بێ ناونیشان

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-04-28     1006
چەندین ساڵە ھەرێمی کوردستان بەچەندین قەیرانی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت‌و ھاوڵاتیانیش لەرەوشێکی ئابوری، کۆمەڵایەتی، مرۆیی زۆر خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، بۆیە لەسەرهەموومان پێویستە وەک ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقی، مرۆیی، خوێندنەوەیەکی جدی بۆ دۆخەکە بکەین‌و چۆن لەبەرژەوەندی ھاووڵاتیاندابێت بەو ئاڕاستەیە ھەنگاوی جدی بنرێت، تەنانەت کاتی ئەوەیش هاتووە خەڵک بەگشتی کارتی سور بەرامبەر حکومەت بەرزبکاتەوەو داوای لێ بکات، یان گۆڕەپانەکە جێ بهێلێت ،یان بەزووترین کات کێشەی هاووڵاتیان بەکردەوە چارەسەربکات. 

ئاخر ئەوانەی ئەمرۆ لەدەسەڵاتن و خەڵک برسی دەکەن، هەردوێنێ بوو بەدەنگێکی بەرز دەیانگوت: دەنگ لەئێوە کارو خزمەتگوزاریش لە ئێمە. 

هەر ئەم بەرپرسە پۆشتانەی  ئەمرۆ بوون ، دوێنێ بەڵێنیان بەخەڵک دەداو دەیانگوت: دەنگ و ئازاری هاووڵاتیان لەکۆێ بێت، ئێمە لەوێ دەبین، چونکە خەمی گەورەی ئێمە نە حزب و لایەنەکانە، نەوەرگرتنی پۆست و پلەو پایەیە، ئێمە تەنها لەخەمی هاووڵاتیانین، موچەو بژێوی هاووڵاتیان خەتی سورە، بۆ بەدەستهێنانیشی چی گرنگ و پێویست بێت بەبێ دوودڵی جێبەجێی دەکەین، شەری دەستور دەکەین، مافاکانی خەڵک جێگیر دەکەین، دڵ و قودسی کوردستان ئازاد دەکەین!

ئەم بەرپرسانەی ئەمرۆی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی بەتەمای خودا ، بەقسەو بەڵێن هیچ عەیبیان نەبوو ، دونیایان کردبووە شامی شەریف ، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ دەیبینین رێک پێچەوانەی قسەو بەڵێنەکانیانە ، خەڵک برسییە ، بێ کارە ، بێ موچەیە ، بێ ئاووکارەبایە ، بێ داودەرمانە ، کەچی خۆیان تێرو پۆشتەو بێ کەموکوڕین ، قسەش بێتە قسە سوێند دەخۆن و دەڵێن : بەغدا چاوی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی بەتەمای خودا هەڵنایەت بۆیە هەوڵی بڕینی قوتی خەڵک دەدەن ! یان دەڵێن : هاووڵاتی  لەبڕی ئەوەی سوپاسی حکومەت بکات کە لە پەتای کۆڕۆنا پاراستویەتی و پارەیەکی زۆری لێ مەسرەف کردوە ، داوی موچە دەکات !

شێخ ڕەزای تاڵەبانی زۆر لەمێژە وەسفی ئەم جۆرە کەسانەی کردووە و زۆر باشیشی گوتوە:  (چەرمی روی هێندە قایمە شمشێری میصڕی نایبڕێ، گەر بە کەوشی کەی، دەمێنێ تا قیامەت نادڕێ).

ئێ بەراستی وایە، ئاخر ئەو زوڕنا ژەنانە بەبێ حساب و کتاب دۆلاری دزراو دەخزێنرێتە گیرفانیان و تێرو پۆشتە دەکرێن، بۆیە بۆپاراستنی بەرژەوەندی خۆیان بەڕەش دەڵێن سپی و بەسپیش دەڵێن ڕەشی قەترانی. 

بەراستی تاوانە هاوڵاتیانی ئەو هەرێمە بێنازە بەم بێ نازییە  لەنێوان هات‌و نەهاتی موچە و زوڵمی پاشەکەوت و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست ژیان بگوزەرێنن، کەچی  بریاردەرانی چارەنووسی خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی هەرێمی بەتەمای خودا فیرعەونانە بەمانای وشە بژین.
ئای لەو جینایەت و ناعەداڵەتییە !
وای لەو زوڵمە !

*چەندی هەوڵمدا نەمتوانی ناونیشانێک بۆ ئەم وتارەم بدۆزمەوە، بۆیە بێ ناونیشان بووە ناونیشانی ئەم چەند وشەیە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×