2019-08-17   1375     
وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم رونکردنەوەیەکی لەبارەی گۆرانییەکەی ماریا هەورامی بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆی بۆ ئەوهونەرمەندە دەربڕی.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە 17ی ئابی 2019 فەرھەنگ گۆمەشی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری لەرونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، "ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین کە پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان''.
ئاماژەی بەوەشداوە، ھەر لەم روانگەیەشەوە پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەکەینەوە و داواش لە وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دەکەین رێگە نەدەن بەھەر بیانویەک و لەژێر ھەر پاساوێک بێت سووکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت.
دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی و کلیپی خاتوونی ھونەرمەند( ماریا ھەورامی)، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان، لێرەدا مەبەستمانە جەخت لەو راستییە بکەینەوە کە کولتووری ھونەر و گۆرانی گوتن لەکۆنەوە مۆرکی ناسراو و دێرینی کود بووە و یەکێک لە میللەتە دێرینەکانی ناوچەکەیە کە دەوڵەمەندە بەھونەری گۆرانی و کۆی کایەکانی دیکەی ئەو بوارە.
ئەوەی جێگەی ھەڵوەستە لەسەر کردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانییە قسە پێگووتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بوو لەلایەن مامۆستایەکی ئایینییەوە و بەناوی دین و لەپەنای دینەوە، بەزمانێک کە لە کەسێکی ئاسایی و ھەرزەکارێک ناوەشێتەوە، نەک مامۆستایەکی ئایینی کە لەسەر مینبەری مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشت بەرزی بڵێتەوە. لەکاتێکدا خودی گۆرانییەکە ھیچ وشەو وێنەیەکی تێدا نەبووە و نییە کە ناکۆک بێت بە کولتووری گۆرانی کوردەواری.
بۆیە ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە ئەرکی سەر شانی خۆمانی دەزانین کە پاڵپشت و داکۆکیکاری ھونەرمەندان و زامنی پاراستنی مافەکانیان بین لەچوارچێوەی یاساکان، ھەر لەم روانگەیەشەوە پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەکەینەوە و داواش لە وەزارەتی ئەوقاف و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەکەین رێگە نەدەن بەھەر بیانوویەک و لەژێر ھەر پاساوێک بێت سووکایەتی بە ھونەرمەندان بکرێت و وشەی نەشیاوو ناوزراندن بەکاربھێنن. کەئەم کارە بەرلەھەرشتێک ناکۆکە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان.
فەرھەنگ گۆمەشی
وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
٢٠١٩/٨/١٧