'کورتەیەک لە تێڕوانینەکانی ئۆجالان بۆ سیستم و بزوتنەوە رکابەرەکانی'
  2019-08-16       998       

د. شوان عەبدوڵا حەمەد


لە باسی کۆتایی هاتنی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری و دەرکەوتنی مۆدێرنەتەی دیموکراتیکدا، ئۆجالان دەڵێت 'ئێمە ئێستا لە دۆخی هەڵوەشانەوەی مۆدێرنەتەی سەرمایەداریداین، سەردەمێکە کە تێکۆشان بۆ بونیادنانەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستە. کۆمەڵگا پێویستی بە باش و جوان و ئازاد و ڕاست هەیە. بەڵام پەرۆشیەکی وەکو عەشق بە تەنیا بەس نیە بەڵکو بەدواداچونێکی زانستی پێویستە'. ئۆجالان ئەمەش ناودەنێت رێباز و رژێمی حەقیقەت. پاشان دەڵێت 'ئێمە دەبێت رەخنەی ئەو رێباز و رژێمی مەعریفەیە بگرین کە دەزگاکانی مۆدێرنەتەی بەرهەم هێنا'. چونکە بە هەوڵ و تێکۆشانی ئەوان ئەم سیستمە بەرهەم هێنراوە.


رەنگە بپرسیت کە خراپەی مەزنی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری چیە کە وەک دێوەزمە دەبینرێت؟ سەرەڕای هەموو دزێویەکانی تری مۆدێرنەتە کە رۆژانە بە چاوی خۆمان دەیبینین، خراپیە مەزنەکەی لای ئۆجالان ئەوەیە کە ئەو باوەڕی وایە لە مۆدێرنەتەی سەرمایەداریدا ئەوەندەی جەخت لەسەر ئابوری دەکرێتەوە، ئەوەندە جەخت لەسەر مرۆڤ و مرۆڤ بون وەکو بونەوەرێکی میتافیزیکی (غەیبی) ناکرێتەوە. وە نەبونی شیکاریەکی ووردی مێژووی و کۆمەڵایەتی بۆ دەسەڵاتی سیاسی تەنها ئەوەی لێ بەرهەم دێت کە دەیبینین. چونکە لای ئۆجالان چ مرۆڤ خۆی و چ سیاسەت چەمکی میتافیزیکن و ناکرێت تەنها وەکو چەمکی فیزیکیانەی ڕەها شیکار بکرێن. زانراوە کە نە مێژوو و نە سیاسەت و نە فەلسەفە ناتوانرێت بە یاساکانی فیزیا شیکاری و هەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت.


پێناسەکردنی تاک و کۆمەڵگە وە تێڕوانینەکانیان لای ئۆجالان گرنگی مەزنیان هەیە، ئەو پێی وایە کە هەوڵەکانی سۆسیۆلۆجی، سایکۆ-سۆسیۆلۆجی، و ئەنترۆپۆلۆجیش بۆ ئەم مەبەستە بێ بەرهەم بون. چونکە هەر سێکیان کەوتونەتە داوی مۆدێرنەتەوە و بە لاڕێدا چون و لە ناو تۆڕی دەسەڵات و مەعریفەی مۆدێرنەتەدا گیریان خواردوە. سەرەڕای ئەمەش ئۆجالان هەوڵی تاکەکەسی بیرمەندانی وەکو نیچە، قوتابخانەی فرانکفۆرت، فێرناند برۆدێڵ، دواتر فۆکۆ و واڵەرشتاین لەم بوارەدا بەرز دەنرخێنێت. بەڵام پێی وایە کە هێشتا رێباز و رژێمی نوێی مەعریفە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری، بە سیستم نەکراوە. هەوڵەکان هەبونیان هەیە بەڵام لەسەر بنەمای تاکەکەسین و پارچە پارچەن. هۆکاری ئەمەش وەکو واڵەرشتاین باسی دەکات، ئەوەیە کە هەمویان لە ژێر چنگی مۆدێرنەتە دەناڵێنن.


