دەسەڵاتێکی نابەرپرسیار..حکومەتێکی بێباک

كاوه‌ محه‌مه‌د
  2020-04-25     974
ساڵێک زیاترە داوا لەدەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەین بەپێی یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٩) نەوت تەسلیمی بەغدا بکەن، لیستی مووچەخۆران و پێشمەرگە بنێرن، پێیاندەڵێین مەرج نیە تاسەر بەغدا ئەو پارەیە بنێرێت، دەبێ حیسابی بەرزی و نزمی نرخی نەوت بکەن و چیتر بێباک نەبن...هیچیان نەکرد، ‌(عادل عبدالمهدی) کە عەرابی رێککەوتنە نەوتییەکانی بەغدا و هەرێمە و گوێی بەگوشارەکان نەدا و بەردەوام و مانگانە پارەی مووچەی هەرێمی ناردووە، بڕیاربەدەستانی هەرێم ئەویشیان ئیحراجکرد، دواتر زۆر بەدرەنگەوە کاتێک لەگەڵ بەغدا رێککەوتنێکی فشۆڵییان کرد کە (عادل عبدالمهدی) و حکومەتەکەی دەستلەکارکێشاوەبوون، بەهۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە، دۆخەکەی لەوپەڕی دژواریدا بوو و هەرچی بڕیار و رێککەوتن و گرێبەستێکی لەو ماوەیەدا کردبێت، کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەوە، کەچی ئێستا، کە نرخی نەوت هاڕەی کردووە، ئەو دەسەڵاتدارە شکستخواردووانە دەیانەوێ بەغدا بەوە رازی بکەن کە (٢٥٠ هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە تەسلیم بکەن، لەبەرامبەردا هەموو مانگێک بەغدا نزیکەی تریلیۆنێک دینار، وەک بەشەبودجەی هەرێم، بنێرێت، ئەمە رێک دەبێ پێیانبوترێت؛ ”ئەوەی ئێستا دەیکەن بە کچێنی بتانکردایە، ئەوەی بە کچێنیش کردتان، دەبوو ئێستا بیکەن“..
بێگومان ئەو بێباکییەی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ دابەزینی زۆری نرخی نەوت، وایکرد گوشارەکانی بەغدا، چ وەک لایەنی سیاسی و چ وەک پەرلەمانتاران، زیاتر و بەهێزتربن بۆ رێگریکردن لەناردنی مووچەی هەرێم و دەیانەوێ لەرێگەی شکاتکردن لەوەزیری دارایی-ەوە ئەو پرسە پێشبخەن و هەوڵ و هەنگاوی دیکەیش بۆ هەمان مەبەست لەئارادایە، کەچی لایەنە سیاسییە پۆستخواز و پارەخۆرەکانی هەرێم، وا ئێستا لەمیانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتەکەی (مستەفا کازمی)دا، داواکاری هەرە لەپێشیان ئەوەیە کە وەزیری دارایی لەشوێنی خۆی دابنرێتەوە و پشکی خۆیان لەوەزارەتەکان زامنکەن، ژێربەژێریش خەریکی لێدانی هەموو دەرگاکانن، هەر زووش. تەنانەت پێش راسپاردنیشی بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە، سەرۆکی هەرێم و دواتریش زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پشتیوانیان لەکازمیەک کرد کە کەس نازانێ چی بۆ کورد لەهەگبەدایە..
ئێمە دەزانین و دڵنیاین کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەرگیز باکیان بە ژیان و مووچەی خەڵک نەبووە و نیە، بۆیەش لەسەر سباسەتی بێباکی و لەدەستدانی دەرفەتەکان بەردەوامن و دیسانەوە مووچەی خەڵکیان خستەوە بەردەم هەڕەشەوە، بەڵام ئێمە، ئەو پەرلەمانتارانەی دەمێکە ئەم دەسەڵاتە نابەرپرسیارەی هەرێممان ناسیوە و قسە و رەخنەی جدیمان بەارامبەری هەبووە، هەموو هەوڵێک دەدەین کە مووچەی خەڵک بەپێی یاسای بودجە، نەبڕدرێ و جارێکی دیکە خەڵکی هەرێم باجی سیاسەتە شکستخواردووەکانی حکومەتی هەێم نەدەن. ئەمەش ئەرکی سەرشانی خۆمانە، ئەرکێک کە دوور و نزیک لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم تێکناکاتەوە.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×