دەستەکان ببڕن!

بەشدار عوسمان
  2020-05-19     587

(دەستێک) لە پشتەوەی دەستبەسەراگرتنی زەوی و زار و بەرزرکردنەوەی کۆشک و ڤێلا و ئاپارتمانەکانی خۆتان و منداڵ و نزیکەکانتانە ؟ (دەستێک) لە پشتەوەی فەرهودکردنی سامانی ئەو وڵاتە و بردنە دەرەوەی پارەکانیانە،(دەستێک)لە پشتەوەی فەرامۆشکردنی کەرتی تەندورستی گشتیە وایلێهاتووە و هیچ نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی حکومی چاکنابێتەوە ؟! دەستێک لە پشتەوەی دورستکردنی قوتابی و خوێندکاری یەخسیر و نەخوێندەوارە لەرێگای بەحزبیکردنی پەروەردە و فێرکردن و سپاردنی بە کادیرە حزبیەکان، بەڵێ دەستێکی رەش لە پشتەوەی بێ ئیرادەکردن و تێکشکاندنی نەفسیەت و شەخسیاتی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە و سی ساڵە بە پلان و پارە و پەروەردە، ئاگر و ئاسن و توندوتیژی دەستەکەیان درێژتر دەبێتەوە، ئەوە دەستێکی تێکدەرە رێگا نادات جادە و رێگاوبانەکان سەلامەت بن و رۆژانە دەیان قوربانی لێ بکەوێتەوە،ئەوە دەستێکە سێ دەیەیە پلانێکتان دانەنا دوو کارگە و کارخانە بخەنەگەڕ و گەنجەکان بچنە سەر کاری خۆیان و ناچارنەبن ببن بە باخەون و پاسەوانی ماڵ و کۆشک و باخەکانتان،دەستەکانی پشتەوەی بێ ئومێدی و کۆچی گەنجانی ئەو وڵاتە و خنکانیان لە ئیجە، دەستێکی ناشیرینە و دەبێت ببڕدرێت .
ئەوە ئەوپەڕی سووکایەتییه‌ بەرامبەر بەخەڵک، سەروەت و سامانەکەی بۆ خۆت ببەی و لە هەموو سیما و روخسارێکی کۆمەڵگای ئینسانی بێبەشیبکەیت و بچوکترین بەرپرسیاریەتی نیشان نەدەیت لە ژیان و گوزەرانیان،تەنانەت کرێی رۆژانەی کارکردنیان پێ نەدەیت و لەکاتی نارەزایەتییش بە خائین و تێکدەر و نۆکەری بێگانە تاوانباری بکەی و رەوانەی زیندانەکانیان بکەی، ئەو مامەڵانە لە فه‌رهه‌نگی دەسەڵاتێک جێگه‌ی نابێتەوە که‌ تۆزقاڵێک نزیکایەتی بە ماف و ئازادییەکانەوە هەبێت .
ئەوە ئێوەن شارەزایی و ئەزموونی باشتان لەرێگه‌ی تاران و ئەنقەرە هەیە، نەک خەڵکی کوردستان! ئەوە خەڵک نەبووە دەستی خوێنڕێژترین رژێمە دکتاتۆرەکانی راکێشابێ و کارەسات و موسیبەتی بەسەر ئەو کۆمەڵگایە هێنابێت، ئەوە خەڵک نەبووە رێگای دابێت هەرچی دەزگای جاسوسی و سیخوڕی هەیە لەم سێ شارەدا تەراتێن بکەن .
سەیری ئەو بەدبەختییه‌ بکەن، دوایی چەندان ساڵ لە سەبر و ئارامی و سگ کوشینی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ مووچە و کرێی مانگانەکەی دەنگی هەڵبڕیوە، کەچی بە تێکدەر و لە پشتەوەبوونی (دەستێک) تۆمەتباریان کردن، خەڵک چیتر توانای بینینی ناعەدالەتیەکانی نەماوە کە رۆژ لەدوایی رۆژ کێرڤەکەی بەرزدەبێتەوە ،خەڵک دەبینێت و دەبیستێ، دەسەڵاتداران چۆن دەژین و لە چ نازونیعمەتێکدا دەیگوزەرێنن و لەملاشەوە سفرەی هەژارانەتر دەبێت و چارەنوسی مناڵ و قوتابیەکانیشی بە چارەنوسێکی رەش و نادیار دەسپێردرێت.
 پەیامی نارەزایەتی خەڵک روونە و چیتر سوکایەتیان پێمەکەن،ئەوان دەڵێن:  ئێمە کۆشک و تەلارەکانی ئێوە دەبینین و ئێوەش دەبێت بە کەلاوەنی ئێمە ئاشنابن، ئێمە دەزانین ئێوە تێر و پڕن، هیچ بەهانەیەکیش نیە ئێمە برسی  بین. پارە و ئیمکانیاتی زۆر بۆ بڕینی ئەو دەستانە سەرف مەکەن وەکو پێشتر کردوتانە ،هەر ئەوەندە واز لە بزنس و کۆمپانیا و گۆڕینی مۆدیلی ناوماڵ و ئۆتۆمۆبیل و گه‌شتی وڵاتان و تاپۆکردنی زەوی و تەپۆڵکەکان بهێنن و ئەو (دەستە)ببڕن.
(دەستەکانی)پشتەوەی نارەزایەتی کوردستان بۆ نان و مووچە،بۆ ئازادکردنی زیندانیەکان، دەستێکی پیرۆزە و دەبێ بپارێزرێ کە دەستی باشکردنی ژیانی خەڵکە، دەستی گەیشتنە بە ئازادی کە ساڵانێکە بۆی تێدەکۆشێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×