چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

کامەران قازی
  2020-04-22     370
لەمێژە دەمویست سەبارەت بەو پۆستانەی لەسەر ئایین، بڵاویان دەکەیتەوە بۆت بنووسم، سەرەتا دەمەوێت ڕای (کاک حەکیم کاکە وەیس) *ت بۆ بنووسم: من لەو ماوەیەدا کە بەداخەوە زۆر ناساغ بوو، ڕۆژانە لەلای بووم و لەم مانگانەی کۆتایدا بەر لە ڕۆشتنەوەی بۆ کوردستان ئیتر شەوانەش لای دەماوەوە، نزیک بە حەوت مانگێک بیست و چوار سەعات لای بووم، قسە و باسی ئێمە هەمیشە سەبارەت بەوە بوو کە چی بکەین؟! چۆن لە ڕابوورد و دەرس و عیبرەت وەربگرین؟! ئەو داخی ئەوەی دەخوارد کە لەش بەبار و ناساغە و ئەو توانایەی جارانی نەماوە، بەڵام بەردەوامیش زۆر بە ئاگاداریەوە وردەکارییەکانی (کوردەواریی) شی دەکردنەوە.

ئێمە زۆر قسە و باسمان سەبارەت بە  بیری کوردەواریی و تەنانەت هاوبیرانی نەتەوەیی دەکرد، بە مەبەستی گەڵالە بوونی رێوشوێنی دروست بۆ تەکان دان و بزوتنی زەینەکان. دەبێ ئەوە بڵێم: کە پۆستەکانی تۆ ڕای بەڕیزتانە و ڕای تۆش بەڕێزە و لەبەرچاو دەگیرێت، یەک: لەبەر ئەوەی کە ئەندامێکی دیار و چالاکی نەتەوەی کوردیت و دوو: چونکە هەر لە بواری بڵاوکردنەوە و کۆکردنەوە و ئەرشیف و خەمخۆری مەسەلەکەشدا، چالاک و لەبەر چاویت.
بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ، باری لاری کوردەواریی ڕاست بکەنەوە و دیسان خەڵکانێک بەتایبەت گەنجان، بە کوردەواریی گۆش بکەنەوە، کاریان فرە زەحمەت و بە تالوکەیە، ئەو رەفتارە سیاسی و شەڕ و کورد خەڵەتاندن و بیر و ڕا غەوارانە، زۆر خراپ کاریان لە دەروونی خەڵکەکەمان کردووە، بەتایبەت، ئەم ساڵانەی کە دەسەڵات و سامانێکی گەورەی بەشێک لە نەتەوەکەیان کەوتە بەردەست، بەکاریان هێنا بۆ شکاندن و بچووک کردنەوەی عیزەتی نەفسی خەڵکەکەمان و یەکێک لە هۆ گرنگەکانی پەرەسەندی توندوتیژیی ئاینی و تواناکانیان، دەگەڕێتەوە بۆ ڕەفتاری سیاسی ئەوان، ئەگەر هەموو هۆیەکەیش نەبێت!!!.
کاک حەکیم دەیوت: ئەو هاوبیرە زۆر توندە لەسەر مەسەلەکانی ئایین خۆزیا کەمێ ئارامتر بوایە، ئەوە ڕای کاک حەکیمە و من وەک ئەمانەتێک بۆتان دەگێڕمەوە، هەمیشەش ئەوەی پێ دەووتم کە دەتوانم متمانە و پاکی و دڵسۆزیی ئەو هاوبیرەش وەک قەڵایەکی سەخت تەماشا بکەم و دڵنیای دەکردمەوە لە بیری جوان و کوردەواریی بێ خەوشی بەڕێزت.
بەرای من مەسەلەی ئێمە مەسەلەی ئایین نییە، کورد وەک نەتەوە گرفتاریی ئاینیی نییە، دوژمنانی کورد دەیانەوێ کورد ڕابکێشنە ناو ئەو گرفتاریەوە کە لەوێدا مەسەلی نەتەوەکە ون دەبێت و ئاین ( بەو لێکدانەوە نادروستەی بۆی دەکرێت) شێواو  و خەڵک گومڕاتر دەکات. چونکە بزواندی هەستی ئاینیی ئاسانە و زۆر مەترسیداریشە، ئێستا هەم خۆراوا، هەم وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە ڕێبەرانی ئاینیی لە کوردستاندا کار لەسەر ئەم لایەنەی هەست دەکەن.
دوژمنایەتی ئاینیش بمانەوێ و نەمانەوێ، ڕووبەڕومان دەکاتەوە لەگەڵ یەک ملیار خەڵکدا، کە کوێرانە کەوتوونە شوێن فەتوا و لێکدانەوەی سەرانێک  و بۆمەرامی دنیایی و بە حسابی خۆشیان دنیاکەی تریشیان، کۆ لە هیچ تاوانێک ناکەنەوە، ئاین ( بەو لێکدانەوە عەرەبیە و نادروستەی بۆی دەکرێت، کە هەر لە دێر زەمانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فکری عەجەمیان – غەیرە عەرەب، نووسراوەتەوە) چەکێکی زۆر مەترسیدارە گەر بۆ مەبەستی گومڕاکردن بەکار هات، ئەوە نە گرفتی ئێمەیە و نەیش گرفتی ئێمە ئەوە بووە. ئێمە تاقانە بیرمەندێکمان هەیە کە تاقانەی مێژووەکەمانە و وەک خۆیان دەفەرموون: ئەو باس لە دەفتەری هەزار ساڵەی کورد دەکات. کەواتە قسەکانی بۆ ئێمە حوجەتە و دەبێ کاری پێ بکەین.
مامۆستا مەسعوود دەڵێ: ڕەفتاری موبەد و موغەکان ئاڵا لە دەست و پای کوردەوە و ژیانی لێ سەخت کردن. کەواتە پێمان دەڵێت: سەرکەوتنی بیروڕای عارەبانی هاتوو، تەنها ئەوە نەبوو کە زەبروزەنگیان نوواند، بەڵکو پیاوانی ئاینیی زەردەشتی ڕۆحی نەتەوەکەیان ماندوو کرد بوو، چاوەڕوانی ڕزگار کەرێک بوون و کە عارەبان هاتن، زەمینەی تەسلیم بوونیان بەر لە هاتنی ئەوان ڕەخسا بوو.
ئینسان ئەگەر لە لایەنی ڕۆحییەوە وێران نەبووبێت، فرە سەختە بتوانیت چۆکی پێ دا بدەیت و ناچار بە وەرگرتن یا کردنی کارێکی بکەیت. کورد بەپێی لێکدانەوەی مامۆستای ڕابەرمان، ئەو لایەنە ڕۆحییەی وێران کرابوو، کاک حەکیم کاکە وەیسی نووسەر لە دوا ڕۆمانیدا کە پاش خۆی بڵاو کراوەتەوە و بە نەخۆشی لە سوید تەواوی کرد، زۆر بە وردی ئەم مەسەلەیەی لێکداوەتەوە و کەسایەتی موبەدەکانی شیکردۆتەوە، ڕۆمانەکەی ناوی ( سەگەکەشیان چوارەمیان بوو) ەیە.
لەوێدا تەمسیلێکی فرە هونەریی دەنووسێتەوە:
باڵندەی ( تیترواسک ) وەک باڵندەیەکی هەواڵگر بۆ پێشەوای ئاینی زەردەشتیان کار دەکات و هەمیشە وا بە شوێن ( دایە دوغدو- نمونەی دایکێکی کوردە کە لەسەر دابوو نەرێتی باوانی مابۆوە و بەرەنگاریی سەختی دەکرد)، شوێن پێی هەڵدەگرێ و هەواڵەکانی بۆ ئەو موبەدە دەباتەوە.

دەشێ ئەم ڕۆمانە لەو ڕۆمانە تاقانانە بێت کە باس لە مێژوو و سەردەمێکی فرە هەستیاری ژیانی ڕۆحیی نەتەوەکە دەکات، کە لە لێواری ترازانە ڕۆحییەکەیان نزیک ببوونەوە و بارستایەکی گەورە لە یادگار و بیروباوەڕی ئەوسایان و ئەو بیروباوەڕەی ئێستا کە زۆری بۆ هێنابوون، ڕۆحیانی ماندوو کرد بوو، بەتایبەت کە پێشەواکانی ئاینی خۆیان دەبینی بۆ خۆشگوزەرانی و دنیاپەرستی چۆن ڕۆژ لە داوی ڕۆژ بە پێچەوانەی فەرمانەکانی ئاهۆرامەزداوە، بیروڕایان کاڵ دەبووەوە و بەرگ و سیمایەکی تر لەبەر دەکەن و بەخۆوە دەگرن.
من دەڵێم: ئایا ئەوە جێگای پرسیار نییە کە کۆمەڵێک لە عارەبان بتوانن وا بە سانایی وڵاتێکی وەک کوردستان داگیر بکەن و بیرکردنەوەی نەتەوەکە یەخسیر بکەن و ئاراسەتیان بکەن؟!!. ئێمە باس لە ( کردارەکە، ئەوەی کە ڕوویدا) دەکەین شیکردنەوە بۆ دروستی و نادروستی باوەڕەکان ناکەین.
چونکە هیچ شتێک لە بەرژەوەندی ئەوان نەبوو، هاتنە ناوچەیەک، سەراپا شاخی سەخت و جەنگەڵ و نەشارەزا، ئەوان خەڵکی بیابان و تەختایی و فێری شەڕی سەر ئەسپ بوون، کە ئەوە لە کوردستان ئەو بوردەی نییە وەک لە بیابان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، کەش و هەوا سارد و هەموو شتێک سپی دەچۆوە ( بەفر دای پۆشی بوو)، دەی ئەمە کەی لەگەڵ ڕۆحییەتی ئەوان دەگونجا، چ جای بتوانن شەڕی گرتنی بکەن؟!  کەواتە لە بیروڕاکانی مامۆستاوە بۆمان دەردەکەوێت، هاندەری بەهێز تر هەبووە، لەوانە لاواز بوونی لایەنی ڕۆحیی کورد بە هۆی ڕەفتاری ناشایستەی موبەدە و موغەکانیانەوە.
کاک ئەحمەدی موفتی زادە، کە پێشەوایەکی زانا و بیرمەندێکی گەورەی ئاینی و کومەڵایەتی منەوەری کوردە و کورد تا ئێستاش نەیناسیوە، دەڵێت: کورد هەرگیز نەبۆتە موسڵمان.
ئەو قسەیەی ڕاستە، کورد ئێستایش زۆر داب و دەستووری هەر هی زەمانی بەر لە هاتنی ئاینی ئیسلامە، چۆن بوو بیریان گۆڕی بەڵام ڕەفتاریان نەگۆڕی؟!  ئاین بۆ کورد وەک دەرمانی ئازار شکێن وا بوو، ئازارە ڕوحییەکەی خاو کردەوە و ئارامی کردوەوە، بەڵام جوڵانەوە و ڕەفتاری لەسەر ڕاهاتووی باپیرانی پێ لەبیر نەبرایەوە، ئەمانە ئەو شتە ڕەسەنانەن کە کەسانی سەر بە کوردەواری دەتوانن بۆ ڕاسکردنەوە و پەروەردەکردنی دروستی سەر لە نوێی زەینەکان کاری لەسەر بکەن.
 بۆ عارەب نەیتوانی قاوەخواردنەوە لای کورد شیرین بکات و لەگەڵ گۆڕینی بیروڕای کوردا ئەم ڕەفتارەشی پێ فێر کردبا؟! بۆ وەرگرتنی ئەو بیروڕا تازەیە تۆزقاڵێک کاریگەریی لەسەر جلوبەرگی کوردان نەبوو؟!! خۆ ئەمە دەری دەخات، ئەوەی کورد پیویستی پێی بوو، قسەیەکی تر بوو کە لەهی موبەد و موغەکانیان نەچێت، عارەبان ئەو قسە جیاوازەیان کرد، لە زەمانی تینوێتی و وێران بوونی ڕۆحیی ئەو دەمەی کوردا.
سیاسەتی کوردی لەسەر ناکۆکی نێوان (کەسایەتی و بنەماڵە و رێکخراوەکان) دروست بووە، ئەوەش دەزانین کە ناکۆکی دەلاقەیەکە بۆ لایەنی سێیەم کە بتوانێ خاڵە لاوازەکانی لایەنە ناکۆکەکان خراپ بەکار بێنێت بۆ مەرامی گڵاوی خۆی. ئەم دەستورە تەنانەت لە ژیانی ئاسایی مرۆڤەکانیشدا بە نمونە ( ژن و مێرد) یشدا، دوو هاوڕێ و هەڤالیشدا بە ڕاست دەگەڕێ. جا سیاسەتی کوردی کە بنەمایەکی دامەزراو و دووربینی نەبووە و دۆست و دوژمنانی کاتیی و بۆ بەرژەوەندی تەسکی سەرانی بووە، تا ئەو ڕادەیەی کە زۆر جاران دوژمنی ڕاستە قینە بۆتە ڕێکخراوە کوردییە ناکۆکەی بەرانبەر بەخۆیی و دۆستی ڕاستەقینەیش، دوژمنە ئەسڵییەکە بووە، کە ئێستا بەهۆی ئەو کینەیەی ڕێکخراوە کوردییەکان لەیەکدییان هەبوو و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوچەییان و بەرژەوەندی سەرانیان، ئەوا ئەو دوژمنە ڕاستەقینەیە دەبێتە دۆست و ئەو فەرمان بە لایەنی کوردی دەکا و خەت و ڕێگای بزوتنی نیشان دەدات.
بێگومان ئەوەی کە زیانی گەورەی دا لە بنەمای گەشەکردنی کوردەواریی وەک نەتەوە، ئەو بانگەشەیە بووە کە ئەو ڕێکخراوە ناکۆکە کوردیانە کردوویانە، ئەویش ئەوەیە کە هەرچی تاوانێکیان ئەنجامداوە بەرانبەر بە نەتەوەکە بەناوی (کوردەواریی) و کوردستانەوە کراوە. هەمیشە یاریی بەم تەلەی سۆزیی کورد کراوە بۆ بەکێش کردنیان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان دەرهەق بە یەک و دەرهەق بەبەشێک لە نەتەوەکەیش، تۆ بڕوانە چ سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەی لە دەست داوە و چەند لەشکری کچان و کوڕانمان بێ هودە بەقڕ چوون لە شەڕی نێوان ئەم سەرکردایەتیانەدا؟! بایی چوار دەوڵەتی کوردی خوێنمان بە فیڕۆ چوون.  
ئەم قسانە وەک بەڵگە نەویستیان لێهاتووە، تەنانەت گەشتوونەتە ڕادەی ئەوەی کە کورد بە بیستنیان هێڵنجی بێتێ و خۆ لە بیستنیان نەبان بکات، وەلێ یەک خاڵ گرنگە و سەرنج ڕادەکێشێ: کردنەوەی ئەم قسانە بۆ دەیەمین و سەدەمین جار بە مەبەستی ( ڕەفتارکردنی ) واتە خستنەگەڕیی لە بواری ژیانی ڕۆژانەدا بۆ پاک کردنەوەی ڕۆح و گەیشتن بە مەودایەکی تری بزوتنی زەینەکان، بێ دووبارە بوونەوەی ئەو کینە نەفرەتیانە، پلەی یەکەم و هەنگاوی سەرەتای دەست پێکردنەوەیە بۆ
( مرۆڤێکی نەتەوەیی). مەسەلەی خۆشویستنی یەکتر کە لە کۆتایدا دەگاتە پلە هەرەباڵاکەی کە خۆشویستنیی نەتەوەکەیە، دەبێت ببێتە ڕەفتاری ڕۆژانە، خەڵکە نەتەوەییەکە ئەگەر لە گوڵستانی ڕەفتاری ڕۆژانەیاندا بەرانبەر بەیەکتر و ئەوانی تر، گوڵە هەرە گەشاوەکە و سەرنج ڕاکێشەکە نەبن، ئەوا هێشتا، لەبار و گونجاو نیین بۆ هەڵدانی ئەو بانگە.

