هه‌ده‌په‌ داوای هه‌ڵوێست له‌جه‌هه‌په‌ ده‌كات
  2019-08-20       604       
په‌روین بوڵدان

له‌به‌رامبه‌ر دورخستنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ چه‌ند شارێكی‌ باكوری‌ كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ توركیاوه‌،  هاوسه‌رۆكی پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان -هه‌ده‌په‌- داوای‌ "هه‌ڵوێستی جددی‌" له‌سه‌رۆكی‌ پارتی گه‌لی كۆماریی -جه‌هه‌په‌- ده‌كات.

ئاوێنه‌: په‌روین بوڵدان، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ له‌لێدوانێكی‌ رۆژتامه‌وانیدا داوای له‌كه‌مال كڵچدارئۆغڵو، سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ كرد "هه‌ڵوێستی جددی‌" بنوێنێ له‌به‌رامبه‌ر دورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانیان.

بوڵدان وتیشی، "ئه‌مڕۆ رۆژی ئه‌وه‌یه‌ بێده‌نگی بشكێنن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات، سبه‌ی به‌سه‌ر ئێوه‌ش دێت. بانگهێشتی هه‌مو پارت‌و لایه‌نه‌ دیموكراسیخوازه‌كان ده‌كه‌م با پێكه‌وه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی ئه‌م ئه‌زمون‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ به‌ڕێبكه‌ین. به‌ڵێنده‌ده‌م ئه‌م رۆژگاره‌ دژوارانه‌ كۆتاییان دێت‌و رۆژگاری زۆر جوان چاوه‌ڕێمان ده‌بێت".    

ڕۆژی 19ی ئابی 2019 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا باڵەخانەی شارەوانییەکانی ئامەدو وان‌و مێردینیان ئابڵوقەداو بەفەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیاش سەرۆکی ئەو سێ شارەوانییە لەکارەکانیان دورخرانەوە.

سەرۆک شارەوانییە دورخراوەکان؛ عەدنان سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی گەورە شاری ئامەد، بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان، هاوسەرۆکی گەورە شاری وان‌و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شاری مێردین بون کە سەر بەپارتی‌ دیموکراتی‌ گەلان -هەدەپەن.

لەشوێنی ئەوانیش ئەرکی بەڕێوەبردنی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد درا بەحەسەن باسری گوزەلئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد، گەورە شارەوانی مێردین درا بەمستەفا یامان، پارێزگاری مێردین‌و گەورە شارەوانی وانیش درا بەمحەممەد ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بیانوی‌ لابردنی‌ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ بونی‌ "پەیوەندییان بەرێکخراوی تیرۆریستییەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×