'لە رۆژی زمانی کوردیدا، دەردە دڵێک'

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-05-15     748
پێم وابێت ئەمرۆ رۆژی زمانی کوردیە، یاخوا لێمان پیرۆزبێت، بەتایبەتی لە لۆتیەکان و موزیعە جوانەکانی تیڤیە پارەخۆرەکان و رادیۆ هەڵەوەڕەکان و زۆر تایبەتیش لە لایڤچیە جنێوفرۆشەکانی سۆسیال میدیا، خۆ کەس بەئەندازەی ئەوان سودیان لەم زمانە وەرنەگرتوە.

بەناشکوری خوا ناڵێم خۆ زمانی کوردی زمانی کتێب و مەعریفە نەماوە، بە هەزارەها کتێب بە کوردی نوسراون یان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، هەمویان لە کتێبخانەکاندا تۆز و خۆڵ خواردونی، بە هەزارەها خوێندەوارمان هەیە لەم داخرانە سەرتاسەریەی جیهاندا دوو لاپەڕەی نەخوێندۆتەوە، هەتا ئێستا هیچ کوردێک لەم فەیسبوکە باوەحیزەوە پارچەیەک شیعر، بەشێک لە رۆمانێک یان گۆشەی رۆژنامەیەکی بە مەسنجەر بۆ نەناردم. هەرچی ئەینێرن گەعدە و بەزمورەزمی قونبادان و پێکەنینە، یان باسی موچە و حیزبی دزوهینە، یان وێنە و ڤیدیۆی بوکە سەماکەرەی لایڤ و گەنگەی خۆبادانە. ئەها باسی رۆژنامەم کرد، باوی نەما، بەهەزارەها رۆژنامەی ساختەی ئۆنلاین دروست بون، هیچیان زەڕەیەک مەعریفەیان تیانیە، هەموی بە دوای هەواڵێکدا ئەگەڕێن کە بەدڵی خوێنەری کوردبێت، دەستم لێیان شتوە، هەمویانم ئەنلایک کردوە.

بە سەعات کاتی خۆت تەرخان ئەکەیت شتێک ئەڵێیت، شتێک ئەنوسیت، بیست کەس سەیری ناکات، سوێند ئەخۆم جارێ خۆم بە تەواوی تەڕەماشەکەم پۆستم نەکردوە، قەزا و بەڵا دوور ئەو وەک قازیفە لایکەکەی حازر کردوە، یەکسەر پێمەوە ئەنێت، کاکە بیخوێنەرەوە، دادە سەیری بکە، خۆ بۆ لایک نەمنوسیوە، یاخوا لایکت داوەشێت! بەگرەو لەگەڵتانی ئەکەم، لە هی خۆیەوە نا، بەڵکو هەر لەم فەیسبوکەی خۆمەوە وێنەی یەکێک لەو جوانکیلانەی ئێستای ئینستەگرام و تیکتۆک بڵاوئەکەمەوە، بزانم چەند لایک و دڵ و باوەشی بۆ دێت، بزانم چەند پیاوماقوڵی سمێڵ بابڕ خۆی و دایک و باوکی ئەکات بەساقەی؟ با سوێندی گەورە نەخۆم باوکم کە فەیسبوکی هەر نیە ئەویش لایکی بۆ ئەنێرێت، ئاخر ڕەبولعالەمین پیاوی کورد بۆ وا ئەکات!!

خەڵکی ئێمە خوێنەری کتێب نین، بەحساب زۆربەی زۆرمان موسڵمانین بەڵام کەمینەشمان قورئانیش ناخوێنینەوە، من نوێژ و رۆژو ناکەم، بەڵام زۆربەی جار قورئان و ئینجیل ئەخوێنمەوە، شتێکیان هەر لێهەڵەکڕێنم، پەندێکی باش، چیرۆکێکی قەدیمی، یان هەڵوێستێکی جوان. لەم وڵاتە ئەوروپیانە زۆربەی دایک و باوک ئەگەر باوەریشیان پێی نەبێت لانی کەم ئینجیل بە منداڵەکەیان دەخوێننەوە. مرۆڤ ئەگەر شتێکیش بنوسێت، گوناهە بە زمانێکی زیندوی وەکو ئینگلیزی یان ئەوانیتر نەینوسێت، ئەوەی ئەینوسی نامرێت، لەناو کوردا شاکاریش بنوسیت زوو ئەمرێت، بەڵام گەعدەیەک بکە و قسەی هەڵیت و پەڵیت بڵێ 'مەسەلەن گۆرانی دۆشاوی تەماتە'، هەتا قیامەت ڤیدیۆکەی دێت و دەچێت، نامرێ ئەوەی لە مێشک و لەسەر زمانی میللەتی سادە و بێ مەعریفەدا دێت و دەچێت...

خەجاڵەتی بەردەم قاپی ئەحمەیی خانی و فەقێی تەیران و مەلای جزیری و نالی و سالم و کوردی و مەولەوی و پیرەمێردی زانا و زۆرانی ترم، بەساقەی خۆڵی سەر گڵکۆکەی هێمنی شاعیری جوانپەرستبم، خۆی بۆ من و بۆ تۆ ماندوو کرد. ئەزانم ئەوە فەرمویەتی 'چاری دەردی کوردەواری خوێندنە هەر خوێندنە'، بەڵام دڵنیانیم کامیان فەرمویان 'بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان وەکو قەڵغان و سوپەرتانە'. ئەوان بڵێن چی میللەت خۆی گەمژەیە، پیرەمێرد گیان گوناهی چیە بەو دەزگا شەق و شڕەی خۆیەوە ئەو هەمو ژمارەیە لە رۆژنامەی 'ژین' ی چاپکرد کەس نیە بیخوێنێتەوە، توخوا فایەق بێکەس گیان ناحەقی بو کە بنوسێ:
شەرتە کەربم بارە گوێزم لێ بنێن خڕەی نەیەت؟!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×