لە بەریتانیا دۆسیەیه‌کی گەندەڵی دژی كه‌رتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
  2019-08-21       1710       

کۆمپانیای دایناستی پترۆڵ سکاڵایه‌کی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە و لە سکاڵاکەیدا رایگه‌یاند ''کۆمەڵێک کەسایەتیی سەر بە دوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان داوای پارەیان لێکردووە و و بەو بۆنەیەشەوە مامەڵەی کڕینی  نەوتی  هەرێمی کوردستان له‌ كۆمپانیای ریسپۆڵ پەکی کەوتووە و ئێستا دەبێت هەولێر یەک ملیار دۆلار ئەو کۆمپانیایە قەرەبوو بکاتەوە''.

ئاوێنه‌: گۆڤاری ئۆیل پرایز لە ڕاپۆرتێکدا رایگه‌یاندوه‌ ''دەستی بە کۆمەڵێک بەڵگە گەیشتووە کە دەیسەلمێنێت گەندەڵییه‌کی گەورە لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و ئەگەر لە مامەڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشی کۆمەڵێک کەسایەتی جیا نەکرێتەوە بێگۆمان ڕێگری لە ئەنجامدانی مامەڵەکە دەکرێت و تەنانەت ئەگەر هەیە ئەو کەسانەی مل بە پێدانی بەشی ئەو کەسایەتییانە نەدەن چاوترسێن بکرێن و سزاش بدرێن''.

گۆڤارەکە ئاماژەی بە کەیسی سکاڵای کۆمپانیای ناسراو بە دایناستی پترۆلیۆم کردووە کە لە سلێمانی جێگیر کراوە و بە یاسایی کۆمپانیای ڕسپۆلی ئیسپانی کڕیوە کە لە دوو کێڵگەی نەوتی تۆپخانە و کوردئەمیر کاردەکات. بەگوێرەی راپۆرته‌كه‌ مامەڵەی نێوان دوو کۆمپانیای دایناستی و ڕسپۆل بە گوێرەی یاسا دەرکراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم ئەنجام دراوە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا ناسراو بە ئاشتی هەورامی بوو و ئێستا ناوبراو پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیری پێبەخشراوە.

کەیسی سکاڵاکەی کۆمپانیای دایناستی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شەخسی ئاشتی هەورامی لە دادگای پاشایەتی بەریتانیا لە لەندەن جووڵێندراوە و لە کەیسەکەدا کۆمەڵێک تۆمەت تۆمار کراوەن وەک: کاری نایاسایی، چاوچنۆکی و هەڕەشە و تۆقاندن. ئەو کۆمپانیایە لە سلێمانی تۆمار کراوە و لەلایەن دوو کۆمپانیای باشوور و دیجلەوە دامەزراوە و هەموو قۆناغە یاسایییەکانی کڕینی کۆمپانیای  ڕسپۆلی ئیسپانی بڕیوە. گوایە کەسانێک لە حکومەت و لە دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمدا هەن هەر لە وەزیری ئەو کاتی سامانە سروشتییەکان تا دەگاتە جێگری سەرۆک وەزیران داوای پشکی خۆیانیان کردووە و کۆمپانیاکەش نەیداوە. ئەو پشکەش کە داواین کردووە لە نێوان 20 بۆ 30 لە سەدی مامەڵەکە بووە. بۆیە ڕێگرییان کردووە لە مامەڵەکە و مامەڵەی نێوان دوو کۆمپانیا بەریتانی و ئیسپانیه‌كه‌ی  پەک خستووە و ئێستا دەبێت حکومەتی هەرێم بە ڕێژەی 1 ملیار دۆلار ئەو کۆمپانیایە قەرەبوو بکاتەوە.

گۆڤارەکە جەختیشی کردۆتە سەر گرینگی ڕێکەوتنەکەی نێوان دوو کۆمپانیا بەریتانی و ئیسپانیه‌كه‌ چونکە بەپێی بەراوردەکان لەو دوو کێڵگە نەوتییەدا 2.6 ملیار بەرمیل نەوت و 7.2 ترلیۆن فووتی سێجا گازی پاشەکەوت هەیە کە ئەگەر کاری باشی لەسەر بکرێت ڕۆژانە لە دوو کێڵگە نەوتییەکەوە زیاتر لە 25 هەزار بەرمیل نەوت و 600 ملوێن سێجا گاز بەرهەم دەهێنرێت.

دادگای پاشایەتیی بەریتانیان لقی لەندەن ماوەی 21 ڕۆژی بۆ ئاشتی هەورامی و حکومەتی هەرێمی کوردستان داناوە کە ڕونکردنەوەی خۆیان لەبارەی ده‌نگۆكانی ئەو کۆمپانیا بەریتانییەوە پێشکەش بکەن کە داوای یەک ملیار و 500 ملوێن دۆلار قەرەبوو لە حکوومەتی هەرێم دەکات.

گۆڤاری ئۆیڵ پرایز نوسیویەتی بە پێی ئەو بەڵگانە پێشکەشی دادگا کراون چاوەڕوان دەکرێت حوکمی دادگا بە قازانجی کۆمپانیا بەریتانییەکە و دژی ئاشتی هەورامی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×