2019-08-17   680     
ته‌ندروستی سلێمانی ئاماری ڕۆژانی جه‌ژنی قوربانی ڕاگه‌یاندو به‌پێی ئاماره‌كان، زیاتر له 16 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیان كردوه.
ئاوێنه: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 17-8-2019 له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا د. یاد نه‌قشبه‌ندی، وته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئاماری ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی قوربانی ڕاگه‌یاندو به‌پێی ئاماره‌كه له‌ماوه‌ی پشووی جه‌ژنی قورباندا زیاتر له 16 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی نه‌خۆشخانه و به‌شه‌كانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانیان كردوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی فێركاریی 12 حاڵه‌تی برینداریی هاتوچۆ و یه‌ك حاڵه‌تی برینداری فیشه‌ك و 9 حاڵه‌تی پێوه‌دانی دووپشك هه‌بووه و 172 نه‌خۆشیش له‌و ماوه‌یه‌دا داخڵی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی فێركاری كراوه‌و و دوو هه‌زارو 400 نه‌خۆشیش بینراوه‌و چاره‌سه‌ری بۆ كراوه و 31 نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره ئه‌نجامدراوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه له‌نه‌خۆشخانه‌ی بوژانه‌وه‌ی دڵ 97 سه‌ردانكه‌ر هه‌بووه‌و 26 له‌وانه قه‌سته‌ره‌یان بۆكراوه و 20 كه‌سیش پێویستیان به شه‌به‌كه و باڵۆن هه‌بوه‌و ئه‌وانی دیكه‌ش چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆكراوه.
وته‌بێژی ته‌ندروستی سلێمانی راشیگه‌یاند، "529 كه‌س سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی هه‌ناویان كردوه، هه‌روه‌ها له‌سه‌نته‌ری 122 كه تایبه‌ته به گواستنه‌وه‌ی حاڵه‌ته به‌په‌له‌كان به ئه‌مبوڵانس، له رۆژانی جه‌ژندا 50 حاڵه‌تی به‌په‌له و كتوپڕ تۆماركراوه و 16 حاڵه‌تی مردن هه‌بوه".
به وته‌ی یاد نه‌قشبه‌ندی، له رۆژانی جه‌ژنی قورباندا 319 كه‌س سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوایان كردوه‌و سێ حاڵه‌تی نوێی شێرپه‌نجه‌ش هه‌بووه كه دوانیان خه‌ڵكی سلێمانی و ئه‌وی دیكه‌یان خه‌ڵكی كه‌ركوك بووه".