هێزەكانی رزگاریی عەفرین كوژرانی حەوت چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیای راگەیاند
  2019-08-18       586       

هێزەكانی رزگاریی عەفرین كوژرانی حەوت چەكداری میلیشیاكانی هاوپەیمانی سوپای توركیای لەزنجیرەیەك چالاكی شەڕڤاناندا، لە عەفرین، ئەعزاز و مارع راگەیاند.

ئاوێنە: هێزەكانی رزگاریی عەفرین ئەمڕۆ یەكشەممە بەیاننامەیەكی سەبارەت بە ئەنجامی چەند چالاكییەكی هێزەكانیان لەناوچەكانی عەفرین، ئەعزاز و مارع لە باكوری رۆژئاوای سوریا راگەیاند.

بەپێی بەیاننامەكە دوێنێ 17ی ئاب، هێزەكانی رزگاریی عەفرین بۆمبێكی چێنراویان بە یەكێك لە بنكەكانی گروپی "ئەحرار شام"دا تەقاندۆتەوە لە نێو شاری عەفرین و لەئەنجامی چالاكییەكە چوار چەكداری ئەو گروپە كوژراون و سیانی دیكەش بریندار بون.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەمان هێزەكانیان دو بۆمبی چێنراویان بە ژمارەیەك چەكداری گروپی (جەبهە شامیە)دا لە دەوروبەری شاری مارع تەقاندۆتەوەو تێیدا دو چەكداری گروپەكە كوژراون و چواری دیكەش بریندار بون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەر هەمان رۆژ هێزەكانیان بە بۆمبێكی چێنراو ئۆتۆمبێلێكی سەربازی میلیشیاكانی سەربە توركیایان لە شاری ئەعزاز كردۆتە ئامانج و لەئەنجامدا ئۆتۆمبێلەكە تێكشكێنراوەو چەكدارێك كوژراوەو یەكێكی دیكەش بریندار بوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×