هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای كوردستان: داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەن ڕێگری بکات لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی
  2019-08-18       875       
کۆمیتەی پیاوماقوڵانی رۆژئاوای كوردستان لە ژێر دروشمی ''نەخێر بۆ هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر رۆژئاوای كوردستان، بەڵێ بۆ سوریایەکی ئارام'' لە چوارچێوەی وۆرکشۆپێکدا لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوە.

ئاوێنه‌: نزیکەی ٥٠٠ پیاوماقوڵ و سەرۆک هۆز بەشدارییان لە وۆرکشۆپی هۆز و عەشرەتەکانی ناوچەی جیزرەدا کرد, وۆرکشۆپەکە بە وتارێکی هیمبەر حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمیتەی پیاوماقوڵان، دەستی پێکرد و دواتر بەدران چیا کورد ڕاوێژکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دوایین پێشهاتەکانی هەڵسەنگاند.

چیا کورد لە قسەکانیدا باسی لەو سیاسەتانە کرد کە تورکیا لە بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان  پەیڕەوی دەکات و ڕایگەیاند ''تورکیا دەیەوێت هەموو سەرچاوەکانی سوریا داگیر بکات و ڕەخنەی لە دید و تێڕوانینی تورکیا گرت لە بەرامبەر کوردەکان و خەڵکانی دیکە، کە بەردەوام نکۆڵی لەو گەل و نەتەوانە دەکات''.

چیا کورد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو دیالۆگانە کرد کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکان و تورکیادا ئەنجام دەدرێت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی قەیرانەکان بە تەواوی قووڵتر دەکاتەوە و ویستێک هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا درووست بکرێت. 
چیا کورد وتی ''ئێمە ئەو ناوچەی ئارامە ڕەت دەکەینەوە کە تورکیا دەیەوێت لە باکوری سوریا درووستی بکات و دەبێت بە هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی سوریا. ئێمە پێشنیاری بنیادنانی ناوچەیەکی ئاراممان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد کە ببێتە هۆی پاراستنی ئەنجومەنەکانی ناوچەکە و ئیدارە مەدەنییەکان. ئەو ناوچەی ئارامەی ئێمە دەمانویست هەموو خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لە خۆ دەگرت و لە ژێر چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بەرگری لە خاکی سوریا دەکرد''.

دواتر بەیاننامەی ئەنجامی وۆرکشۆپەکە لە لایەن حەسەن فەرحان عەبدولڕەحمان کە یەکێکە لە سەرۆک هۆزەکانی بەشدار لە وۆرکشپۆکەدا، خوێندرایەوە و بەیاننامەکە ئەم بابەتانەی لەخۆ گرتبوو:

''لە پێناو پیشاندانی ئەوەی کە هەڕەشەکانی تورکیا نوێ نین و هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هەڕەشە کۆنەکانیدا نییە بۆ ڕای گشتی جیهان ئەمڕۆ لێرەدا کۆبووینەتەوە. ئەو هەڕەشانەی کە دەکرێنە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێچەوانەی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی و سەروەری خاکی سوریایە''.

داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەین دیالۆگ درووست بکات بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەر ئاسایشی سوریا و چارەسەر کردنی قەیرانی سوریا، و پەنابەرە سوورییەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە کۆتاییدا بەڵێن و سوێنی خۆمان بۆ پاڵپشتی کردن لە هێزەکانی سوریا دیموکرات لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی دوژمنان دووپات دەکەینەوە، چونکە ئەوان برای ئێمەن. لە سایەی ئەواندا ئێمە دەتوانین بە سەربەرزی و بە پارێزراوی و بە ئارامی بژین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×