وەزیری پەروەردە: رێگە بە كردنەوەی خولی بەهێزكردنی وانەكانی خوێندن نادەین
  2019-08-19       2172       

وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ژمارەیەك بڕیاریان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەركردون لەوانە هەڵوەشاندنەوەی بە ئینگلیزكردنی هەردو وانەی بیركاری و زانستە گشتییەكان لەقۆناغی بنەڕەتی و هەروەها رێگەنەدان بەكردنەوەی خولەكانی بەهێزكردنی وانەكانی خوێندن.

 ئاوێنە: ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دوشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەو بڕیارانەی ئاشكراكردن كە لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتەكەیدا بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەكراون.

ئالان حەمەسەعید، هێمای بۆ ئەوە كرد كە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتەكەیدا 12 تەوەر تاوتوێ كراون و ژمارەیەك بڕیاریان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەركردون و ئاشكراشیكرد كە بەپێی بڕیاری كۆبونەوەكە مامۆستایان رۆژی 1ی ئەیلول دەستبەكاردەبن و 21ی ئەیلولیش یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت.

ئەوەشی خستەڕو كە یەكێك لە بڕیارەكان رێگەنەدانە بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كرد كە یەكێكی دیكە لە بڕیارەكان هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیکردنی هەردو بابەتی بیرکاری و زاستە گشتییەکانە لەقۆناغیدا کە پڕۆسەكە لە ساڵی خوێندنی 2015 – 2016وە دەستی پێکردوە.

بڕیارەكانی وەزارەتەكە بۆ ساڵی نوێی خوێندن:

-پێکهێنانی لیژنەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی مامۆستا بورهان عەبدوڵڵا تایبەت بە کەمکردنەوەی رۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکان و پەروەردەی قەزاکان لەگەڵ پیادەکردنی پێوەری چاودێری پێویست.

-رۆژی 1ـی ئەیلول بۆ دەستبەکاربونی مامۆستایان دیاریکرا، رۆژی 21ـی ئەیلولیش یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2019 – 2020ە لە هەرێمی کوردستان.

-پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی راوێژکار بورهان عەبدوڵڵا و ئەندامیەتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی ئەحمەد ئیسماعیل رەحمان، شیلان خەلیل جونێد، جەلال هەمزە کاکەشین، بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکان بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021.

-پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک سەبارەت بە دانانی بانکی پرسیارەکان تایبەت بە ئەزمونەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە سەرۆکایەتی کەریم لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی ئەزمونەکان و ئەندامییەتی کاوە عومەر، بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان. کە پێویستە لە ماوەی چوار مانگدا کارەکانیان تەواوبێت.

-رێگەنەدان بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوە، ناکرێت بیناکانیان بەکاربهێنن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی وانەکانی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن.

-هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیکردنی هەردو بابەتی بیرکاری و زاستە گشتییەکان تایبەت بە قۆناغی فێرکردنی بنەڕەتی، کە لە ساڵی خوێندنی 2015 – 2016 وە دەستی پێکردوە، هاوکات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی، راوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.

-پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامیەتی هەریەک لە راوێژکاران: بورهان عەبدوڵڵا عادل، بەڕێوەبەری گشتی دیوان مەریوان بەگۆک و بەکر کەریم، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان بە مەبەستی پێداچونەوە و بەدواداچون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (14)ـی ساڵی 2012 و رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2016 باخچەو قوتابخانەو پەیمانگە ناحکومییەکان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×