گەلێکی ھەژار له‌نێوان حکومەتێكی قەرزارو سەرکردەی حیزبی ملیاردێردا

تەحسین قادر
  2020-05-05     1217

ڤایرۆسی کۆڤید١٩ دۆخی ئابوری ئەو وڵاتانەی سەختتر کرد کە پشتیان بە داھاتی نەوت بەستووە، عێراق و ھەرێمی کوردستانیش لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەن، بەتایبەت دروستنەکردنی ژێرخانی ئابورییان زیان بەرکەوتنەکەی قورسترکرد.

بەکارھێنانی کەرتی گشتی بۆ ملیاردێرکردنی کەمینەیەک

فەرامۆشکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی ئاستی بەرھەمھێنانی ناوخۆییان دەستەوەستانکرد، ئەوەی بونیادیش نرابوو لە رابردوودا بەھۆی گەندەڵییەوە وێرانکرا، بۆیە خەڵکێکی زۆر کارەکانیان و دەرفەتی کاریان لە دەستدا.

ھاوشان لە پرۆسەیەکی فراوانتردا ‌بۆ کڕینی دەنگ و وەلا‌و لە کابینەی دووەمی حکومەتی ھەرێم و کابینەکانی دواتردا، کردیانن بە موچەخۆری حیزب و حکومەت و بەشێکی داھاتی گشتییان بۆ تەرخانکردن. بەمجۆرە زۆرینەیەکی موچەخۆر لە کەرتی گشتی دامەزرێندران کە رێژەی موچەکەیان بە زەحمەت بەشی بژێوی ژیانیانی دەکرد و نەیانتوانی ببنە خاوەن پاشەکەوتێک بەرگەی چەند مانگێکی بێ موچەیی بگرن. بەڵام بەرپرسانی حیزبی ناو حکومەت لە رێگای بەدەستھێنانی وەلائیانەوە تەمەنی حوکمڕانییان درێژکردەوە و لەو دۆخە سەختەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش ملیارەکانیان ھەر نەخستە خزمەت موچەخۆرانی بێ موچە و ھەستانەوەی ئابوری کوردستان لە کاتێکدا نرخی نەوت دابەزیوە و حکومەتی بەغداد موچە نانێرێت.

سیاسەتی ئابوری ھەرێمی کوردستان بووەتە ھۆی گۆڕینی مانا کلاسیکەکەی بێکاری و ھەژاری، بۆنمونە لە ساڵانی پێشوودا ئەگەر کەسێک ھیچ کارێکی بە ئەنجام نەگەیاندایە و داھاتی مانگانە یان رۆژانەی نەبوایە پێیان دەوت بێکار، کەسێک ھیچ سەرچاوەیەکی بژێوی نەبوایە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی پێیان دەوت ھەژار، بەڵام ئەمڕۆ فەرمانبەران لە یەک کاتدا بێکار و ھەژارن، ھەژارەکانیش چوونەتە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە.

بەمشێوەیە بە ملیاردێربوونی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار ودەستبەسەرداگرتنی ھێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی، لەسایەی باڵادەستی تێکەڵی حیزب لە حکومەت و لاوازی لێپرسینەوە و چاودێری لە لایەن پەرلەمان و داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و دادگاکان و دەستەی دەستپاکی و شاردنەوەی زانیارییەکان لە رۆژنامەنووسان، نازاندرێت ئەو ملیارانە چەندن، دەیانن یان گەیشتونەتە سەروو سەد. داخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی ٢ ساڵ لەلایەن حزبێکی سیاسی، دیارترین بەڵگەی راستی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتەکانە تا ھیچ چاکسازی و گۆڕانکارییەک نەیەتەبوون.

یەک وڵات و دوو جۆر ژیان

بەردەوامی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، جیاوازییە چینایەتییەکانی قوڵتر کردۆتەوە، کەمینەیەکی حیزبی بوونەتە خاوەن پارەیەکی زۆر و شێوە ژیانێکی تایبەت و دەسەڵاتێکی شێوە رەھا کە تەواو جیاوازە لە ژیانی زۆرینەی ھاوڵاتیان.

