سوپای سوریا لە ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر کاروانێکی سەربازی سوپای تورکیا
  2019-08-20       892       

فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کاروانێکی سەربازییان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی سوریاوە لە ناوچەی خان شەیخون پشتڕاست کردەوە. فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بڕیاری داوە هێز لە خاڵە چاودێرییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر بکات.

ئاوێنه‌: لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا سوپای ڕژێمی سوریا لە باشوری ئیدلیبەوە پێشڕەوی کردوە و شارۆچکەی هۆبیت و تەواوی گوند و شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای خان شەیخونی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە. لە دوایین پێشڕەویدا دوێنێ گوندەکانی مادایا و تەل ئەلئەرجاهی چوونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی سوریا. بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی  بڵاوکراونەتەوە، سوپای ڕژێمی سوریا قەزای خان شەیخونی گەمارۆ داوە کە پێگەیەکی ستراتیژی هەیە و ئەگەر بتوانێت بە تەواوی ئەو قەزایە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، ئەوکات دەتوانێت ئەو ڕێگە سەرەکییەی شاری دیمەشقی پایتەخت و حەلەب پێکەوە دەبەستێتەوە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی سوریا (سانا) ئاشکرای کردبوو کە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە مەبەستی دابینکردنی پشتیوانی بۆ گروپە بەرهەڵستکارەکان کاروانێکی سەربازی پڕ لە چەک و تەقەمەنی بۆ قەزای خان شەیخون ناردووە.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کاروانیکی سەربازییان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ''لە کاتی گواستنەوەی خاڵی چاودێری ژمارە ٩ لە شاری ئیدلیب هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر یەکێک لە کاروانە سەربازییەکانمان ئەنجام دراوە و بەو هۆیەوە ٣ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون. زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لە ئێستادا هەن و پێچەوانەی ئەو ڕێکەوتنانەی لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجاممانداوە بۆ هەماهەنگی نێوانمان''.

جگە لەوە ڕۆژنامەنووس مەتین یۆکسو لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تویتەر هەواڵێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ''لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سوریا بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر باشوری خان شەیخون، هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجام داوە بۆ سەر کاروانێکی سەربازی هیزە چەکدارەکانی تورکیا کە لەو کاتەدا بەوێدا تێدەپەڕین''.

قەزای خان شەیخون دەکەوێتە نزیک شاری ئیدلیب لەبەر ئەوە کۆنتڕۆڵ کردنی لە لایەن سوپای سوریاوە گرنگییەکی زۆری هەیە. لە لایەکی دیکەوە لە لە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە دووری خان شەیخون خاڵێکی چاودێری سوپای تورکیا هەیە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×