"گفتوگۆكانی نێوان رژێمی ئێران‌و هێزە كوردییەكان ئاسۆیەكی رونیان نییە"
  2019-08-17       1852       

ئا: ئاوێنە

 

ئاسۆ حەسەن زادە، جێگری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك) لەبەر چەند هۆكارێك پێی وایە دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان چوار لایەنی كوردی و رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئاسۆیەكی زۆر رونیان نییە، ئەوەش بەهۆی نەگۆڕانی رەفتاری رژێم و هەوڵنەدان بۆ دروستكردنی متمانە. 

 

ئاسۆ حەسەن زادە، جێگری سكرتێری گشتی و وتەبێژی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان(حدك)، لەنوسینێكدا بۆ بەشی فارسی ماڵپەڕی 'دوێچەڤیلە'ی ئەڵمانی سەبارەت بە هەواڵی دانوستانی نێوان چوار حزبی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەسەڵاتدارانی ئێران، نوسیویەتی؛ هەر بزوتنەوەیەكی سیاسی بەرپرسیار، هیچ كات چارەسەری ناكۆكی نێوان خۆی و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا لەڕێگەی ئاشتییەوە وەك یەك پڕەنسیپ رەتناكاتەوەو وتوشیەتی"بزوتنەوەی رزگاریخوازری كوردستانیش (لە رۆژهەڵاتی كوردستان) بە سروشتە ئاشتیخوازانەكەی خۆیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە دژوارەی كە هەمیشە تێیدا بوە، هەرگیز لەڕوی پرەنسیپەوە، پێشنیاری دانوستان لەگەڵ سەرسەختترین دەسەڵاتیش رەت نەكردۆتەوە."

ئاسۆ حەسەن زادە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەوبارەیەوە ئەگەر رەخنەیەك لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد گیرابێت لەبەرئەوە نەبوە كە دانوستان خۆی لەخۆیدا خراپە، بەڵكو لەبەر ئەوە بوە كە لەبەرامبەر ئەو حكومەتانەی كە هەمیشە بونی كوردیان رەتكردۆتەوەو سەركوتیان كردوە، بەر لە ئەنجامدانی دانوستان نوێنەرانی كورد بەشێوەیەك زەمینەسازیان نەكردوە كە بە دەستی پڕو بەبێ زیانی گیانی لەسەر مێزی گفتوگۆ هەڵسن.

جێگری سكرتێری گشتی 'حدك' بە ئاماژەدان بەوە كە هیچ كێشەیەك لەدنیادا لە درێژماوەدا لەڕێگەی سەربازییەوە چارەسەر نابێت هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەبێت سەرنج لەسەر ئەو هۆكارانە بێت كە دانوستانێكی بەرهەمداریان لێدەكەوێتەوە كە ئەوانیش بریتین لە: لایەنەكانی دانوستان، كات، ئامانج، بابەت و رێگەو شێوازی دانوستان. 

سەبارەت بە لایەنەكانی دانوستان ئاسۆ حەسەن زادە ئاماژەی بەوەداوە، كورد كە لەپرسی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، كورد و حزبە كوردییەكان كە لایەنێكی دانوستان دەبن لەگەڵ رژێمی ئێران، لە خەباتیان دژ بە رژێمی ئێران لەبەراورد بە بەشەكانی دیكەی كۆمەڵگەی ئێران، قوربانییەكی زیاتریان داوە.

وتوشیەتی"بەهۆی تایبەتمەندی پرسی كوردەوە، حزبە كوردییەكان لەگەڵ پەیوەندییان بە بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی سەرتاسەری ئێرانەوە، هەمیشە كاركردنی سەربەخۆ و جیا لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان لە هەندێ حاڵەتدا بە مافی خۆیان زانیوە. لەم روەوە بۆنمونە، دانوستانی كورد لەگەڵ كۆماری ئیسلامی نابێت لە پرۆسەی ئاشتی عەرەب-ئیسرائیل یاخود دانوستانی ئەمریكاو تاڵیبان نائاسایی تر سەیربكرێت." 

لەبارەی كاتی دانوستانیشوە وتویەتی"كاتێك كە لەبەردەم حكومەتێكداین كە خاوەنی جەوهەرێكی دیموكراتی و ئەركێكی عەقڵانی نییە، تەنها كاتێك ئامادەیی بۆ دانوستان دەكرێت بەجددی وەربگیرێت كە ئەو حكومەتە لەڕوی مەیدانی یاخود بەهۆی ئەو كێشانەی كە یەخەی گرتوە، نیگەرانی ئایندەو مانەوەی خۆی بێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە وێڕای ئەو كێشانەی ئێستای كە ئێران روبەڕویان بۆتەوە، بەڵام ئەو رژێمە هەرگیز نە لەڕوی باوەڕو نە لەڕوی ناچارییەوە خۆی لە دۆخێكدا نەبینیوە كە مل بۆ چارەسەری پرسی كورد لە ئێران یاخود بۆ كرانەوە بەڕوی بزوتنەوەی سیاسی كوردستاندا بدات. وتوشیەتی"ئەم راستییەش تا ئێستا نەگۆڕاوە."

