‎ هەپەگە: نۆ سەربازو ئەندامێكی میتی تورك كوژران
  2019-08-16       1262       

هەپەگە ڕایگەیاند؛ لە سنوری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و ئامەدی باکوری کوردستان گەریلاکان زنجیرە چالاکییەکیان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و لە ئاکامدا نۆ سەرباز و ئەندامێکی میتی تورکیا کوژراون و تەرمی دوان لە سەربازەكانیش کەوتۆتە دەستی گەریلا.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە)، ئەمڕۆ هەینی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"ئێوارەی دوێنێ گەریلاکان لە گردی شەهید ئافاتی سەر بە ناوچەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان یەکینەیەکی سوپای تورکیایان کردۆتە ئامانج و گورزی زۆر قورسیان لێداوە و لە ئاکامدا، حەوت سەرباز کوژراون کە تەرمی دو سەربازیان کەوتۆتە دەستی گەریلاکان. هاوکات 4 مۆڵگەی سەربازیش خاپور کراون. دوابەدوای چالاکییەکەی گەریلاکان ژمارەیەک هەلیکۆپتەری جەنگی ڕویان کردۆتە مەیدانی شەڕەکە و ئەوانیش کراونەتە ئامانج و ناچار پاشەکشێ کراون".

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەمان ڕۆژ لە ناوچەی چەلێی سەر بە جۆلەمێرگ، کاروانێکی سەربازی سوپای تورکیا کە بەرەو سەربازگەکانی ئەو ناوچەیە دەچو، لەلایەن گەریلاکانەوە کراوەتە ئامانج و لەوێش وێڕای کوژرانی دو سەربازو برینداربونی سێی دیکە زریپۆشێکش بە تەواوی لەناوبراوە. "

ئاشكراشیكردوە"لەڕێککەوتی 23ی مانگی ڕابردوش، لە ئامەد ئۆتۆمبیلێکی ئەندامانی دەزگای هەواڵگری میتی تورکیا لەلایەن گەریلاکانەوە کراوەتە ئامانج و لەوێش ئەوەندەی ڕونبوەتەوە ئەندامێکی میت  کوژراوە و سێی دیکەش برینداربون".

بەگوێرەی بەیاننامەكەی هەپەگە لە سەرجەم ئەو چالاکیانەدا گەریلاکانی بێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگات گەڕاونەتەوە شوێن و بارەگاکانی خۆیان.

لە بارەی هیرشە ئاسمانییەکانی توركیاوە بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەپەگە ڕایگەیاندوە "١٤ی ئەم مانگە، لە هەرێمی زاپ بەهۆی بۆردومانەوە گەریلایەک شەهید بوە. هەروەها لە١٠ی ئەم مانگەوە بە بەردەوامی گوند و ناوچەکانی هەرێمەکانی گارا، حەفتانین، زاپ، زێ و خواکوڕک بە چڕی بۆردومان کراون و بەو هۆیەوە زیانیکی زۆر بەر ڕەز و باخی گوندنشینان کەوتوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×