ئۆجالان: هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین
  2019-08-16       1563       
عەبدوڵا ئۆجالان
عەبدوڵا ئۆجالان جەخت لەچارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان دەکاتەوەو دەڵێت، "چارەسەر لەئاشتیدایە، کێشەکە بەڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر ناکرێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین".

ئاوێنه‌: محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، کە ١٢ی ئەم مانگە بەبۆنەی جەژنی قوربان لەزیندانی دورگەی ئیمرالی چاوی بەبراکەی کەوت، لەگەڵ ئاژانسی مەزۆپتامیا قسەیکردووەو باسی ناوەڕۆکی ئەو دیدارەی کردووە.

به‌وته‌ی‌ محەمەد ئۆجالان، عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاندووه‌، "بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئێمە ڕۆڵ‌و ئەرکی خۆمان پێکدێنن، ئەم کێشەیە بەڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر نابێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین، ئێمە هەمیشە دژی شەڕین، پێویستە لەجێی شەڕ ئاشتی بێت".

محەمەد ئۆجالان هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆجالان لەسەر یەکێتی گەلی کورد کە زۆر گرنگی پێدەدات وتویەتی، "تورکیا بەبێ هاوکاری هەرێمی کوردستان سەرکەوتو نابێت، بەبێ هەرێمی کوردستان جوڵەی زەحمەت دەبێت، ئەم کارە گورز لەیەکێتی گەلی کورد دەوەشێنێت، پێویستە هەر کەسێک بۆ یەکێتی گەلی کورد لەناو کارو خەبات بێت".

عه‌بدوڵا ئۆجالان لەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا وتویەتی، "ئەمە بەشەڕ ناکرێت، ئەمە هەم زیان دەگەینێتە تورکیاو هەمیش گەلانێک کە لەوێ دەژین، پێویستە ئاشتی پێشبخرێت، ئەگەر تورکیا بچێتە ناو سوریاوە، ئەمەش نابێتە چارەسەر، ڕاستی ئەوەیە کە شەڕ بۆ گەلان شتێکی باش نییە، من ٢٠ ساڵ لە سوریا ماوم، گەلەکەی باش دەناسم، عەشیرەتە عەرەبەکان باش دەناسم، پەیوەندیم لەگەڵیاندا هەبوو، سڵاوم بگەیننە عەشیرەتە عەرەبەکان و گەلانی ئەوێ، کێشەکان پێویستە بەدیموکراسی چارەسەر بکرێت، کێشەکان هیچکات بەشەڕ چارەسەر ناکرێت".

عەبدوڵا ئۆجالان، لەو دیدارەدا لەڕێگەی محەمەد ئۆجالانەوە پەیامێکی بۆ هەدەپە ناردووەو رایگه‌یاندووه‌، " ٦٠ پەرلەمانتاریان هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا شارەوانییەکانیشیان وەرگرتەوە، جارێکی دیکەش وتومە، ئەگەر من لەدەرەوە بومایه‌، کۆڵانەکانم پاکدەکردەوە، پێویستە پەرلەمانتارەکان ٢٤ کاتژمێر لەناو خەڵک بن، حیزب ڕێکخراوی گەورەی هەرە دیموکراتیییە، پێویستە خزمەتی خەڵک بکات، گەل ئیرادەی خۆی داوەتە دەستی ئەوانەوە، ئەوانیش پێویستە خزمەتکاری ئەم گەلە بن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×