پەکەکەو 15ی ئاب
  2019-08-16       1830       

ئا: ئاوێنە



15ی ئابی 1984، خاڵی وەرچەرخان‌و رۆژێکی مێژوییە لەخەباتی رزگاریخوازی کورددا، ئەو تەقانەی لەو رۆژە گەرمەی هاویندا كران، سەرهەڵدانی هێزێكی كارایان لەكوردستان‌و لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دونیاشدا راگەیاند کە پەکەکەیە.


بیرۆكەی دامەزراندنی پەكەكە، دوای نائومێد بونی عەبدوڵا ئۆجەلان‌و هاوڕێكانی لەبزوتنەوەی چەپی توركی هاتە ئاراوە. لە27/11/1978دا، بیست‌و سێ‌ گەنجی كوردو تورك‌و لازو گورجی پێَكەوە لەگوندێكی نزیك دیاربەكر پارتی كرێكارانی كوردستان PKKیان دامەزراند، هەرچەندە لەڕاستیدا دامەزرێنەری سەرەكی‌و خودان فكرو پلان‌و بەرنامەی پەكەكە، عەبدوڵا ئۆجەلان بو.


ساڵێك بەدوای دامەزراندنی پەكەكەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان توركیا بەجێدەهێڵێت‌و رودەكاتە سوریا‌و لوبنان، پاشان بەهۆی پشێویی هەلومەرجی سیاسی توركیا‌و كودەتای سەربازییەوە بەچەند شەپۆلێك زۆربەی دامەزرێنەرانی پەكەكە بەرەو بەیروت‌و شام هەڵدێن‌و رایەڵێك پەیوەندی لەگەڵ جەبهەی دیموكراتی "نایف حەواتمە"‌و جەبهەی شەعبی "جۆرج حەبەش"‌و جەبهەی نزالی "سەمیر غۆشە"‌و پاشان لەگەڵ رێكخراوی فەتحی یاسر عەرەفاتدا دروستدەكەن‌و ساڵی 1982 لەكاتی هێرشی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر لوبنان، 12 كەسیان دا لێ شەهید دەكرێت.


هەر لەهەمان ساڵدا، پەكەكە لەكۆنفرانسی دوەمیدا، بڕیار لەسەر گواستنەوەی خەباتی چەكداری بۆ ناو خاكی توركیا دەدات. لەو رۆژگارەدا سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێینابوە زنجیرەیەك گۆڕانكاری گەورەوە: شۆڕشی ئێران‌و هەڵگیرسانی جەنگی عێراق‌و ئێران، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هەڵكشانی خەباتی چەكداریی لەرۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان، كودەتای سەربازیی لەتوركیا، هەلومەرجێكی گونجاویان بۆ كارو خەباتی پەكەكە رەخساندبو.


لە15ی ئابی 1984دا، 300 گەریلای پەكەكە بەفەرماندەیی مەعسوم قرماز "عەگید" یەكەم چالاكی سەربازییان لەنێو خاكی باكوری كوردستاندا ئەنجامداو خەباتی چەكدارییان لەباكوری كوردستاندا هەڵگیرساند.


گرنگی ئەم تەقە كردنە لەوەدا بو كە كورد لەو سەروەختەدا لەهەڵدێری تیاچوندا بو، ئەم تەقانە ژیانیان كردەوە بە بەری گەلێكدا كە تەنانەت مافی پەیڤینی بەزمانی زگماكی خۆی لێقەدەغە كرابو، 15ی ئاب ئەو رۆژەیە كە ترسی دەیان ساڵەی كوردی تیا شكا.


پەكەكە ئەو كەسێتییە چەوساوە‌و بندەستەی كوشت كە ساڵانێكی درێژخایەن بو لەسایەی ترسدا ژیانی بەسەردەبرد، كەسێتی كوردی لەتوركیادا كرد بەكەسێتییەك كە متمانە‌و شانازی بەخۆی‌و بەنەتەوەكەیەوە بكات، "لەتوركیادا كورد پاشماوەی كۆمەڵكوژی بو، پەكەكە لەلێواری مردن گەڕانیەوە".


پەكەكە تاكە هێزی سیاسی كوردە رێكخستنەكانی دەخزێنێتە هەمو پەناو پەسێوێكەوە كوردی تیا بژی. هەربۆیە بەهەزاران گەنجی كورد لەسێ‌ دەیەی رابردودا لەهەر چوار پارچەكەی كوردستاندا وەك "راهیب" بونەتە گەریلای ئەم هێزەی بەرامبەر بەدووەم سوپای گەورەی ناتۆ دەجەنگێ‌‌.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×