قایمقامی قەزای پێنجوین، ئەو هەواڵانە بە "پڕوپاگەندی نازانستی"
ناودەبات كە لەبارەی بەرهەمی شوتی قەزاكەوە بڵاودەكرێنەوە گوایە خواردنی زیانی بۆ
تەندروستی هاوڵاتیان هەیەو هەڕەشەی گرتنەبەری رێكاری یاساییش بەرامبەر بەو كەسانە
دەكات كە ئەو "پڕوپاگەندانە" بڵاودەكەنەوە.
ئاوێنە: زانا رەحمان رەحیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن، ئێوارەی ئەمڕۆ
پێنجشەممە، لەڕونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند"لەچەند
ڕۆژی ڕابردودا پڕوپاگەندەیەکی نازانستی بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شوتی پێنجوێن بۆ خواردن
نابێت و مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیانی خۆشەویست دروست دەکات."
وتوشیەتی"وەک قائیمقامیەتی قەزای پێنجوێن داوامان لەبەڕێزان بەڕێوەبەرایەتی
گشتی کشتوکاڵی سلێمانی کردوە کە لەڕوی زانستییەوە ڕونکردنەوەی پێویست بدەن بە هاوڵاتیان
کە سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانە ڕاست نییە و لیژنەیەکی زانستیش بنێرن بۆ سنوری قەزای پێنجوێن
تا لە نزیکەوە چۆنێتی بەرهەمهێنانی شوتی لە کێڵگەکاندا ببینن."
قایمقامی قەزای
پێنجوێن لەكۆتایی رونكردنەوەكەیدا جەختی كردۆتەوە"وەک قائیمقامەتی
قەزای پێنجوێنیش لەڕێگەی بەڕێز جێگرایەتی داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر
بەرامبەر بەهەمو ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانەوێت ڕەنجی جوتیارە دڵسۆزەکانمان بەهەدەر
بدەن."
رونكردنەوەكەی
قایمقامی پێنجوێن دوای ئەوە دێت كە لە ڤیدیۆیەكدا كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
بڵاوكراوەتەوە، كەسێك لە یەكێك لە كێڵگەكانی شوتی نێو پێنجوێنەوە باس لەوە دەكات
بەرهەمی شوتی بە دەرمان و بە ماوەی 20 رۆژ پێدەگەیەندرێت و "زیانێكی زۆری"
بۆ تەندروستی هاوڵاتیان هەیە.
لەسەر بنەمای ئەو گرتە ڤیدیۆییە عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان
لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبو''لهگهڵ بهڕێز وهزیری کشتوکاڵ و بهڕێوبهری
کشتوکاڵی سلێمانی قسهمان کردوه و بڕیاردرا بهدواداچون و لێکۆڵینهوه بکرێت و بڕیاری
پێویستی بۆ دهردهکرێت''.
ئاماژەى بەوەشکرد بو''ئهگهر ئهمه ڕاست بێت کارێکی مهترسیداره، ئهگهر
دروستکراویش بێت بۆ دژایهتی بهرههمی ناوخۆیه و دهبێت ئهوانه سزا بدرێن''.