ئاسۆ حەسەن زادە دەربارەی ئامانجی دانوستانیش هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئامانجی بزوتنەوە سیاسییەكانی كوردستان لە دانوستان لەگەڵ رژێمی كۆماری ئیسلامی، شتێك نییە جگە لە چارەسەر یاخود بەرەوپێشبردنی پرسی كورد لە ئێران و ئەوەشی خستۆتەڕو كە بۆ هێزە سیاسییە كوردییەكان سیاسەتی واقعبینانە ئەوەیە كە بەشێوەیەكی گشتی سەیری چارەسەری پرسی كورد نەك بەڵكو لەڕێگەی دیاریكردنی رێگە چارەیەكی سیاسی و میكانیزمەكانییەوە سەیری بكەن و هەنگاو بەهەنگاو كاری بكەن بەو مەرجەی رژێمی ئێرانیش كەمترین توانای گۆڕان لەخۆیدا نیشان بدات.

هەروەها بەبڕوای ئاسۆ حەسەن زادە تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە، ئەو رژێمە داواكانی كورد وەك لێكدژێكی بونیادیی مانەوەی خۆی دەبینێت بۆیە رژێم ئەو راستییەی لەبەرچاوە كە بە رەسمی ناسینی مافی كورد وەك یەك كاركردنی دیموكراتی، چەند ئەنجامێكی بە ئاڕاستەی دیموكراتیبونی ئێران لێدەكەوێتەوە كە ناتوانرێت خۆی لێ بەدوربگرێت لێیان. 

وتوشیەتی"لەبەرئەوە رژێمی ئێرن هەرگیز لەگەڵ چارەسەركردنی پرسی كورددا نەبوە. ئەگەر وا بوایە رژێم بەدرێژایی چل ساڵ یان تەنانەت چل رۆژی رابردو دەرفەتی هەبو كە لە رێژەی سفر تا سەد، دۆخی كورد لە ئێران لە سفرەوە بە یەك یاخود بە دو و بە پێنج باش بكات. بەپێچەوانەوە سیاسەتی جیاكاری و سەركوتكردنی كورد لەسایەی رژێمی ئیسلامی ئێراندا هەمو رۆژێ توندتر بوە لە رۆژی پێشتر."

ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە ئامانجی كۆكاری ئیسلامی لە دانوستاندا لەگەڵ كورد لەساڵی 1979 بۆ رێكخستنەوەی سەرلەنوێی هێزەكانی و داگیركردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان بو و دانوستانی ساڵی 1989ش بە پلانگێڕییەك بۆ تیرۆركردنی د.قاسملۆ و لەم ساڵانەی دواییشدا هەوڵێك بو بۆ دروستكردنی ناكۆكی لەنێو بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورددا. 

بەبڕوای ئاسۆ حەسن زادە، شاراوە نییە كە ئامانجی ئەمجارەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردییەكاندا كەمكردنەوەی ئەو هەڕەشانەیە كە رژێمەكە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە روبەڕوی بۆتەوە. 

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پرسیار ئەوەیە كە چۆن دەتوانرێت كارێك بكرێت وەڵامی ئەرێنی كوردەكان بۆ بانگهێشتی گفتوگۆی سیاسی تەنها بۆ سەلماندنی ئاشتیخوازییان نەبێت بەڵكو دەبێت هەوڵبدرێت كە كارتی دانوستان بەكاربهێنرێت بۆ دروستكردنی گۆڕانكارییەكی ئەرێنی لەبەرژەوەندی بزوتنەوەی سیاسی كوردستاندا.

وتوشیەتی"لێرەدا دەبی لەخۆمان بپرسین ئایا بزتنەوەی سیاسی كوردستان لەبەرامبەر چ دەستكەوتێكی نزیك مەوداو ناوەندمەودادا ئامادەیی دەستبەرداربونە لەكام كارتی گوشارانەی دەستبەردار دەبێت كە بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی بەدەستییەوەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەكاتێكدا كە ئامانجی لایەنە سیاسیەكانی كوردو كۆماری ئیسلامی لە دانوستاندا تا ئەم رادەیە لەیەكدییەوە دورە، تەنها دەبێت بە دو مەرج لەڕوی تاكتیكییەوە دانوستان رەتنەكرێتەوە: یەكەم، تا ئەو كاتەی كە كۆماری ئیسلامی رەفتاری خۆی لەبەرامبەر خەڵك و حزبەكانی كوردستان نەگۆڕیوە، خەباتی كوردەكان بە هەمان فەلسەفەی پێشوی خۆیەوە بەردەوام بێت. دوەم، چەند مەرجێكی دیكە كە لەڕوی رێگەو شێوازی دانوستانەوە، پێداویستی سەرەتایی یەك دانوستانی جدین.

