بۆچی نوسین لەسەر سەردەشت واتای لە دەست داوە؟!

زانا عارف
  2020-05-04     680
هەرکاتێک لە ساڵیادی شەهیدی پێنوس سەردەشت عوسمان وتارێکم بەرچاو دەکەوێت، بە هەڵەداوان کلیکی لەسەر دەکەم و، بە نیەتی ئەوەی ئاوێک بکات بەو سوێیەی لە دڵمدایە، دەست بە خوێندنەوەی دەکەم. بەڵام زۆر نابات لە نیوەیدا تاقەتم لە خوێندنەوەی دەچێت و حەوسەڵەی بەردەوامی پێدانیم نامێنێت. زۆرجار لە خۆشم پرسیوە، ئاخۆ هۆکەی چیە، هەرچی دەنوسرێت و دەوترێت، ناگاتە دڵ و تێر ئاوی پێ ناخواتەوە؟! لە کاتێکدا بەو نیەتە دەستم داوەتە خوێندنەوەی؟
هەربۆیە بەڵێن نادەم، ئەم وتارەی منیش شتێکی جیاواز بێت، لەو وتارانەی کەوا خۆیشم لە ناوەڕاستیدا، لە خوێندنەوەیان بێزار دەبم!
وشە کە دەگاتە دوا ترۆپکی واتای ڕاستەقینەی خۆی، ئیدی زیاکردنی پەراوێزێک و ڕوونکردنەوەی دەبێتە درێژدادڕی. بۆ نمونە ئەو کاتەی قورئانی کەریم لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دادەبەزێت، هەتا پەنجا ساڵێک باوی شیعر نامێنێت و، شاعیرەکانی سەردەمی جاهیلی بێ ئیش دەکەون. هۆکارەکەی ئەوەیە قورئان بە پڕی بەر واقعی ژیانی ئەو کاتەی کۆمەڵگاکەی دەکەوێت و چیدی وتنی قسەیەکی تر لەسەر ئەو واقعە سوودێکی نیە. چونکە شیعرەکانی ئەو سەردەمە، جگە لە کڵێشە و پیاهەڵدانێکی دووبارە بە کەسانی خاوەن هەژمون و پارەدا، شتێکی تر نەبوون!
هەربۆیە نوسینی وتارێک لە دوای ئەو وتارەی سەردەشت دەینوسێت، وەک زیاترکردنی پەراوێزێک وەهایە و لە باشترین ئەگەریدا درێژدادڕییە و هیچی تر.
واتە لەم وڵاتەدا، بە پێچەوانەی سەردەمی جاهیلی عەرەبەوە، کاتێک وشە دەگاتە دوا ترۆپکی واتای ڕاستەقینەی خۆیی و بەر واقعی تاڵ دەکەوێت، لە جیاتی ئەوەی تەواوی شیعر و وتارەکانی تر سەری نەوازشی بۆ دابنێن، سەر بە نوسەرەکەی دادەنرێت و بۆ هەتا هەتایە بێدەنگی دەکەن!
دوای سەردەشت هەرکەسێک وتارێک بنوسێت و هێشتا لە ژیاندا مابێت، تەنیا یەک واتای هەیە، ئەو وتارە و وشەکانی ناوی نەگەشتوونەتە دوا ترۆپکی واتای خۆیان. چونکە وتنی وتەیەک لە دوا ترۆپکی واتای راستەقینەی خۆیدا، لەم وڵاتەدا یەکسانە بە مەرگ!
هەربۆیە کاتێک شتێک لەسەر ئەو کارەساتە قێزەونە دەخوێنینەوە، کەف و کوڵی ناو دڵمان دانامرکێنێتەوە و، بگرە لە سوێی ناوئاخنەکەی زیاتر دەکات.
چونکە دوای وتارەکەی سەردەشت، وتنی قسەیەکی تر بە دەسەڵات و دووبارکردنەوەی ڕەخنەکانی ئەو لە کڵێشەیەکی جیاوازدا، وەک خیانەتێکە لە وشە دەکرێت و، پێدەچێت ڕۆحی ئەو چنارەی قەڵای هەولێریش بڕەنجێنێت!
یەکێکی تریش لە هۆکارەکانی بێ واتایی ئەو جۆرە وتارانە، بریتیە لە باسکردنی ئەوەی دەسەڵات سەردەشتی کوشتووە و، خۆ سەغڵەتکردنێکی بێ هودەیە لە پێناو سەلماندنی ئەم ڕاستیە کەوا هەموومان دەیزانین.
لە ڕاستیدا هەموومان دەزانین کێ بکوژەکەیە و بۆچی کوژرا، بەڵام بەڵگەیەکمان لەسەر ئەو ڕاستیە پێ نیە. وەک ئیمان بە خودا، بە هەموو دڵ و ویژدان و ڕۆحت دەزانیت خودایەک لەم بوونەدا هەیە، بەڵام گەر بتەوێت ماتماتیکیانە بیسەلمێنیت، کۆڵەوار و کەلەپاچە دەبیت.
خۆ گەر بەڵگەشمان پێبێت، نە دادگایەک هەیە نە پەڕلەمانێک، هەتا بتوانێت ئەو بەڵگە و سەرەداوانەی باسی لێوە دەکرێت، ساغیان بکاتەوە و بەرپرسەکانی ئەو تاوانە قێزەونە بە سزای خۆیان بگەیەنێت. ئیدی هەوڵدان بۆ سەلماندی ڕاستیەکی سادەی ئاشکرای لای هەمووان، جگە لە خۆ سەغڵەتکردن هیچی تر نیە.
هەروەها بە پێچەوانەی ئەوانەی هەمیشە لەم باسەدا دەستی تۆمەت بۆ دەسەڵات ڕادەکێشن، پێموایە بێدەربەستی و گوێمەدەرەیی خەڵکی ئەم وڵاتە و شارەکەی گیانیان لێسەند!

