سەردەمی محەمەد سەعید سەحافەکان

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2020-04-26     1032

یەکەم: نۆمانگە کابینەی نۆیەم پێکھاتوەو وەزیری سامانە سروشتیەکانی نیە، یەک کەسیش لە حکومەت و پەرلەمان قسەناکات. 


دوەم: ھەمو کارنامەو پلانی ئابوری و دارایی و چاکسازی وەزیری دارایی بوە بەبەرزرکرنەوەی یاداشتێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەشکوم دڵی نەرم بێت و موچەی ئەم مانگە ڕەوانەبکات!  ئەدی مانگەکانی داھاتو؟ 


سێیەم: ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە شوێنە دەگمەنەکانی دونیا کە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان بەرگری لەحکومەت بکەن. ئەلفوبێی کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاری چاودێری و لێپرسینەوەیە لەحکومەت نەوەک بەرگری لێکردنی. 


چوارەم: دوای ئەوەی بۆ نزیکەی پێنج ساڵ دەچێ جێگری سەرۆک وەزیرانە، قوباد تاڵەبانی وەکو ڕۆژنامەنوسێک داوا دەکات نەوت شەفاف بێت! زەحمەت نەبێت لەگەڵ کێتە؟ 


پێنجەم: ئاماژەکان پێمان دەڵێن: ئەو ھەمو ئیدیعاو بانگەشەیەی بۆ سەرۆکی کابینەکە کراو دەکرێ، بەشێکە لە ململانێی ناوخۆیی حیزب نەوەک چاکسازی ڕاستەقینە. 


شەشەم: فراکسیۆنی گۆڕان باس لە مەلەفی نەوت دەکات، بەبێ ئەوەی بڵێت: بۆ وەزیری سامانە سروشتیەکانمان نیە؟ ئایا دەشێ باس لە نەوت و شەفافبونی بکەیت بەبێ وجودی وەزیرو وەزارەت؟ 


حەوتەم: وەزیری دارایی گۆڕان لەگۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی: حکومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی شەفاف ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردو. کەواتە: لەچەند ساڵی ڕابردودا، گۆڕان ھاوڵاتیانی چەواشەکردوە کە وتویەتی: نەوت شەفاف نیە! بەڕاست ئێوە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنتان ھەیە یاخود تەسلیمبون بە ئیرادەیان؟ 


ھەشتەم: سندوقی داھاتە نەوتی و گازیەکان کەلەساڵی ٢٠١٥ەوە یاساکەی لەپەرلەمانەوە دەرچوە، سەرۆکی ئەم کابینەیە بەنیازنیە دروستی بکات و یەکێتی و گۆڕانیش بەیەک وشە باسی ناکەن. 


بەکوردی و کورتی: ئەم کابینەیە و زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی ئەم خولە، لە ڕاستگۆیی و جێباوەڕیدا، سەلماندیان کۆپیەکی خراپی محەمەد سەعید سەحافن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×