حكومەتی هەرێم كار لەسەر نەهێشتنی فەرمانبەری "بندیوار" دەكات
  2019-08-18       849       

وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت؛ پڕۆژەیەكیان بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری "بندیوار" هەیەو بەرپرسێكی وەزارەتی داراییش ئاشكرایدەكات كە هەرچەندە تا ئێستا 840 هەزار موچەخۆر بایۆمەترییان كردوە بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە 621 هەزار كەس زیاتر نییە. 

ئاوێنە: پەریخان نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا 840 هەزار موچەخۆر بایۆمەترییان كردوە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە 621 هەزار فەرمانبەر زیاتر نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی، وتیشی"ڕاستە ئێستاش دو موچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە، چونكە كەسوكاری شەهید موچەی خۆی هەیە و هی شەهیدانەش وەردەگرێت، یاخود زیندانیی سیاسی یان كەسوكاری ئەنفال، كە هەیە 3 كەسی ئەنفالە و بۆی هەیە موچەی خۆی و دو موچەی دیكەش وەربگرێت".

بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ملیۆنێك و 500 هەزار كەس وەك فەرمانبەر موچەیان لە حكومەت وەرگرتوە، بەڵام تاوەكو ئێستا 840 هەزار كەس سیستەمی بایۆمەترییان كردوە و دەركەوتوە تەنیا یەك موچە وەردەگرن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتی"دوای پێداچونەوە بە میلاكی فەرمانبەران، پڕۆژەیاسایەك لای ئێمەیە و كارمان لەسەری كردوە و تەواو بوە، بۆیە دەینێرینەوە پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی".

جوتیار عادل وتیشی"پڕۆژەكە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارە، ئەوانەی كە موچەی مانگانە لە حكومەت وەردەگرن و هیچ دەوامێكی فەرمی ناكەن، یان وەك پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دامەزراون و دەوامیان پێ ناكرێ".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×