چوار "ئامۆژگاری" لە "سەدر"ەوە بۆ عادل عەبدولمەهدی
  2019-08-16       1114       

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، ئەمڕۆ هەینی، چوار خاڵی وەك "ئامۆژگاری برایانە" ئاڕاستەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردو تێیدا باس لەوە دەكات كە هیچ بەرەوپێشچونێك لە دۆسیەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵیدا بەدیناكرێت.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، لەتویتێكدا رایگەیاند، چەند بابەتێكی گرنگ وەك ئامۆژگاری برایانە ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران دەكەم كە سودیان هەیە بۆ كارەكەی و بریتین لە داخوازی خەڵك و مەرجەعیەتیش. 

سەدر لە ئامۆژگاری یەكەمیدا داوای لە سەرۆك وەزیران كردوە كە حكومەتەكەی پابەندبێت بە سەربەخۆییەوەو لایەنگری بۆ هیچ لایەنێك نەكات.

لە ئامۆژگاری دوەمیشدا سەبارەت بە دۆسیەی خزمەتگوزارییەكان سەدر ئەوەی خستۆتەڕو كە خزمەتگوزارییەكان سستن یاخود هەر بونیان نییەو داوا لەسەرۆك وەزیران دەكات كە هەوڵی تەواوی خۆی بخاتەگەڕ بۆ كاراكردنەوەیان چونكە گەل زۆر زیانی پێگەیشتوەو چیدی لەوە زیاتر ئارام ناگرێت.

لە ئامۆژگاری سێیەمیدا بۆ سەرۆك وەزیران، سەدر وتویەتی"هیچ پێشكەوتنێك لە دۆسیەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵیدا بەهیچ جۆرێك بەدی ناكەم...ئەم بێدەنگییە خەریكە دەبێت جۆرێك لە رێگەدان بە گەندەڵی."

لە ئامۆژگاری چوارەم و كۆتاییدا سەدر داوای كردوە كە شكۆی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەكانی و سەربەخۆیی بڕیاری عێراق بپارێزرێت و هیچ دودڵییەك نەبێت بۆ سزادانی ئەوانەی كاردەكەن بۆ لاوازكردنی دەزگا ئەمنییەكان و هەروەها ئەوانەش سزا بدرێت كە ئینتمایان بۆ دەرەوە هەیە تا عێراق خاوەن سەروەرییەكی تەواو بێت.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×