غەریب حەسۆ: خاكی خۆمان بۆ ئەوە رزگار نەكردوە كە پێشكەشی توركیای بكەین
  2019-08-16       2500       

غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی تەڤدەم سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، ئەوانەی پێشتر لێرە دژ بە رژێمی سوریاو چەكدارانی داعش جەنگاون و خاكی خۆیان رزگاركردوە، دەتوانن روبەڕوی داگیركاری توركیاش ببنەوە. جەختیشی كردەوە كە ئەوان خاكی خۆیان بۆ ئەوە رزگاركردوە كە تێیدا بە ئاشتی و ئازادی بژین نەك پێشكەش بە توركیای بكەن.

ئاوێنە: ئەو قسانەی غەریب حەسۆ، ئەمڕۆ هەینی لەمیانی وتەیەكدا لەكاتی بەشداریكردنی لە كەمپەینێكی خەڵكی قامیشلۆ و تەل حمێس و تەل بەراك-دا دژ بە هەڕەشەكانی توركیا بۆ داگیركردنی ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، هاتن.

غەریب حەسۆ، لە وتەكەیدا پشتیوانی تەڤدەمی بۆ كەمپەینەكە راگەیاندو ئیدانەی هەڕەشەكانی توركیاشی كرد.

رونیشیكردەوە كە توركیا، سیاسەتی تایبەتی خۆی دژ بە وڵاتانی دراوسێی دەگرێتەبەر نەك تەنها سوریا كە ئەوەش سیاسەتی پاوانخوازییە لەسەر حسابی وڵاتانی دراوسێ و هەڕەشەكانیشی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دەچنە ئەو چوارچێوەیەوە.

بەڵام وتیشی"ئێمە رێگەی پێنادەین ئەوەی بۆ بچێتە سەر."

وتیشی"ئێمە بەرگری لەسنوری خۆمان دەكەین، هیچ پاڵنەرێكمان بۆ شەڕ دژ بە توركیا نییە، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع بەڕێوەدەچێت ئەوەیە كە توركیا دەیەوێت پشێوی بنێتەوەو هێرشبكاتە سەر ناوچەكانمان بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە، بەڵام ئێمە ئامانجمان ئاشتی و دیموكراتی و چارەسەرە بە رێگەی سیاسی."

غەریب حەسۆ جەختی كردەوە كە توركیا خۆی لە قەیرانێكی ناوخۆیی گەورەدایە و هەوڵەكانی بۆ داگیركردنی ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا هەڵهاتنە لە ئەركە ناوخۆییەكانی و وتیشی"توركیا چۆن دەتوانێت قەیرانی سوریا چارەسەر بكات وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكات لەكاتێكدا خۆی بە دەست كێشە ناوخۆییەكانییەوە دەناڵێنێت."

هاوسەرۆكی تەڤدەم باسی لە بێدەنگی وڵاتانی جیهان بەرامبەر بە توركیا كردو داواشی لێكردن گوشار لە توركیا بكەن بۆ ئەوەی رێز لە سەروەری و سنورەكانی وڵاتان بگرێت.

لەكۆتایی قسەكانیشدا وتی"ئیرادەی خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا رێگەنادات هیچ خاكێكی لەلایەن توركیاوە داگیربكرێت، ئەوانەی پێشتر دژ بە رژێمی سوریاو چەتەكانی داعش بەرگرییان كرد، باجەكەی هەرچییەك بێت دەتوانن روبەڕوی داگیركاری توركیاش ببنەوە، ئێمە خاكی خۆمان رزگاركرد بۆ ئەوەی بە ئاشتی و ئازادی تێیدا بژین نەك پێشكەشی توركیای بكەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×