سەرکردەی ئەو حیزبانەی ئەمڕۆ وەک پاشاکانی سەدەی ناوەڕاست دەژین، لە راپەڕینی ١٩٩١ کاتێک لە شاخ و دەرەوەی وڵات گەڕانەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ خەڵک لێ بەدینەدەکرا، بۆیە جەماوەر بە رێزەوە لە ئامێزیان گرتن، ئێستا ھەر بۆ شەڕ و رۆژی دەنگدان بیر لە پێگەی ھاووڵاتییان دەکەنەوە.

بەڵام دواتر خۆ پیرۆزکردن و دەوڵەمەندکردن بووە ئامانجیان، شەڕی ناوخۆیان لەو پێناوەدا تازەکردەوە، پێشمەرگە و قاعیدەی حیزبی دڵسۆز و رۆڵەی ھەژاریان دابەکوشت، سەدام و داگیرکەرانی تریان ھێنایە سەر یەکتری.

لە ئەنجامدا کۆنترۆڵی داھاتەکانیان کرد، یارمەتی وڵاتانیان بۆ خۆیان وەرگرت، نەوت و گازی کوردستانیان بە ناوی ئابووری سەربەخۆ بە ناشەفافی دەرھێنا و فرۆشت، گرێبەستی ٥٠ ساڵی نەوت و گازی نھێنییان لەگەڵ تورکیا کرد، حکومەتیان قەرزدارکرد، میللەتەکەیان خستەژێرباری ھەژاری و باجی ھەڵە و گەندەڵییەکانیان.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، متمانەیان بە سیستەمی بانکی کەرتی تایبەت و گشتی لاوازکرد، ئەوەش بەھۆی ئەوەی حکومەت ئەو پارانەی خوارد و دەستی بەسەرداگرت کە خەڵک و کۆمپانیاکان لە بانک ھەیانبوو، ئەمەش رێگرە لەوەی جارێکی تر ھاوڵاتیان یان کۆمپانیاکان پارە لە بانک دابنێن، لە کاتێکدا سەرچاوەکانی ھەواڵ باس لە قەبارەی گەورەی پارەی بەرپرسانی حیزبی دەکەن لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات.

حکومەتی ھەرێم لە ماوەی ٢٩ ساڵی رابردوو دەرفەتی لەباری ھەبوو بۆ بنیاتنانی دامودەزگای دەستوری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری، دروستکردنی ھێزی نیشتیمانی پێشمەرگە و ناوخۆ، پەروەردەکردنی چەند نەوەی نوێ بە سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵای ھاوچەرخ و بەستنەوەیان بە ئابووری بازاڕەوە، پشتیوانی لە رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ، ئابووری بەھێز بە ھەمەجۆرکردنی کەرتە گشتی و تایبەتەکانەوە بەجۆرێک ئاسایشی خۆراک و ئاو و پێویستییەکانی خەڵک لە ناوخۆ دابینبکات و یەدەکێکی نەقدی ئەوتۆشی ھەبێت بۆ کارەساتی کتوپڕی وەک کۆڤید ١٩.

بەڵام ئێستا نەک ئەوانە نەکراوە، بەڵکو بە فەرمی حکومەت دەیان ملیار دۆلار قەرزارە، نەوتەکەی پارە ناکات و ناکۆکییەکانیشی لەگەڵ عێراق بەھەڵواسراوی ماوەتەوە و عێراقیش ناچێتە ژێر باری دابینکردنی مووچەی کوردستان.

