2019-08-19   1225     
ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانی ماردین بۆ جاری دووەم بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە کارەکەی دوور خرایەوە و بە قەییم (پرۆسەیەکە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ دەستگرتن بەسەر دامودەزگای نەیارەکانیدا بەکاری دەهێنێت) کەسێکی دیکە لە جێگەکەی دانرا. ئەحمەد تورک دەربارەی ئەو ڕووداوانەی دەگوزەرێن وتی ''ئەوەی ڕوودەدات جگە لە ناحەقی و نەبوونی یاسا هیچ شتێکی دیکە نییە''.
ئاوێنه: موستەفا یامان والی شاری ماردین بۆ جاری دووەم لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بە قەییم وەک سەرۆکی شارەوانی ماردین دانرا. لە خولی ڕابردوودا کاتێک موستەفا یامان بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ شارەوانی ماردینی بەڕێوە برد قەرزێکی گەورەی لەسەر شارەوانی ماردین کەڵەکە کرد. دواتر لە خولی ئەمجارەی هەڵبژاردنەکاندا کە نزیکەی چوار مانگ و نیو پێش ئێستا ئەنجامدرا ئەحمەد تورک کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە و ڕێژەی ٥٦ لە سەدی دەنگەکانی شاری ماردین بەدەست بهێنێت و جارێکی تر شارەوانییەکەی کە پێشتر لێی زەوت کرابوو بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام جارێکی تر بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە کارەکەی دوور خرایەوە.
ئەحمەد تورک لە یەکەم لێدوانیدا دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی وتی: ''ئەو کارێکە کە هیچ عەقڵ و لۆژیکێک ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە. ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە یاسا بوونی نەماوە و ناحەقی لە لوتکەدایە. دان بە ئیرادەی خەڵکیدا نانێن و بەوەش دەڵێن دیموکراسی. هەموو شتێک زۆر بە ڕوونی دیار و ئاشکرایە. موستەفا یامان کە بەردەوام بە گەندەڵی و نایاسایی و بەرتیل وەرگرتن یاد دەکرێتەوە جارێکی تر وەک سەرۆکی شارەوانی بە قەییم دانراوەتەوە. ئەوەش بەڵگە و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سیاسەتی وڵات بە تەواوی دژی دیموکراسییە. بە ڕوون و ئاشکرا دیارە کە سیاسەت لە وڵاتدا چۆن بەڕێوە دەبرێت. ئەوەی ڕوودەدات جگە لە ناحەقی و نەبوونی یاسا هیچ شتێکی دیکە نییە''.