ئۆجالان دەڵێت "نیچە دەیتوانی داهاتو ببینێت کاتێک باسی لە بە ژن کردنی کۆمەڵگە و کۆیلەکردنی دەکرد لەلایەن مۆدێرنەتەی سەرمایەداریەوە. نیچە دەیتوانی پەنجا ساڵ ئاییندە ببینێت و ئاشکرا دەیزانی کە بە مۆدێرن کردن و دەرکەوتنی دەوڵەت نەتەوە مێگەلی فاشستی بەرهەم دەهێنێت. ماکس وێبەر وتی 'مۆدێرنەتە قەتیس کردنی کۆمەڵگەیە لە قەفەزێکی ئاسنیندا'، برۆدێڵ رەخنەی توندی ئاڕاستەی زانستی کۆمەڵایەتی کرد بەوەی کە خۆی لە ڕەهەندە جوگرافی و مێژوییەکان دابڕیوە. شیکاریەکانی ئەدۆرنۆی قوتابخانەی فرانکفۆرتیەکان بۆ شارستانیەتی مۆدێرن و ناونانی بە 'کۆتایی هاتنی سەردەمێک لە تاریکیدا' هەڵسەنگاندنی بەهێز بون. ئەدۆرنۆ پێی وابو کە مۆدێرنەتە لەسەر رێبازێکی هەڵە دامەزراوە بۆیە دەیوت 'ناتوانین بە رێگەیەکی ڕاست ژیانێکی هەڵە بژین'. فۆکۆ پێی وابو کە مۆدێرنەتەیە مرۆڤ دەکوژێت. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی ژیانێکی هەرەوەزیە بە بێ شەڕ، بۆیە دەبێت پیشەسازیگەرای و عەسکەرتاریەت هەڵوەشێنینەوە. ئەگەر کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان دەوێت، دەبێت جێگەیان بە خۆپاراستن و ژینگەپارێزی بگرینەوە.


واڵەرشتاینیش وەکو مارکس دۆخی سەرمایەداری بۆ کۆمەڵگە بە پێویست دەبینێت، بەڵام زۆر دانایانە دیاری دەکات کە سیستمی سۆسیالیستی سۆڤیەت مۆدێرنەتەی سەرمایەداری بەهێزتر دەکات نەک بەسەریا زاڵ ببێت. لە ناوچونی ئەو سیستمە نابێتە بەهێزبونی لیبرالیزمی سەرمایەداری، بەڵکو ئەوەندەی تر لاوازی دەکات. کاتێک واڵەرشتاین دەڵێت 'نازانین کەی و چۆن قەیرانەکانی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری کە لە ١٩٧٠ کانەوە دەستی پێ کردوە، کۆتایی دێت' بەداخەوە، دەردەکەوێت سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی سیستم واڵەرشتاین متمانەی زۆر بەخۆی نیە".


ئۆجالان پێی وایە کە پێشنیار و رەخنەکانی مورەی بوکچین سەبارەت بە ئیکۆلۆجی (زانستی ژینگە) و ئەوانەی پۆڵ فایرەبێرد سەبارەت بە لۆژیک بێ وێنەن، بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە بە متمانەوە کردار و مەعریفە پێکەوە گرێ بدەن. هۆکارەکەشی بەهێزی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری بو کە هەموو شتێک بە خۆیەوە گرێ دەداتەوە. کە دێتە سەر بانگەوازی قوتابخانەی مارکسی وەکو بەهێزترین و زانستیترین رەخنەگری سەرمایەداری، ئۆجالان دەڵێت بەداخەوە ئەمەش رێگەی لە مارکسیزم نەگرت کە ببێت بە ئامرازێکی باشی دەسەڵات و مەعریفە بۆ سیستم. مارکسیزم نەیتوانی نەبێتە باڵی چەپی لیبرالیزم. رێباز و هەمو مەعریفەی مارکسیزم دەتوانرێت لە ژێر ناونیشانی 'بەرتەسک کردنەوە لە ئابوریدا' کۆبکرێتەوە. هەرچی سۆسیالیزمی زانستی هەیە بە هەمان شێوە خەسڵەتە میتافیزیکیەکان و مێژووییەکانی کۆمەڵگەی زۆر سادە و بەرتەسک کردەوە و بیرۆکەی دەسەڵاتی بۆ کۆمیتەیەکی حکومەت دابەزاند. رەنگە زۆر چاوەڕوان کرابێت لە سۆسیۆلۆجی و داهێنەرەکانی 'ئێملی دێرکایم و ماکس ویبەر' بەڵام رێباز و تیۆری مەعریفەی ئەوانیش تەنها بونەوە بە باڵی چەپی لیبرالیزم.


