دیموکراسیەت‌و ژیانی ڕۆژانە

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-01-08     1655

بەدرێژایی مێژوو دیموکراسیەت زۆر دوژمنی ھەبووە، لەئەرستۆکرات‌و پادشاو جەنەڕاڵەکانی سوپاوە بیگرە، بۆ ئەو نووسەرو ڕۆشنبیرو خوێندەوارانەی گاڵتەیان بەکۆمەڵگا دێت‌و خەڵک وەک حەشامەتێک لەگەمژە‌و نەزان‌و بێمێشک مامەڵەدەکەن. 

ھەموو ئەوانەش کە بەناوی ڕۆحانیەت و بەناوی ئامانج و مەبەستی مەزن و پیرۆزەوە گاڵتەیان بە ژیانی ڕۆژانە و بە ئامادەگیی مرۆڤ لەناو سیاقە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگییەکانی ئەو ژیانە، دێت.

دیموکراسیەت ھەم دوژمنی خوێندەوار و ھەم دوژمنی نەخوێندەواری ھەیە. بەڵام یەکێک لە خاڵە ھەرە پۆزەتیڤ و  بەھێزەکانی سیستمی دیموکراسی لەوەدایە کە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکەس و گروپ و کۆمەڵگا زۆر بە جدی وەردەگرێت. ئەو سیستمە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە کە  کێشە و ململانێ و چاوەڕوانیی و ئەگەرە باش و بەدەکانی ناو ئەو ژیانە وەک مەسەلەی سەرەکیی و بنەڕەتیی مامەڵەدەکات و لەسەر دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی ھاوبەش بۆ ئەو گشتە ئاڵۆزە کاردەکات.

دیموکراسیەت سیستمێک نییە بەدوای وەڵامدانەوەی ”پرسیارە ئەبەدیی“ و”قووڵ“ و  ”گەورەکان“ی مرۆڤەوە بێت، یان ھەڵگریی ”خەیاڵێکی میتافیزیکیی“ ئەبستراکت بێت و بەدوای ”کردەی گەورە“ و ”ڕوودوی پاڵەوانانە“ و ”ژێرەوژوورکردنەوە“ گەورەکانی کۆمەڵگا و مێژووەوە بێت. بکەرەکانیشی ڕۆحانییەکان و نوخبە فیکریی و ئەدەبییەکان نییە، بەڵکو خەڵکی سادە و مرۆڤە ئاساییەکانی ناو کۆمەڵگان.

بۆیە ھەموو ئەوانەی بە زمانی ”ئەبەدیەت“ و ”دیوە قووڵە“کانی ژیان و ”بەھا نەمرەکان“ەوە  ئەدوێن و قسەدەکەن، ئەوانەی خەریکی وێناکردنی کەون و مرۆڤن بە ڕۆحێکی ئەبستراکت و نارسیستیانەوە، ئەوانەی ڕقێکی گەورەیان لە خەڵکی ئاسایی ناو ژیانی ڕۆژانەیە و بەدبینییەکی گەورەیان بەرامبەر بە ململانێ ڕۆتینیی و ڕۆژانەییەکانی نێوان تاکەکەس و گروپەکان ھەیە، ئەوانە زۆرجار دیموکراسیەت بە گەمژەیی سیاسیی و مێژوویی دەزانن. دیموکراسیەت نووقسانی گەورە و جدیی ھەیە، بەڵام نووقسانییەک کە ھەر لەناو ژیانی ڕۆژانە خۆیدا چارەسەردەکرێت، نەک لە ناو گەڕان بەدوای ئەبەدیەت و ڕۆحانیەتدا. 

دوژمنی ژمارە یەکی دیموکراسیەت  ئەوانەن لەباتی بیرکردنەوە لە بوونی ”ماڵێک لەناو واقیع“دا بیر لە دروستکردنی ”ماڵێکی میتافیزیکیی و ڕۆحانی“ لە ڕووبەرێکی ئەبستراکت و بان مێژوویدا دەکەنەوە،  لە شوێنێکدا لە دەرەوەی واقیع و لەودیوی ململانێکانی ناو ژیانی ڕۆژانەدا. ئەم ھێزە نادیموکراسانە  پێیان وایە ئەرکی فیکر و بیرکردنەوە دەکەوێتە دەرەوەی بیرکردنەوە لەو کێشە و  مەسەلانەوە کە ژیانی ڕۆژانە دروستیاندەکات. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە و بەرخورد وەک تەعەداکردنە سەر ماڵە ڕۆحانیی و میتافیزکیی و ئەبستراکتەکانی ناو ”وجود“ و وەک تەعەداکردنە سەر مانا ”قوول“ و ”نەمر“ەکانی مرۆڤبوون، تەماشادەکەن. ئەمانە پێیان وایە ھەمیشە سەتحێکی تر ھەیە کە باڵاتر و مەزنترە لەوەی کە لەناو مێژوودا لە فۆرمی واقیع و ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە، ئەو ”سەتحە مەزنە“ ھەرچییەک بێت سەتحی ژیانی ڕۆژانە  و واقیعی بەرجەستەی ژیانی تاکەکەس و گروپەکان نییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×