ھاوسەرۆكی ھەدەپە: لە توركیا كودەتای سیاسی روویدا
  2019-08-19       996       
ھاوسەرۆكی ھەدەپە رایدەگەیەنێت، لەبارەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە دانانی قەیووم بۆ هەرسێ سەرۆکی شارەوانیی ئامەد، وان و مێردین  "ئەمڕۆ لە مێژووی سیاسەتدا وەکو کودەتایەکی سیاسی تۆماردەکرێت".

ئاوێنه‌: سه‌زای تەمەللی ھاوسەركی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)، ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئابی 2019 رایگەیاند: ''بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكان نایاساییە و هێرشێکە بۆ سەر ئەوانەی دیموکراسییان هەڵبژاردووە لە هەموو شوێنێکی تورکیا، هێرشە بۆ سەر ئیرادەی رەنجدەران و ژنان و گەلان''.

داوای کرد لەرێگەی سیاسەت و یەکڕیزییەوە رەوشە چارەسەر بکرێت و جەختی کردەوە لەوەی "توركیا كێشەی كورد چارەسەر نەكات، ناتوانێ كێشەكانی دیكەی چارەسەر بكات".

تەمللی، روونیشیكردەوە: "دەسەڵاتی توركیا ناتوانێت وڵات بەڕێوەببات، بۆیە رەوایەتی بە توندوتیژی دەدات".

هاوسەرۆكی هەدەپە وتی: "داوا لە دیموكراتخوازانی توركیا دەكەین لەسەر ئەو پێشێلكاریانە بێنە دەنگ، دەبێ رێز لە دەنگی خەڵك و سندووقەكانی ھەڵبژاردن بگیرێت، بەم كارانە توركیا لە دیموكراسی دوور دەكەوێتەوە. ئێمە دەست لە سیاسەتی خۆمان ھەڵناگرین و بەردەوام دەبین لە تێكۆشان بۆ چەسپاندنی دیموكراسی لە توركیا."

وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیانووی ئەندامێتییان لە پەكەكە و بانگەشەكردن بۆ تیرۆرو بوونی چەند دۆسیەیەكی لێپرسینەوە، ھەریەك لە عەدنان سەلجوق میزراقلی، سەرۆكی شارەوانی ئامەد، ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین، بەدیعە ئۆزگوگچە ئەرتان، سەرۆكی شارەوانی وان- لە كارەكانیان دوورخرانەوە، پارێزگاری ئەو سێ شارەش لە شوێنیان وەك قەیوم دەستبەكار بوون.

هاوكات هێزە ئەمنییەکانی توركیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەڵیانکوتایە سەر چەند شوێنێک لە ٢٩ پارێزگا بە تایبەتی لە دیاربەکر و ماردین و وان ٤١٨ كه‌س دەستگیر کران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×