سۆران عومەر: تەنھا لەناو دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ١٦٥ فەرمانبەر موچە وەردەگرن و دەوام ناکەن
  2019-08-18       2064       

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات كە تەنها لەناو دیوانی وەزارەتی ناوخۆ 165 فەرمانبەر بونیان هەیە كە دەوام ناكەن و موچە وەردەگرن و هەروەها لە پارێزگاكان و ئیدارەكانی هەرێم چەندین پارێزگارو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە هەن "معوم"ن واتە پۆستیان هەیە بەڵام شوێنی دەوام كردنیان نییە. ئەو پەرلەمانتارە داوای چارەسەركردن بۆ "معوم" دەكات.

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەمڕۆ یەكشەممە 18/08/2019 لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كردوە رایگەیاندوە كە بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ، لەدیوانی وەزارەتی ناوخۆ 165 فەرمانبەر بونیان هەیە بەڵام دەوام ناكەن.

سۆران عومەر وتویەتی"ئەمە كارێكی نایاساییە فەرمانبەر دەوام نەكات و موچە وەربگرێت پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت."

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ لە بەشێكی دیكەی نوسراوەكەیدا، رایگەیاندوە كە بەپێی هەمان نوسراو، لە وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان چەندین جێگری پارێزگارو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەن هەن كە "معوم"ن واتە پۆستیان هەیە بەڵام شوێنی دەوامكردنیان نییەو هیچ ئەركێك بەجێناهێنن.

سۆران عومەر پێشنیاری كردوە كە ئەو كەسانە لە پۆستی نوێی بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە دابنرێن و كەسی نوێی بێ پێشینەو ئەزمون لەم كابینە نوێیەدا دانەنرێت كە بارگرنی دارایی دروست دەكات و وتوشیەتی"هەر یەكێك لەو خاوەن پۆستە 'معوم'انە ئۆتۆمبێل و پاسەوان و موچەیان هەیە ناكرێت بێ رۆڵ بن."

سۆران عومەر لە كۆتاییدا داوای لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە نوسراوەكەی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكەن بەمەبەستی بەدواداچون و چارەسەر.

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×