رەنگە لەگەڵ خوێندنەوەی تێڕوانینەکانی ئۆجالاندا ئەو گومانە لای خوێنەر دروست ببێت کە راستە ئۆجالان تێڕوانینی بیرمەندەکانی پێش خۆی بەرز دەنرخێنێت بەڵام دواجار زۆربەیان ڕەت دەکاتەوە و بە ئەنجام بەدەست نەهێنەر دایان دەنێت، بەڵام هەر ئۆجالان خۆی زیاتر بۆمان رون دەکاتەوە و ئۆباڵی ئەو شکستانە دەداتە پاڵ هەژمون و زاڵێتی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری و دەڵێت 'ئەوەی پێویستە بیناسین توانای دەسەڵاتی تواندنەوە و یەکخستنی سیستمە، ئەو بە رێباز و دەسەڵاتی مەعریفە و تەکنەلۆجیا خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ کردوە.


بۆ زاڵ بون بەسەر سیستمدا جگە لە فاکتەری ئابوری دەبێت گرنگی بە هێزە میتافیزیکیەکانی تری وەکو مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بدرێت. ئەگینا هەر هەوڵدانێک لە دەرەوەی ئەم هێزانە تەنها پۆزەتیڤیزمێکی چەپەڵی لێ دروست دەبێت، وەکو چۆن لە تیۆرەکان و پراکتیکەکانی سەردەمدا دەیانبینین. هەرچی ئەنارکیستەکانە، ئۆجالان وەکو 'منداڵە هەڵگەڕاوەکانی سیستم' دەیانبینێت کە لە هەمو گۆشەکانەوە تەماشای کۆمەڵگە دەکەن. بەڵام سەرەڕای هەمو نیازپاکیەکیان، نەیانتوانی نەبن بە تاقمێکی ئایینزایی 'سێکت' کە کەللە رەقانە خۆیان لە گوناهەکانی سیستم پاراستوە. ئۆجالان پێی وایە کە رەخنەکانی ئەو لە مارکسیزم هەمو ئەو بزوتنەوانەی تریش دەگرێتەوە بۆیە دەڵێت 'بەبێ پێناسەیەکی زانستی سیستم، ئەو قوتابخانانە نەیانتوانی پرسیاری پەیوەست گەڵاڵە بکەن کە وا لە مۆدێرنەتەی دیموکراتیک بکات بە متمانەوە رێباز، دەسەڵات و کردار و مەعریفە بەکاربهێنێت و بەسەر سیستمدا زاڵ ببێت.



هەروەها ئۆجالان پێی وایە کە هەڵسەنگاندنی لەم چەشنە دەتوانرێت بۆ تیۆر و پراکتیزی بزوتنەوەکانی تری وەکو ژینگەپارێزان (سەوز) فێمێنیستەکان (ژنان) و کەلتوریەکانیش بکرێت. هەمویان وەکو 'فەرخە کەو' لە قەفەزە ئاسنینەکەی مۆدێرنەتە هەڵهاتون و هەمومان بەردەوام خەممانە کەی و لە کوێ ڕاو بکرێنەوە. بەڵام هێشتا بزوتنەوەی گرنگی هیوان و دەتوانن بەشداری مەزن لە بزوتنەوە جێگرەوەکەدا بکەن کە دەستی پێکرد. هەرچی سۆسیاڵ دیموکرات و بزوتنەوەکانی رزگاریخوازی نیشتمانین تەواو لەگەڵ سیستم دەست لە دەستن و بون بە هۆکاری بەردەوامی سیستم. وە هەردوکیان بون بە بەهێزترین پایەی لیبرالیزم وەکو بزوتنەوە سەرەکیەکە'.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×