سەبارەت بەو مەرجانەی شێوازی دانوستان، ئاسۆ حەسەن زادە لەمەرجی یەكەمدا هێمای بۆ هاوسەنگی لە ئەندامانی وەفدەكانی دانوستاندا كردوە كە پێی وایە هیشتا ئاستی نوێنەرایەتی هەردولا بۆ دانوستان ناهاوسەنگە هەرچەندە هێشتا دیار نییە كە وەفدی كۆماری ئیسلامی هەڵگری پەیامی سەرلەبەری رژێمەكە بەتایبەت خامەنەییە یاخود تەنها جێبەجێكاری مانۆڕی بەشێك لە رژێمە. 

پێشی وایە یەكێك لە مەرجەكانی دیكەی دانوستان بونی لایەنی سێیەمە وەك ئاسانكار یاخود نێوەندگیر كە بەقسەی ئەو لە وڵاتانی بێبەش لە دیموكراتیدا بۆ دانوستان پێویستە تا گفتوگۆی سیاسی نەگۆڕێت روبەڕوبونەوەی چەكداریی و بۆیە بونی لایەنی سێیەم بۆ رەوایەتیدان بە پرۆسەی ئاشتی و ئەمنیەتی گفتوگۆكاندا پێویستە.

ئەوەشی خستۆتەڕ، كە لایەنی سێیەم لە دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان كوردو رژێمی ئێراندا لەگەڵ ئەوەی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی یاخود حكومەتێك نیەی بەڵام دامەزراوەیەكی ئەوروپییەو كە خاوەنی ئیعتباری پێویستە ئەوەش دەبێت بە پێشكەوتنێكی ئەرێنی لە مێژوی دانوستانەكاندا ببینرێت.

بەپێی قسەی جێگری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان، مەرجی سێیەم كە لە هەموی گرنگترە ئەوەیە كە رەسمیبون و بە ئاشكرا بەڕێوەچونی دانوستانە كە ئەوەش ناكرێت لەگەڵ شەفافیەتی دانوستاندا تێكەڵ بكرێت كە یەكەمیان پێویست و دوەمیان بەردەوام زیانی هەیە. 

ئەوەشی خستۆتەڕو كە خۆبەدورگرتنی ئێران لەوەی بەڕەسمی دان بە بەڕێوەچونی دانوستانەكاندا بنێت جێی پاساو نییە. 

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەمو ئەوشتانەی سەرەوە تەنها كاتێك واتایان دەبێت كە لەسەرەتای دەستپێكردنی كارەكەوە چەند هەنگاوێك وەك زەمینەسازی بۆ دروستكردنی متمانە بنرێن بەڵام رژێمی ئێران هێشتا وەك خۆی بەردەوامە لەسەر رەفتارەكانی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان. 

هەروەها ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە كە بارەگانی حزبەكەی ئەمان لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی رابردودا لەكاتێكدایە كرایە ئامانجی بۆردومانی موشەكەكانی سوپای پاسداران كە حزبی دیموكراتی كوردستان هیچ هێزێكی پێشمەرگەی خۆی رەوانەی نێو خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكردۆتەوەو هەروەها لەكاتێكیشدا بو كە ئامادەكاریی بۆ دانیشتنی راستەوخۆی نێوان حزبە كوردییەكان و نوێنەرانی ئێران چەند مانگێگ بەر لەوە دەستی پێكردبو.

بۆیە ئاسۆ حەسەن زادە وتویەتی"ئەمانە هەمو نیشانەی ئەوەن كە ئاسۆیەكی زۆر رون بۆ پڕۆسەی گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان رژێم و كورددا نییە."

پێشی وایە ئەوە بەڵگەنەویستە كە پڕۆسەی نوێی گفتوگان لەگەڵ رژێمی ئێران، چەند شتێكی باشی حاشاهەڵنەگری تێدایە كە ئەویش دوبارە داننانی رژێمە بە پرسی كورددا وەك یەك قەیرانی سیاسی لەئێران و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرنجڕاكێشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر فاكتەری كورد لە داڕشتنەوەی ئایندەی سیاسی ئەو وڵاتەداو هەروەها هاندانی دەستەبژێری سیاسی كوردستان بۆ ئەوەی بە یەكگرتویی كاربكەن و دەشبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی شارەزاییان لە بواری دیپلۆماتیدا بەڵام هەمو ئەمانە لەكۆتاییدا شوێنی كەمتر دەگرن.




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×