له یاداشتێكدا بۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له عێراق (یونامی) وەفدێكی
كاكه‌ییه‌كانی قه‌زای داقوق، داوای ره‌وانه‌كردنی هێزی زیاتری سه‌ربازی و پاراستنی
ئه‌منیه‌تی سنوره‌كه ده‌كه‌ن تا له زێدی خۆیاندا بمێننه‌وه.
ئاوێنە، كەركوك ناو: وەفدێكی دانیشتوانی كاكه‌یی گونده‌كانی تۆپزاوه، زه‌نقه‌ر
و عه‌لی سه‌رای قه‌زای داقوق له پارێزگای كه‌ركوك، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 21ی ئاب،
له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یونامی كۆبونه‌وه.
رەجب عاسی، چالاكوانی كاكەیی و به‌شداربوی كۆبونه‌وه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی
وت "باسمان لەرەوشی كاكەییه‌كان كرد‌و راپۆرتێكمان راده‌ستی یونامی كرد، تا ئه‌وان
چاودێری بارودۆخی ئەمنی و ئابوری كاكەییەكانی
داقوق بكه‌ن".
داواكارییه‌كی تری كاكییه‌كان بۆ یونامی، دروستكردنی فشار بوه له‌سه‌ر
حكومه‌تی عێراقی تا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی سنوری داقوق بكات، "ئه‌وانیش به‌ڵێنیاندا
داواكارییه‌كان بگه‌یه‌ننه شوێنی مه‌به‌ست و هه‌وڵی جددی بۆ جێبه‌جێكردنی بده‌ن"
به‌وته‌ی ره‌جه‌ب عاسی.
بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی، نزیكەی 50 خێزان لە هه‌فته‌كانی رابردودا ماڵەكانیان
لە گوندەكانی باشوری قەزای داقوق چۆڵكردوە كە زۆرینەیان لە پێكهاتەی كاكەیین، ئەوەش
دوای زنجیرەیەك هێرشی چەكداریی، تەقینەوەی بۆمب و بۆردومانكردنی چڕی چەند گوندێكی
ناوچەكە هات.
ئەو گوندانە كە مەترسییان لەسەرە، زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی كاكه‌یین
سەر بە قەزای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك)، بڕیاری كۆچكردنیشیان دوای بێئومێدبونیان
هات لە چارەسەری كێشەكانیان و پاراستنی ژیانیان.
سامان ئیبراهیم، كەسایەتی كاكەیی داقوق و ئه‌ندامی وەفده‌كه بۆ لای یونامی
به (كه‌ركوك ناو)ی وت"له كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی بارودۆخی گونده‌كانمان كرد
كه به‌ته‌واوی به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕۆن، بۆ نمونه گوندی زه‌نقر كه پێشتر نزیكه‌ی
120 خێزانی تێدابو ئێستا ته‌نیا شه‌ش خێزانی تێدا ماوه، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی
داعش و گروپه توندڕه‌وه‌كانه‌وه".
پێشتر و له 18ی ته‌مموزی ئه‌مساڵ، لێپرسراوانی نوسینگەی كەركوكی یونامی، لەگەڵ
لێپرسراوانی قەزای داقوق و گوندنشینان و جوتیاران كۆبونه‌وه، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك
لەبارەی پێشێلكارییەكانی ناوچەكە و دۆخی ئەمنی، ئەوەش لە سەردانێكیاندا هات بۆ ئەو
قەزایە.
هه‌ر له‌م مانگه‌دا، ژمارەیەك له كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌كانی داقوق، بۆ
چاره‌سه‌ری كێشه ئه‌منییه‌كان سه‌ردانی به‌غدایان كرد و چاویان كه‌وت به به‌رهه‌م
ساڵح، سه‌رۆك كۆمار و یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆ و به‌شێك له فه‌رمانده‌ی هێزه عێراقییه‌كان.
ئه‌و سه‌ردانه‌ش دوای ئه‌وه‌هات، سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی قەزاكە، له پەیامێكدا
بۆ سەرۆك كۆمار و حكومەتی ناوەندی، هۆشدارییاندا له چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان ئه‌گه‌ر
گره‌نتی پاراستنی ژیانیان نه‌درێت له داقوق.
قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بو دژ به
داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته
ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی.