کێ ئەچێتە جێگەی کیم جۆن ئۆن؟

لوقمان غه‌فور
  2020-04-22     1211

دەزگای ھەواڵگری ئەمریکی و حکومەتی کۆریای باشور و تەنانەت چین چاوەڕوانی ژیانی کیم جۆن ئۆن دەکەن، ئەویش دوای ئەوەی ڕۆژی ١٢ی نیسان نەشتەرگەری دڵی بۆکراوە و لە دوای نەشتەرگەرییەکەوە دیار نییە تەندروستی چۆنە.

دوێنێ ٢١ی نیسان کەناڵی سی ئێن ئێن ھەواڵەکەی بڵاوکردەوە، ھەواڵە بووە سەردێڕی تێکڕای میدیاکانی جیھان، بەڵام میدیای وڵاتەکەی ھیچ باس ناکات و بێدەنگە.

ئەمڕۆ ٢٢ ی نیسان میدیای وڵاتەکە (ئاژانسی ھەواڵی مەرکەزی کۆریای باکور- کەی سی ئێن ئەی) بە ژمارەیەک ناونیشانی سەرسوڕھێنەرەوە دەرکەوت: (دابەشکردنی کەلوپەلی وەرزشی- ھەڵبژاردنی توو باشە بۆ ھەرس- کۆبوونەوەیەک لە بەنگلادیش سەبارەت بە توێژینەوەیەک لەسەر کۆریای باکور- ئایدۆلۆژیای پشتبەستن بە خوود) لەھەمانکاتدا مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەی ڕۆدنگ سینمۆن بریتیبوو لە (ڕێوشوێنەکانی بنبڕکردنی کۆرۆنا ڤایرۆس). بەڵام نەخۆشی سەرۆکەکەیان لە ھیچ شوێنێکی میدیا جێگەی نەکرابۆوە.

ھەروەھا ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمز لەزاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی-یەوە ئاشکرای کردووە کە کۆشکی سپی بە وردی چاودێری مەسەلەکە دەکات.

ھەر بۆیە ڕۆژی ٢١ی نیسان لەکۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە ئاساییەکانی ڕۆژانەیدا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەبەرامبەر پرسیارێکی ڕۆژنامەی پۆلیتکل، وتی: "ئەڵێن کیم نەخۆشە، ھیوادارم باش بێت ، من پەیوەندیم باشە لەگەڵ کیم جۆن، حەز ئەکەم بیبینمەوە جارێکی تر".

ھەروەھا وتیشی: "لە دوو کۆبوونەوە لە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ھەوڵمدا لەگەڵ کیم کە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت".

ئەو پێشبینیانەی سەبارەت بە تەندروستی کیم جۆن ئۆن دەکرێت کە تەندروستی خراپە، دوای ئەوە ھات کە بۆ یەکەمینجار بوو ئامادەبوونی نەبێت لە جەژنی لەدایکبوونی باپیری کیم ئێل سۆنگ، لە ١٥ی ئەپرل. کە بە دامەزرێنەری کۆریای باکور دادەنرێت. لەبەرامبەردا نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشور ڕایگەیاند، کیم وای نیشاندەدەن کە سەرقاڵە بە کاروباری دەوڵەتەوە و ھیچ شتێکیش دەرنەکەوتووە لەو بارەیەوە لە ژیاندا ماوە یان نا.

ڕۆژنامەی دەیلی ئێن کەی کە بارەگاکەی لە سیئۆل-ی پایتەختی کۆریای باشورە نوسیویەتی: "کیم جۆن ئۆن لەتەمەنی ٣٦ ساڵیدا، ڕۆژی ١٢ی ئەپرل گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری دڵ و خۆێنبەرەکانی بۆ بکەن".

ھەروەھا نوسیویشیەتی نەندروستی لە مانگی ئۆگەست -ی پارەوە تێکچووە بەھۆی کێشانی جگەرەی لە ڕادەبەدەر و قەڵەو بوونێکی بێ ئەندازە.

ھەروەھا ڕۆژنامەی ھێڵ لە ڕاپۆرتێکدا لە ژمارەی ئەمڕۆ ٢٢ ی نیسان باسی لەوەکردووە کە، کە کیم ئێستا لە ڤێلایەک لەژێر چاودێری ورد و چارەسەردایە لە شاخی میوھیانگ لە باکوری پیونگ یانگ-ی پایتەخت. دەشڵێت: "بە پێی سەرچاوەیەکی ھەواڵگری ئەمریکی کیم دۆخی تەندروستی زۆر زۆر خراپە".

ڕۆژنامەکە لەزاری ھەواڵگری ئەمریکییەوە وەریگرتووە کە کیم، ڕۆژی ١١ ی ئەپرل واتە ڕۆژێک بەر لە نەشتەرگەری لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی حزب و حکومەت بڕیاریداوە کە کیم یۆ جۆنگ -ی خوشکی وەک ئەلتەرناتیڤ کارەکانی حکومەت و حزبی کرێکارانی دەسەڵاتدار بەڕێوەبەرێت.

ڕۆژنامەی زە دیترۆیت نیوز لە ژمارەی ئەمڕۆ ٢٢ ی نیسان دوو لاپەڕەی بۆ بنەچەی خێزانی کیم تەرخانکردووە لەگەڵ کۆمەڵێک نھێنی ژیانی کیم جۆن ئۆن، ڕۆژنامەکە نوسیویەتی: "ساڵی ٢٠١٤، بۆ ماوەی شەش ھەفتە لەچاو ونبوو، بەڵام دواتر ئاژانسەکانی کۆریای باکور ڕایانگەیاند کە بە نەشتەرگەریی کیسی ئاو لە سەر ئەژنوی لابراوە.

ڕۆژنامەکە باس لەوەشدەکات لەبەرئەوەی نوخبەی دەسەڵاتداری کۆریای باکور لەژێر ترس و دڵەڕاوکێدان، ھەرگیز شتێک بڵاوناکەنەوە کە جێگەی بڕوا بێت، نموونەی ساڵی ٢٠١٦ دەھێنێتەوە کاتێک میدیای وڵاتەکە بڵاویکردۆتەوە کە کیم بەھۆی گەندەڵییەوە سەرکردەیەکی سەربازی پێشووی وڵاتەکەی بە تۆمەتی گەندەلی لە سێدارە داوە، کەچی ھەفتەیەک دواتر میدیاکانی کۆریای باشوری دراوسێی کۆریای باکور بڵاویکردەوە کە (ری یۆنگ جیل) لە ژیاندایە و پۆستێکی نوێی دراوەتێ.

کەواتە ئێستا ئاشکرا نییە چی ڕویداوە کە ئایا ونبوونی کیم جۆن یۆن بەھۆی گرفتی تەندروستییەوەیە یان مردووە! بەڵام شیکەرەوانی بواری سیاسی دەڵێن لەبەرئەوەی کیم تەنیا سێ منداڵی ھەیە کەتەمەنیان ( ھەشت ساڵ، حەوت ساڵ، سێ ساڵ)ە و کیم جۆن چۆل-ی براشی دوورکەوتۆتەوە لە سیاسەت و سەرقاڵی میوزیکە. تاکە کەس کە ڕۆڵی کاریگەری ھەیە لە خێزانەکە، خوشکەکەیەتی کە ئەویش کیم یۆ جۆنگ-ە. کە لەھەموو کاتێکدا بە دوای براکەیەوە بووە وەک نێردەرێکی دیپلۆماسیش ناسراوە.

ڕۆبەرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، وتی:" ئەم سیستمانە، سیستمی بنەماڵەین لە کەمترین حاڵەتدا کەسێک لە خێزانەکە وڵات و حزبەکە بەڕێوە دەبات، بەڵام دوبارەی ئەکەمەوە جارێ دیار نییە ئایا سەرۆکی وڵاتەکە تەندروستی چۆنە!"

ھەروەھا تشیونگ سیونگ تشانگ شیکەرەوە لە پەیمانگای سیجۆنگ -ی تایبەت بە سیاسەتی کوریای باشور، وتی: " بەرکەوتنی سیاسی ئەستەمە، لەبەرئەوەی خوشکەکەی کیم (کیم یو جۆنگ) بە کردەیی دەسەڵات ئەگرێتە دەست لەبەرئەوەی پێگەی لە حکومەت و حزبی کرێکاران یش بەھێزە.

بەڵام کۆھ یۆ ھوان پسپۆری بواری کۆریای باکور لە زانکۆی دۆنگۆک لە سیئۆلی کۆریای باشور و ڕاوێژکاری سیاسی مۆن جای ئان سەرۆکی کۆریای باشور بە پێچەوانەوە پێیوایە ململانێیەکی توندوتیژ لەسەر دەسەڵات لە کۆریای باکور دروست دەبێت.

دوا پرسیار ئەوەیە ئایا خاتوو کیم یۆ جۆنگ ئەتوانێت ببێت بە چوارەم دیکتاتۆری کۆریای باکور!؟


کیم یو جۆنگ-ی خوشکی کیم جۆن ئۆن

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×