ئەگەر زیاتر بێینە سەر ئاین و بە تایبەت ئیسلام، خۆ فەرهەنگ و کلتوری ئێمە، ئەو مەلا گوڵانەی کە تاسەر ئێسقان کورد بوون، لە فەرهەنگەکەمان دەربێنین، ئەوا مایە پوچ و دەست بەتاڵ و بیر بەتاڵ دەمێنینەوە، ئێمە باڵاترین ( هزر) مان نەک هەر لە ڕووی کوردەوارییەوە، بەڵکو فراوانتر بۆ پرسە ئینسانییە گەورەکانیش، هی کوڕە مەلایەکی کوردە ( مەبەستم مامۆستای ڕابەرمان ( مامۆستا مەسعوود) ە بمانەوێ و نەمانەوێ بە هێرش کردنمان بۆ سەر ئاین، لە نرخ و بەهای (کوردەواریی) کردنی ئەوان کەم دەکەینەوە، دەبێت تەواو پێچەوانە کار بکرێت، ئەو نمونە گەشانە گەشاوەتر بکەن، بیر و ڕایان و زەحمەت و کاریان کە هەمووی لە پێناوی کورددا بووە، وەبیر لاوەکانمان بێننەوە،  تاکی کوردی نەتەوەیی کارەکەیان سەخت و پڕ لە هەڵەموت و ڕووبەڕوی سەدان پرسیار دەبنەوە کە خۆشبەختانە، مامۆستای ڕابەرمان وەڵامی پێشا پێشی نزیکەی هەموو پرسەکانی سەر بە کوردەواریی داوەتەوە، ئەوە ئەوانن ( هاوبیرانی نەتەوەیی) دەبێ بە خوێندنەوەی ورد و ژیرانەی بەرهەم و نووسینەکانی بتوانن بەو زمانە دەری ببڕن، کە سەرنجی چاو و ڕۆحی لاوەکان بۆلای وتن و ئیستدیدلال و بەڵگەکانی، ڕاکێشن، چونکە مامۆستای ڕابەرمان، وەک خۆیان دەڵێن، قسەی ئەو لەگەڵ چینە هەرە هەرە لە پێشەکەی ناو کلتوری کوردە. کە ئەوە بە پلەی یەکەم کوردە نەتەوەییە ڕوناکبیرەکان دەگرێتەوە.   
تۆ دەزانی هاوبیری نەتەوەیی هەیە، ئێستا مامۆستای زانستگەیە لە سلێمانی، کاک حەکیم بۆی گێڕامەوە کە وتبووی : زمانە کوردییەکەی مامۆستا مەسعوود، زمانێکی کلاسیکییە. دەی وەرە ئەم بیرکردنەوەیە ببێتە ڕێنیشاندەری لاوان بۆ کوردەواریی و خۆشویستنی کورد!! بێگومان ئەو هیچی لێ تێنەگەیشتووە، چوونکە لە بەر قوڵیی و چڕیی فکریی، مامۆستا دەبوو زمانێک بەکار بێنێ لە پلە هەرە بەرز و هونەرییەکەی زماندا، بیری ئاوا قوڵ کە خوێندنەوەی دەفتەری هەزارساڵەی کوردە و چڕکردنەوەی بۆ نەتەوەکە، ئەویش چینە هەرە لە پێشەکەی نەتەوە کە ڕوناکبیرە نەتەوەییەکانێتی، پێویستی بەو زمانە هونەریی و شیوازی دەربڕینە تایبەتەیە، ئەو باسی ئازار و خواست و رێی ڕزگاری نەتەوەیەک دەکات، کە هەزاران ساڵە کار لەسەر شێواندنی فکری کراوە.