چونکە ئەم خەڵکەی لەم وڵاتەدایە، بە رادەیەک کەلتوری مێگەلی تێدا زاڵە، تەنانەت لە کاتی بڕینی پێداویستە سەرەکیەکانی ژیانی خۆیشی هەڵوێستێکی مەردانە و شایستەی نیە.
ئیدی چاوەڕێی ئەوەی لێبکەیت، لەسەر دیموکراسیەت و مافی ئازادی و ژیانی خەڵک و گەنجان هەڵوێست بگرێت، لە خۆ خڵەفاندنێکی کاڵفامانە زیاتر نیە.
بە کورتی و کوردی، سەردەشت لە بەرامبەر دەسەڵاتی نادادی ئەم وڵاتە وتەیەکی سادە وەها دەوڵەمەندی وت، چیدی وتەیەکی تر نەماوە. وەک هێگڵیش ئاماژە بەم راستیەی وشەکان دەدات، وتەکان لەو کاتەدا لە سادەترینی فۆرمەکانی خۆیاندان، لە دەوڵەمەندترین ساتەکانیاندان.
وتەکانی سەردەشت لەوپەڕی سادەیدا بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوپەڕی دەوڵەمەندی خۆیشیاندا بوون و، ئەو هەر لەو کاتەوە هەستی بەو زوڵم و نادادیەی ئەمڕۆمانی کردبوو.
ئەوەی جێگەی داخە لام، سەردەشت لە وڵاتێکدا لەسەر گوزەرانی خەڵک دێتە قسە و سوقراتیانە بە ئاگاییەوە بەرەنگاری مەرگ دەبێتەوە، گەر ئێستا موچەکەی بێ پاشەکەوت پێبدەیتەوە، وەها هەست دەکات ئەم وڵاتە شامی شەریفە و هەست بە هیچ نەنگیەک و کەموکورتیەکی حوکمرانیەکەی ناکات.
واتە باسکردن لە دیموکراسیەت و شەفافیەت و سەروەری یاسا بۆ زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک نوکتەی ناخۆشن نەک هەر پێکەنینی پێنایەت، بەڵکو گریانیشی پێیان دێت!
هەربۆیە پێویست ناکات هەزاران وشە لەسەر زوڵم و نادادی ئەم دەسەڵاتەی وڵاتی خۆمان بنوسیت، تەنیا بڵێ "سەردەشت عوسمان"،  بۆ کەسێک ئەلفێکی بەس بێت دەزانێت دەڵێی چی!

منیش لێرەدا قسەکەی ئوستاد سەعید نورسی دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێت" هەر بژی ئاگری دۆزەخ لە بۆ زاڵمان!"  و، پێدەچێت هۆنراوەکەی عەبدوڵا پەشێو، لەم یادەدا وەک خیتامی میسک بێت:

لەو ساتەوە کە هاتن و دار چنارە شیکەکە...یان لولدا و ڕفاند
لەو ساتەوە کە هاتن و گوڵە جۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند
کۆتری خەم هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ
کۆڕی پرسەی هەموان تەواو
پرسەکەی من بەردەوامە و هەر جمەی دێ
داخی ئەوەم لە دڵدایە
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم
ئاگادار بە لەم وڵاتە ئەوەی قەڵەم چۆڕە چرا و ئاورگی بێ
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ
نە دەزانم نە دەشپرسم کێ بوون دابارینە سەری
ئیدی بۆ من وەک و یەکە بنیادەم بوون یان کەمتیار
بە چی هاتن
بە جام ڕەشێک یان بە جام ڕوون
بێ نمرە بوون یان نمرەدار
ئیدی بۆ من وەکویەکە
بەڵام پرسیم
پرسیم و دیسان دەپرسم
ئەو سبەینەی نرکە و بۆڵەی ئەو هەورەیان مت وکڕ کرد
ئەو سبەینەی ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد
ئەوێ ڕۆژێ یاسای سەروەر
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چوو بۆ کەمین
گیرفانی کێی دەپشکنی
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟
هەر پرسیم و پرسیمەوە
هەندێ دەڵێن
یاسای سەروەر مایەسیری گیری دابوو دوورەدەست بوو
هەندێک دەڵێن زۆر سەرقاڵ بوو
شورەی دەوری کۆشک و قەڵای هەڵدەچنی خەمی خەست بوو
هەندێ دەڵێن ئاسمانی ژوور باخەکەی خۆی تەلبەند دەکرد
لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو
هەندێ دەڵێن نەخێر
بێشکەی حکومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی
ناوە ناوە دایبیەکی لەپێ دەکرد
ناوە ناوە دایبیەکی دادەکەنی
هەندێ دەڵێن
نا ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شودانی کەرکوک مەست بوو
هەندێ دەڵێن لە بانکێکا پارەی دەژمارد
لە بەرچاوی (ڕژدیاندا زڕ و زڕت و) لەسەر هەست بوو
منیش دەڵێم کەس نەیزانی
یاسای سەروەر
سکچووی لێبوو لە ئاودەست بوو



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×