دەردەکوردو پەندی مێژوویی...

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2020-05-19     1603

لە ئەم وتارەدا، لەسەر لاوازیی هەستی نەتەوەیی، ناکۆکیی، دووبەرەکیی، ناپاکیی و خۆخۆریی کورد، لە هێندێ سەردەمی جیاوازی مێژووی کورددا، سێ نموونە دێنمەوە. لە کۆتاییشدا، دید و بۆچوونی خۆم دەردەبڕم.


(1)

(شه‌ره‌فخان) له‌ (شه‌ره‌فنامه‌)دا بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، گوایه‌ کاتێ به‌شی هه‌ره‌ زۆری (کوردستان)، له‌بنده‌سی ئیمپراتۆریای (عوسمانیی)دا بوو، سوڵتان (سەلیم) والییه‌کی بۆ نێوچه‌ کوردنشینه‌کان ناردووه‌، به‌ڵام خه‌ڵه‌که‌که‌‌ په‌سه‌ندیان نه‌کردووه‌ و سوڵتانیش زۆر تووڕه‌بووه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ویستوویه‌تی، هێزێکی گه‌وره‌یان بۆ بنێرێ و نێوچه‌که‌یان وێرانکه‌ن.
.شالیارێکی ژیری هەبووە، گوتوویەتی: گەورەم! کوردەکان گه‌لێکی ئازان، گەر لەگەڵیان بجه‌نگین، زۆرمان لێ دەکوژن. باشتروایه‌،‌ ڕێیانبده‌ین، لەنێوخۆیاندا والییه‌ک هەڵبژێرن.
 سوڵتان قسه‌ی شالیاره‌که‌ی په‌سه‌ندکردووە. پاشان فرمانێکی دەر‌کردووە، سه‌رۆک تیره‌ و هۆزه‌ کورده‌کان، له‌نێوخۆیاندا ڕێککەون و والییه‌ک هه‌ڵبژێرن.
به‌ڵام سەرۆک تیره‌ و هۆزه‌ کوردەکان، له‌نێوخۆیاندا ڕێک نەکه‌وتوون و کەسیان دانیان به ئه‌وی دیکه‌دا نەناوە، تا‌ والیه‌کی کورد دانێن. له‌به‌رئه‌وه‌ په‌لاماری یه‌کدیان داوە‌، گه‌لێکیان لە یەکدی ‌کوشتووە. ئیدی له‌تاواندا، هێندێ کوردی ناسراو و دڵسۆز، بۆئەوەی خوێنی پتر نەڕژێ، په‌نایان بۆ سوڵتان بردووە و داوایان لێ ‌کردووه‌، فریایانکه‌وێ، ئه‌گینا شاره‌که‌یان وێرانده‌بێ!
سوڵتانیش والییەکی توورکی بۆ ‌ناردوون، ئیدی کۆتایی به‌ جه‌نگی نێوخۆی نێوان تیره‌ و هۆزه کوردە‌کان هاتووە، هه‌مووشیان سه‌ریان بۆ دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای عوسمانیی شۆڕ‌کردووه‌. که‌چی خۆیان نه‌یانتوانیوە، له‌نێوخۆیاندا ڕێککەون و پیاوێکی باش هەڵبژێرن، هه‌موو پێکه‌وه‌ وه‌ک برا، به‌ هێمنیی و ئاشتیی بژین. له‌بری ئه‌وه‌ سه‌ربه‌رزییان به‌ سه‌رشۆڕیی، سه‌ربه‌ستیشیان به‌ ژێرده‌سیی گۆڕیوەته‌وه‌! 
ئاخر ئه‌وه‌ته‌ی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد دووگوێیان لێ ڕواوه‌، هه‌ر وا بوون. بۆیه‌ (6) هه‌زار ساڵه،‌ له‌ ئه‌م نێوچه‌یه‌دا ده‌ژین، هیچمان به‌ هیچ نه‌کردووه‌، تا له‌سه‌ر ئه‌م ڕێوشوێنه‌ خراپه‌ش به‌رده‌وامبین، هه‌رگیز هیچ به‌ هیچ ناکەین. چونکه‌ چۆن کفته‌ له‌ لم درووست ناکرێ، ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش، له لم درووستکراون و‌ له‌ قووڕ درووست نه‌کراون‌، بۆیه‌‌ پێکه‌وه‌ نانووسێن!
 ئه‌م په‌نده مێژووییه‌ش‌ ناکۆکیی، دووبه‌ره‌کیی و ناپاکییه‌کانی، مێژووی هاوچه‌رخی هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی) باشووری (کوردستان)م بیرده‌خاته‌وه‌، چونکه‌ قۆناغه‌کانی ناپاکیی (1966-1970، 31. 8. 1996 و 16. 10. 2017)، هێشتا هەر هەڵاوی لێ هەڵدەسێ و له‌ بیره‌وه‌ریی نیشتمانپه‌روه‌راندا کاڵ نه‌بوونه‌ته‌وه‌! ‌