هەروەها کە بە نەخشەی بزوتنی فکریی و هونەریی ئەو هەزاران ساڵەشدا دەچیتەوە، هەر ڕێبەرانی ئاینی و هونەرمەندانی سەر بە بەرەبابی ئاینی بوون ئەوسا و ئێستایش، کە تەکانێکیان بە زمان و ئەدەب و فکریی کوردی داوە، ئێمە شک نابەین، هونەرمەندێک توانیبێتی کارێکی تەکاندەری کردبێ، مەگەر سەر بەخێزانێکی ئاینی بوبێ، ئیتر بە هەموو لقەکانی هونەرەوە، جا بۆیە دەبێت ئەم لێکدانەوە و بیرو ڕایانە برە و پێ بدرێن، هەموو کەس لە کوردەواریی تێنەگەیشتوە و پلەی دڵسۆزیی تا ئەو ڕادەیە هەڵنەکشاوە، کە بتوانێ ( مەلا فڵانی ئێستا ) کە دەستی ئوردوگان دەگوشێ بۆ هەڵمەتی سەر خۆراوای کوردستان، جودا بکاتەوە لەگەڵ  ئەحمەدی خانی، ئەحمەدی موفتی زادە، نالی، مەحوی، قانع، حاجی و مەلای گەورە وهەموو مەلا نەتەوەییەکانی ترمان.
بۆیە گەر بەو جۆرە باسی ئاین بکەن، ناتوانن بەرگریی لە کاری ئەو سەروەرانە بکەن، تێگەیشتن لە ئاین و پەیامی یەزدان ئەگەر دروست و بۆ رێبەرایەتی ژیان بێت، یەکسەر دەتباتە سەر خۆشەویستی نیشتمان و خەڵکی ئەو نیشتمانە و خزمەتکردن پێی و پێیان، بە نموونە ئاوادانکردنەوەی ئەو خاکە و گەشەپێدانی زمانەکەی، تەنیا باوەڕدارانی بێ غەل و غەشن دەتوانن لە قوڵایی ڕۆحیانەوە وەک یەزدان فەرمانی پێ کردوون، نەتەوە و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت و بۆ ئاوەدانی و گەشەی خەڵکەکەی تێکۆشانی مەزن بکەن، کە هەندێ جار قورس لەسەر بوون و ژیانیشیان دەکەوێت، وەک لە سەر ژیانی ئەو سەروەرانەی ناویان هات، کەوت.
ئاین نەک ڕێگر نییە لە خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمانت بەڵکو کردوێتییە ئەرک و مەرجێکی باوەڕداریی کە نەبوونی کەلێن و ناتەواویی دەخاتە باوەڕەوە، ئاینیش یەکەیەکی پێکەوە گرێدراوە، لە فکر و پەیڤەوە، دەپەڕێتەوە بۆ ڕەفتار و ئەمەی دواییان دەبێتە پێوانەی فکر و پەیڤەکە ولەلای یەزدان بە (ڕەفتاری چاک) فکر و پەیڤ  دەپێورێت نەک پێچەوانەکەی.

کوردەواریی:
مەبەست لێی، هەموو شتێکی سەر بە نەتەوەی کورد بێت
*حەکیم کاکە وەیس: چیرۆک نووس و ئازادیخوازێکی بە وەفا بۆ سەربەستیی ئینسانی کورد. ڕۆمانی مێژوویی، نەتەوەیی
(سەگەکەشیان چوارەمیان بوو) دوا ڕۆمانی بوو کە دوای مەرگی خۆی بڵاو بوویەوە. 
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×