ئەنجامی ئەم خراپ ئیدارەدانەی دەسەڵاتی سیاسی، سەرکردەی حیزبی بە پیرۆزکراو خستۆتەڕوو، حیزب کراوەتە ئامراز بۆ پارێزگاری دەسەڵاتی سەرکردەکان، زۆرینەی ئەندامان کراونەتە کۆیلەی حیزب و پەرژینی پارێزگاری لە سەرکردەکان، دوای خۆشیان ئەو دەسەڵاتە دەگوازرێتەوە بۆ کوڕ و نەوەکانییان.

لە ئێستادا چی بکرێت؟

لە درێژەی قەیرانی داراییدا، بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت وھەردوو حیزبی دەسەڵات، بۆ رەواندنەوەی گومان و رقی خەڵکی برسی، سەرەتا پێویستە  توانا داراییەکانییان بە ئەسێت و کاشەوە ئاشکرا بکەن، مانگانە بەشێکی بدەنەوە بە حکومەت ھەتا رێژەیەک لە مووچەی مووچەخۆرانی پێبدات. لامەرکەزیەتیش لەناو ھەرێم قووڵبکرێتەوە ھەتا ململانێی ناوخۆ پەرە نەستێنێت.

یاسای چاکسازییە پەسەندکراوەکەش جێبەجێبکەن بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان و نادادپەروەری.

پێویستە لە نێوان عێراق و ھەرێمدا لەم قۆناغە، ھەوڵی رێکەوتنێکی ھاوسەنگ  بدرێت کە ھەردوولا ھاوکاربن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، چونکە بە قۆستنەوەی ئەم قەیرانەی ھەرێم، عێراق دەیەوێت ئەو مافانەی کوردستان کە بە قوربانیدانی خەڵک بە درێژایی سەدەی بیست و لە راپەڕینی ١٩٩١ و لە دوای ٢٠٠٣ ەوە، لە دەستور بوون بە ئەمری واقیع لێیوەرگرێتەوە.

خەڵکی کوردستانیش بە دەوڵەمەندی گەورە و مامناوەندییەوە، کەریمی عەلەکە ئاسا، کۆمەکی یەکتری بکەن،  دراوسێ نەھێڵێت ھاوسێکەی بێ شیو بێت، خزم فریای خزمەکانی بکەوێت، ھەر کەسێک تۆڕێک لە ھاوڕێکانی دروستبکات بۆ ھاوکاریکردن.

بەشێک لە خەڵکیش دەستبەجێ رووبکەنەوە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، حکومەتیش بە یاسا قەدەغەکردنی ھاوردە و بە تاریفەی گومرگی نوێ، پارێزگاری لە بەرھەمی ناوخۆ بکات و پەرەی پێبدات.

بەمشێوەیە شیرازەی کۆمەڵگە ناپچڕێت، ئاشتی کۆمەڵایەتی دەپارێزرێت، پەلاماردان کۆنترۆڵ دەکرێت. بە ئومێدی ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا چارەسەری ڤایرۆسەکە بدۆزرێتەوە و بەدوایدا ژیانی ئابووری و دارایی و کۆمەڵایەتی وردە وردە ببوژێتەوە.

کارکردن بۆ گۆڕانکاری

دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخ، سەرژمێری دانیشتووان بکرێت، تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە، پیاچونەوە بە یاسا و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردندا بکرێت بەجۆرێک تاکەکەس و لیستی سەربەخۆ ھەلی بەشداربونییان بۆ برەخسێ لە ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەماندا، رێگە لە تەزویر بگیرێت، ئۆپۆزیسیۆنی تاکەکەسی و سەندیکا و رێکخراوی مەدەنی راستەقینە کارا تر بکرێن، تەنھا  حیزبی مەدەنی بێ میلیشیا و چەکدار بۆی ھەبێت بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکات. ئینجا ھەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، لەو بروایەدام دوای ئەم قەیرانە و دوای ئەزموونی شکستخواردووی حیزبی و حوکمڕانی ٢٩ ساڵی رابوردوو، ئەمجارە خەڵکی کوردستان بەرچاوروونتر دەبن بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×