تەماشای عەقڵیەتی حیزبی کوردی چۆن خەڵک سەرقاڵ دەکەن؟

مژدە محمود
  2020-05-15     1094
لەم دۆخە ناهەموارەی کە پێنج مانگی ساڵی ٢٠٢٠ تێپەڕیوە و یەک موچەی ئەم ساڵە نەدراوە، لەم دۆخەی کەوا بۆ سێ مانگ دەچێت فەرمانبەران موچەیان وەرنەگرتووە، لەم دۆخەی کە کاسبکاران و ناوبازار لە دۆخێکی سەختدان و لوتکەی بێ بازاڕی و بێکارییە، بزانن حیزبەکان خەریکی چین؟

(یەکێتی و پارتی) میللەتیان سەرقاڵ کردوە بەوەی کە کۆدەبنەوە یاخود کۆ نابنەوە، سەیریش لەوەدایە هاوڵاتی فەقیری ساویلکە هەیە، دیناری لە گیرفان نییە و سێ مانگە موچەی وەرنەگرتوە، پرسیاری کۆبونەوەکە دەکات.

(پارتی و گۆڕان) لە ئێستا لە گفتوگۆن سەبارەت بەو پۆستانەی پێشتر لەسەری ڕێک کەوتوون و تا ئیستا پارتی پۆستەکانی نەداوە بە گۆڕان و بڕیارە لەم چەند رۆژە یەکلای کەنەوە.

(یەکێتی و کۆمەڵ) سەرقاڵی سەرپەرشتی و دروستکردنی بەرەیەکن بۆ ئەوەی پەرلەمان نەچنە ژورەوە بۆبپەرلەمان و ئەو دامەزراوەیە پەک بخرێت لەسەر بابەتی پارێزبەندی، نەک لەسەر ئەوەی سێ مانگە موجە نەدراوە، نەک لەسەر ئەوەی دوو حیزبی دەسەڵات ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم میللەتە دەبەن و داهاتی وڵات دیار نییە.

(یەکگرتوی ئیسلامی)یش بەیاننامەیەکی دەرکردوە دوینێ شەو و دەڵێت ناچینە هیچ بەرەیەکەوە.

نەوەی نوێش پرۆژەیەکی پێشکەش کردوە بە دەسەڵات و هەمو حیزبەکان بۆ جارەسەری قەیرانی ئابوری و دەستبەجێ چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەران و هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە، وە هەروەها لە ئێستادا سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری و ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەم دۆخە ناهەموارەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.(بەڵام تا ئێستا هیچ هێزێکی سیاسی هاوهەڵوێست نیە و پشتیوانی ئەو داوایە ناکەن.

ئێستا تۆی هاوڵاتی، تۆی موچەخۆری بێ موچە ، تۆی کاسبکار و دوکانداری بێ بازار و بێ کەسابەت، پێم بڵێن ئەو جۆرە لە حیزبایەتی چی دەگەێنێت لای تۆ و چۆن لێی دەڕوانیت؟ پتم بڵێ کێ لە خەمی خەڵکدایە و کێش خەریکی کۆبونەوەی بێ مانا و دروستکردنی سیناریۆیە بۆ مەشغوڵکردنی خەڵک و هاوڵاتییان.

یەکێک پێم بڵێ لەم لوتکەی بێ پارەیی و بێ موچە و بێ بازارییەدا، ئایا کاتی ئەوەیە حیزبەکان لەسەر ئەو بابەتە بێ مانا و بچوکانە کۆببنەوە یاخود لەسەر قەیران و کێشەکانی خەڵک؟یان دەبوو ئێستا داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری و راپەڕینیان بکردایە؟

ئەی تۆی هاوڵاتی، کە دۆخت خراپە، ئێستا خەمی ئەوەتە حیزبەکان کۆدەبنەوە؟ یاخود دەبێت خەمی خۆت و وڵاتەکەت و دۆخی حوکمڕانی و ئابوریت بێت؟

بەراستی زۆر جار مرۆڤ دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە پێی شەرم بێت بەم جۆرە سیاسەت و حیزبایەتی بکات، بەڵام سوپاس بۆ خوا کە تا ئێستا نەوەی نوێ ڕێگای راستی ون نەکردوە و هەر لە سەرەتاوە کە دروست بووە هەڵگری خیتابێکی جیاواز و شێوازێکی جیاوازە لە سیاسەتکردن.

نەوەی نوێ دروشمێکی زۆڕ ڕون و ئاشکرای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە حیزبی سیاسی بۆ ئەوە دروست بووە کێشەی خەڵک چارەدەر بکات، نەک کێشە بۆ خەڵک دروست بکات و پاشان هاوڵاتییان بە کێشەکانی خۆی و کۆبونەوەکانی خۆیەوە سەرقاڵ بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×