كه‌بابخانه‌یه‌ك له‌ سلێمانى سزاده‌درێت
  2019-08-18       732       

كه‌بابخانه‌یه‌ك له‌ شارى سلێمانى له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌ته‌وه‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شى رووبه‌ڕووى رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ بێوه‌ی ئه‌حمه‌د, نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێته‌رنه‌ری سلێمانی له‌ لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت رایگه‌یاند "له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دووی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت و به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن به‌تایبه‌ت ته‌ندروستی و ڤێته‌رنه‌ری، كه‌باب و برژاوی میران داده‌خرێت".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "خاوه‌نی كه‌باب و برژاوی میران بۆ چه‌ندین جار باڵی مریشكی خاوكردۆته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ له‌ به‌فرگر عه‌مباری كردووه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش به‌های خۆراكی له‌ده‌ست ده‌دات و زیان به‌ ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و جۆره‌ خوارده‌مه‌نییه‌ ده‌خۆن".

باسى له‌وه‌شكرد "كه‌باب و برژاوی میران ئه‌و شیشه‌ی بۆ برژاندن به‌كاریهێناوه‌ ره‌ش و ژنگكردوو بووه‌، رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی ئاماژه‌ ‌بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژه‌نگ له‌ له‌شی مرۆڤدا ده‌نیشێت و سیستمی به‌رگری له‌ش تێكده‌دات، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ وریاییه‌كه‌ی زۆره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كانزایانه‌ بكرێت كه‌ بۆ خوارده‌مه‌نی به‌كارده‌هێندرێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "نهۆمی ژێرزه‌مینی كه‌باب و برژاوی میران وه‌ك كۆگای عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی به‌كارهێنراوه‌ كه‌ هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدا نییه‌، بۆیه‌ به‌ بڕیاری قائیمقامی سلێمانی شوێنه‌كه‌ی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌".
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×