قایمقامی فه‌لوجه‌ داوای لێبوردن له‌خەڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
  2019-08-17       1041       

قائمقامی قەزای فەللوجە له‌سه‌ر روداوی هێرشكردنه‌ سه‌ر هاوڵاتیه‌كی كوردی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری فه‌لوجه‌، داوای لێبوردن له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دڵنیایی به‌سزاگه‌یاندنی تاوانبارانیش ده‌دات.

ئاوێنە: عیسا سایر، قایمقامی فه‌لوجه‌ ئەمڕۆ شەممە لەپەیامێكدا رایگه‌یاند، ئەوانەی درەنگانی شەوی چوارشەممەی رابردو هەڵساون بە هێرشچكردنە سەر ئەو هاوڵاتییەی هەرێمی كوردستان لە فەللوجە كە خاوەنی چێشتخانەیە كەسانی "سەرخۆش و مەست" بون.

رونیشكردوه‌ته‌وه‌"ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و هاوڵاتیه‌ كورده‌ كردویانه‌ دوره‌ له‌هه‌ڵسوكه‌وتی خه‌ڵكی فه‌لوجه‌ كە شارەكانی هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ كردونەتەوە ".

قائیمقامی فەللوجە بە ئاماژەدان بەوەی كە رێزیان لەو هاوڵاتییە كوردە گرتوەو لەكردنەوەی چێشتخانەكەشیدا هەمو ئاسانكارییەكیان بۆ كردوە وتویەتی"ئێمە بەناوی خەڵكی شارەكەو ئیدارەكەیەوە داوای لێبوردن لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین."

باسی له‌وه‌شكردوه‌"تاوانباران و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كاره‌ روبه‌ڕوی دادگا ده‌كرێنه‌وه‌و سزای دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان وه‌ر ئه‌گرن".

ماوه‌ی دو رۆژ پێش ئێستا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی خه‌ڵكی فه‌لوجه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوری پارێزگای ئه‌نبارو 40 كیلۆمه‌تر له‌به‌غداوه‌ دوره‌" په‌لاماری هاوڵاتیه‌كی كوردیان داوه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌و شاره‌ ده‌ژی و كه‌بابخانه‌یه‌كی سه‌رجاده‌ی هه‌یه‌.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×