مەحەلتان لەئیعرابدا چییە؟

دلێر محەمەد نوری
  2020-05-01     866
ڕەنگە هیچ کێشەو گرفتێک نەبێت بۆ کەس گەر وشەیەک یان دەستەواژەیەک لە ڕستەیەکی عەرەبیدا هیچ مەحەلێکی نەبێت لە ئیعرابدا. چونکە بەو پێیەی (سیبویه‌) زمانناسی بەناوبانگی عەرەبی بۆمان شیدەکاتەوە بە لابردنی ئەم ووشەو دەستەواژانە هیچ کێشەیەک بۆ جوملەکە و ماناکەی دروست نابێت‌و هەر بە موفیدی ئەمێنێتەوە. بەڵام کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات کاتێ کەسێک یان کەسانێک (مەحەلیان نەمێنێت لە ئیعراب)داو جگە لەوەی کە زیادە بن، بشبن بە بار بەسەر چوار پێنج ملیۆن کەسەوە.

لێرە من نەهاتووم باس لە قەواعیدی زمانی عەرەبیتان بۆ بکەم. بەڵکو هاتووم باس لە قەواعیدە شازەکەی دونیای سیاسەتی کوردی بکەم، تا بزانین سەرۆک و حکومەت و دەسەڵاتەکەی هەرێم چ مەحەلێکیان ماوە لە ئیعرابەکەی عێراقدا. هەر بەو پێیەی خاڵە (سیبویه‌) باسی لێوە کردووە لە قەواعیدی عەرەبیدا و عادل و عەبادی و مالکیش ئەمڕۆ لە بەغداوە خەریکن سیاسی و سەرکردەکانی کورد بێ مەحەل ئەکەن لەم هەرێمەدا.  گەر درێژەی نەدەینێ خۆی لە ڕاستیدا قەواعیدی سیاسەت بریتییە لەو سیاقەی کە رستەی سیاسی و بڕگەی سیاسی و دەقی سیاسی و دواجار شاکاری سیاسی پێکدەهێنن. کە ئەمەی کۆتاییش ترۆپکی کردەی سیاسییە. کاتێ سیاسەت و سیاسەتوان بە تەواوی ئەچنە خزمەتی خەڵکەوە و شەو و ڕۆژ ئەدەنە دەم یەک تا خەڵکی لەناو ئەو شاکارە سیاسییە بحەسێنەوە. ئەو کات سیاسییەکان ئەبن بە پێشەنگ واتا (مبتدأ) و ئەشبن بە جێگەی سەرنج و سەردێڕی هەواڵەکانیش لە ناوەندە سیاسی و جەماوەرییەکاندا واتا ئەبن بە (خبر)یش.

شاکاری سیاسیش ئەگەر چی کارێکی نەکردە نییە، بەڵام هەمیشە بکەری بە توانا و بە سەلیقە و ئازا و ئازادی گەرەکە. بۆ نموونە ئەگەر سیاسییەک ئازاد و کۆڵنەدەر و دڵسۆز و لە گەلیشیدا دەست پاک بێت، ئەوە بێ یەک و دوو ئەتوانێت خۆی وەک بکەرێکی کارا کاری دانیشتن لە سەر کورسی دەسەڵات ئەنجام بدات و لە کاتی خۆشیدا پیاوانە هەستێ و بۆ یەکێکی دیکەی چۆڵ بکات. دواجار بۆ خۆیشی وەکو ڕەمزێکی شانازی بمێنێتەوە. ئەوسا لە جێی ئەوەی (مەفعول بە) بێ بە دەستی تاران وئەنکەرا و بەغداوە خۆی ئەبێت بە (فاعل) و لە هەولێرەوە ڕووداو دروست ئەکات و ئەخوڵقێنێ. بەڵام گەر تۆ بێیت و لە هەموو بەڵێنەکانی شاخت پاشگەزبیتەوە و هەموو قوربانیدانی خەڵکی بکەی بە دەستکەوت بۆ خۆت و کەسوکار و دارودەستەت. 

هەر بە تەزویریش لە سەر کورسی دەسەڵات دانیشیت. هەمیشە گوێ بۆ دوژمنی هەر چوارلا بگریت و هیچ گوێیەکیشت نەبێ بۆ هیچ ئازار و داخوازییەکی میللەتی خۆت. نەوت دەربکەیت و نەوت بفرۆشیت و قەرزایشمان بکەیت لە سەری. هەر کاتێکیش بۆنی نەوت مەستی سەڵتەنەتی خەلیجی کردبی بە بێ هیچ لێکدانەوەیەکی حەکیمانە، چارەنووسی خەڵکی خۆت بخەیتە مەترسییەوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەو زیندانانەی دوێنێی بەعس کە بە بەتاڵی کەوتنە دەستت و پڕیان بکەیت لە ڕۆڵەی خۆت. ئەوا دڵنیابە قەواعیدی یارییەکە ئەگۆڕێت و ڕۆژێک دا دێت چواردەورت دەگرن ئەتکەن بە (خبر کان)ە*.

دەسەڵاتێک بە ساوایی کەوتە تاڵانی و شەڕی ناوخۆی ئەنجامدا. دەسەڵاتێک گەر بە ئەدەبیاتی ڕەخنەگرانەی میللەتەکەی خۆیدا بچێتەوە، ئەمڕۆی خراپتر لە دوێنێ و ساڵ بە ساڵی خۆزگەی بە پاری. دەسەڵاتێک گەلەکەی خۆی گەیاندبێ بەوەی جگە لە ڕەخنە دەیان ناو و ناتۆرە و توانجی دوا بخەن بەوێنەی (مەعاشەکەو جوانە ...) یان (ئێمە حکومەتەکان بۆچی بوو... جنێوێک  لە بەینی دوو کەوانە) و زۆری دیکەش. دەسەڵاتێک کارێکی وا بکات خۆزگە بە سەدام و عەبادی بخوازیت. ئەبێ چی بێ و چی لە بارا بێ؟

سەرەڕای گشت ئەمانەش دەسەڵاتێک لە بری ئەوەی  بە خۆیدا بچێتەوە حەکیمانە و بە حیساب کردن بۆ هەموو گەورە و بچووکێکی سیاسەت هەنگاو بنێ. کەچی هەستێ و هەر بە عەقلییەتی هێندەی نینۆکێک حیساب بۆ کەس نەکردن لە ئەنجامی درۆ رێفراندۆمێک کلیلی ئاسمان تەسلیمی بەغدا بکاتەوە و نیوەی ئەو خاکەش کە بە خوێن هاتبوو بە ئاو بیداتەوە. نە خاوەن مەرز و نە سنورە نە ئیرادە و نە هیچ جۆرە حوکمێکی مابێ. ئێستاش ئامادە بێت هەموو نەوت و هەموو داهات و هەموو هەمووەکانی دیکەش بداتە بەغدا تەنها بۆ مووچە. پێم ناڵێن ئەم دەسەڵاتە چ مەحەلێکی ماوە لە ئیعرابدا؟
*خبر کان/ بە یەکێک ئەوترێ کە ئیتر هیچ ناوێکی لە ناواندا نەمێنێت و بووبێت بە ڕابردوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×