"گولـلەی بەزەیی"

زانیارقادر
  2020-05-15     1570
     " لە پەراوێزی  سەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمان لەسۆران عومەر "

دەمێک بوو پەرلەمان لە پەلوپۆکەوتبوو، هەر لەوکاتەوەی سەرۆکی حکومەتی پێشو  ئامۆزای یەکەم و بارزانی سێیەم (نێچیروان بارزانی )،  تاقەتی لە پەرلەمان نەما و ناردیەوە بۆ ماڵەوە، پەرلەمان کەوتە سەرجێگا و وەک کەنەفتێک هەر لە گیانەڵادابووە. تەنها شتێک وایکردبوو ئێمە وابزانین گیانی تێداماوە یاخود نەمردووە، ئەوە بوو جارجارە لەسەرزاری هەندێک ئەندام پەرلەمانەوە نوزەیێکی دەکرد و بنلێوەکی بۆڵیێکی لێوەدەهات.
بەڵام خەڵکی هەموو دەیانزانی کە پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی نوێ، ئامۆزای دووەم و بارزانی چوارەم (مەسروربارزانی)، ئەمەی بۆناچێتەسەر، ئاخر ئەمیان  (بارزانی چوارم)  هەمووان لەمێژە دەیناسن بڕێک توڕەیە و هەرگیز خۆشی لە ڕەخنەو نوزەنوز نایەت.
بۆیە هەمووان لەسەرەتاوە دەیانزانی ئەم بۆڵە بۆڵە سەری پەرلەمان دەخوات. تا دواجار سەرۆک و لیستەکەی بەبەرچاوی تەواوی لیستەکانی دیکەوە، پەرلەمانیان لەسەرجێگای مەرگ ڕفاند ویەک  " طلقة الرحمة" یێکیان نا بەناودەمییەوە و قڕوقەپیان پێکرد و نوزەیان لێبڕی.
ئێستا پەرلەمان مردووە. بۆیە تا بۆ گەنی نەکردووەو لە بەرچاوی دۆست ودوژمن ئابڕوی نەبردووین، دەستمان دامێنتان هەتا زووە دایپۆشن و بیشارنەوە و، پرسەکەشی هەر لەو باڵەخانەیەدا کە ناوی حکومەتی لێنراوە بۆ بگێڕن.
 ئیتر کەس نازانێت بکوژی ڕاستەقینەی پەرلەمان خودی حکومەت خۆیێتی، بەڵام بەمەرجێک تەواوی وەزیرو سەرۆکی حکومەت لە پرسەکەدا ئامادەبن و، لەبەرچاوی حەشامەت وئامادەبواندا لێوبەباردابنیشن و، جارجارەش ئاهێکی بۆ هەڵبکێشن.
دواتر خەڵک وئێمەش دێین و سەرەخۆشیتان لێدەکەین و، بڕێکیش بۆتانی دەلاوێنینەوە، دەڵێین خوالێیخۆش بێت، دەمێک بوو داماوە بەدەم ئازاری مەرگەوە دەیناڵاند، بەڕاستی پەرلەمانێکی گوناح وبێوەی بوو، لەوەتەی هەیە هەرگیز وەک پەرلەمانەکانی دیکەی وڵاتانی دنیا چەتون چەقاوەسو نەبووە. خۆ ئەم بەستەزمانە هەر بەناو پەرلەمان بوو ، ئەگینا دەتگوت مقەبایە، کوا وەک پەرلەمانی  بریتانیا دەمهەراش وچەتوون بوو، کە گوایە دەڵێن ئەوەندەی دەسەڵات هەیە " تەنها ناتوانێت ژن بکات بە پیاو"،  
ئەم پەرلەمانە لەم هەرێمەدا چەند حکومەت  دەستاودەستی کردووە، خواهەڵناگرێت هیچیان گلەیی سەرەپوشکەیێکیان لێینەبووەو، هیچ خول ودانیشتنێک ناڕەحەتییان لێنەبینیووە، پەرلەمانێک بوو قەت عەیبی کەسی هەڵنەدەدایەوە وچاودێری هیچ فرمان وبڕیارێکی نەدەکرد.
 هەندێک لە ئەندامە سەرەڕۆ و بزۆزەکانی لێدەرچێت، هیچکات بەدوای خراپەی هیچ دەسەڵاتدارێکەوە نەبووەو، هەرگیز چاوی لەسەر پارەو داهاتی حکومەت وهیچ دەزگاو کۆمپانیایێکەوە نەبووە. خوا ئاگادارە هەتا کوشتیان کەسمان بەچاک وخراپ بڕیارێکی جدیمان لێنەبینی.
 تا بڵیی پەرلەمانێکی دڵ و دەروون پاکبوو، بەس قسەی هەبوو، ئەوەش هەرکەسێک بیناسیایە کە تەنها گاڵتەدەکات وبەڕاستی نیە و، تەنها زمانی هەیە و ملی بۆدەسەڵات لە موو باریکترە، هەرگیز قسەکانی لە دڵ نەدەگرت. خوا لێیخۆشبێت و بە کردەوەی خۆی لەگەڵ بکات .
 هەدیەتەن . " الفاتحة ".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×