(2)
له‌ کاتی جه‌نگی (عێراق – ئێران)دا، ڕۆژێ (سه‌ددام حوسێن)، سه‌ری له‌ تیره‌ و هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانی نێوچه‌ی پارێزگه‌ی (عه‌ماره‌) ‌داوە. ماوه‌یه‌ قسه‌ی بۆ ‌کردوون و پاشان گوتوویەتی: کێ پرسیارێ یا داواکارییه‌کی هه‌یه‌؟
سه‌رۆک هۆزێ گوتوویەتی: گه‌وره‌م، تۆ (فه‌وجی سووک)ت، بۆ کورده‌کان کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ی بۆچی بۆ ئێمه‌ی ناکه‌یته‌وه‌؟!
سه‌ددام: ئاخر ئه‌وان ئازان و زۆر به‌ دڵوکوڵه‌وه‌ ده‌جه‌نگن.
سه‌رۆک هۆز: قوربان ئێمه‌ش ئازا و دڵسۆزین.
سه‌ددام: ئه‌و پیاوه‌ی له‌ ته‌نیشته‌وه‌ دانیشتووه‌، کێیه‌؟
سه‌رۆک هۆز: برامه‌.
(سه‌ددام) به‌ یه‌کێ له‌ سه‌ربازه‌کانی گوتووە: ئه‌و کڵاشینکۆفه‌ی به‌رێ. به‌ سه‌رۆک هۆزه‌که‌شی گوتووە: فه‌رموو براکه‌ی خۆت بکوژه‌.
سه‌رۆک هۆز: گه‌وره‌م داوای لێبووردن ده‌که‌م، من ناتوانم، برای خۆم بکوژم؟
سه‌ددام: ئاخر کورده‌کان بۆیه‌ ئازان، چونکە بۆ پاره‌، برای خۆیان ده‌کوژن! 
به‌ ڕاستیی، هه‌ر سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌‌ داگیرکه‌ره‌کان‌، ئێمه‌یان باش ناسیوه‌، بۆیه‌ به‌ ئه‌و شێوه‌یه، هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ کردووین. ئاخر ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کیی، نێوان ڕیزه‌کانی گه‌ل، هه‌ڵپه‌ی سه‌رانی پارتەکانی (کوردستان) بۆ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له‌ کۆنه‌وه تا ئەوڕۆ‌ ده‌رده‌کورد ‌بوون، ئه‌گینا دوای (100) ساڵ خه‌بات و خوێنڕشتن، ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ باشووری (کوردستان) ڕووده‌دا، ناویبنێن چی؟!!


(3)
(لۆنگریک - ,Stephen Hemsley Longrigg 1893-1979)، مێژوونووس و فەرماندەی لیوای پایەبەرزی بەنێوبانگی (بریتانیا)، سەبارەت بە ناکۆکیی، دووبەرەکیی و جەنگی نێوخۆی کورد گوتوویەتی:
(گەر میرەکانی بابان، بە ئەو جۆرە لەنێوخۆیاندا تێک نەچوونایە، بە چەکی عوسمانییەکان و فارسەکان، ڕۆڵەکانی کوردیان لەناونەبردایە، میرنشینەکەیان هەر دەما و پەرەشیدەسەند و بەهێزیشدەبوو. ئەوسا توورک و ئێرانیش، لێیان دەسڵەمینەوە.
خۆ گەر بهاتایە، لەگەڵ ئەردەڵانییەکان یەکیانبگرتایە و میرنشینەکانی دیکەی کوردیان، لەگەڵ بوونایە، ئەوانەی کوردستانی گەورە، کە سەربەخۆییەکی تەواویان هەبوو، لە ئەم یەکگرتنە، دەوڵەتێکی کوردییان پێکدەهێنا، کە نە بە زەمین و نە بە ژمارە، لە ئێران یا عوسمانییەکان، کەمتر نەدەبوون. بەڵام تەماع و چاوبڕینە جیگا، لەنێو میرەکانی کورددا و شەڕی ئایینیی نێوان سووننە و شیعە ... ئەمانە گەورەترین هۆ بوون، بۆ سەرنەگرتن و فەوتانی سەربەخۆیی کورد.)  


(4)
پرسیارەکە لیرەدا ئەمەیە: ئایا ئێستە، دوای پتر لە سەدەونیوێ لە ڕوخانی دەسەڵاتی ئەو میرنشینانە، چی لە باسەکە گۆڕاوە؟!! لە وەڵامدا، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئێستەش لە ئەو بارەیەوە، زۆر شتی گرنگ نەگۆڕاوە. چونکە لەبری ئەو میرنشینانە، چەن پارتێکی ڕامیاریی لە (کوردستان) دامەزراون، لەبری ئەو میرانەش، چەن بنەماڵەیەکی نوێ پەیدابوون، جێی ئەوانیان گرتووەتەوە، وەک میرەکانی (بابان) هەڵسوکەوتدەکەن و لەنێوخۆیاندا ڕێک ناکەون، بە پیلانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا) و (ئێران)یش، لە یەکدی بەربوون. ئایا ئەمە دەردەکورد نییە؟!!
ئەرێ ئەم گاڵتەجاریی و کارەساتە مێژووییە، کەی کۆتاییدێ؟!! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)، هۆشێ بەبەرخۆیاندا بێننەوە، بیرێ لە باری نالەباری کورد بکەنەوە، ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی نیشتمانەکەیان لەبەرچاوبگرن؟!!
ئاخر، گەر دوای ئەو هەموو ئەزموونە تاڵانە، کاتی ئەوە نەهاتبێ، پەندێ لە مێژووی لەخوێنهەڵکێشراوی کورد وەرگرن، ئایا باشتر نییە، واز لە کورد بێنن، چیدیکە بە ناوی مافەکانی کوردەوە، ڕۆڵەکانی کورد بەکوشتبدەن؟!! ئایا شەرمەزارنابن، دوای ئەم هەموو جەنگە چەپەڵە کوردکوژێیە، دوای ئەم هەموو دووبەرەکیی و ناپاکییە، دوای ئەم هەموو تاڵان و بڕۆیە، باسی کوردایەتی بکەن؟!! هەق وایە، جارێکی دیکە، ڕەخنە لە سەرکردە کۆنەکانی کورد نەگرن و بێدەنگ بن؟!! 



وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×