ئەبو مەهدی موهەندیس: ئەمریکا بە فڕۆکەی ئیسرائیلی بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج
  2019-08-21       1322       
ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیێنێت، ''ئەمریکا بە فڕۆکەی ئیسرائیلی بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج''.

ئاوێنه‌: ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس،  جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: ''دوژمنانی عیراق دوباره‌ پیلان به‌شێوازی جیاجیا بۆ به‌ ئامانجكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی داده‌نێنه‌وه‌، ئه‌مریكا كه‌ هاوكاربووه‌ له‌ هێنانی گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌، ئێستا به‌جۆرێكی دیكه‌ سه‌روه‌ریی خاكی عیراق ده‌به‌زێنێ و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كاته‌ ئامانج''.

ئەبو مەهدی موهەندیس ئاماژە بە چەند رێگەیەک دەکات کە ئەمریکا فەرماندەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج و دەڵێت "پرۆسەكانی بە ئامانجكردن بەردەوامە و جارێك لەڕێگەی تانەدان لە كەسایەتییە جیهادییە نیشتمانییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە لەڕێگەی راگەیاندن بە دانانی ناوەكانیان لە لیستی تیرۆر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا. جارێكیشیان لەڕێگەی بە ئامانجكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەرێگەی بەكرێگیراوانیان یان لەڕێگەی فڕۆكەی پێشكەوتووەوە".

ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس رایگه‌یاندوه‌ كه‌ زانیاریی پشتڕاستكراوه‌یان لایه‌، ئه‌مساڵ ئه‌مریكا چوار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیی ئیسرائیلیی له‌رێگه‌ی ئازه‌ربایجانه‌وه‌ خستوه‌ته‌ناو هێزه‌كانی خۆی و له‌ فڕین به‌سه‌ر باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی عیراقدا به‌شداریی پێکردون.

ئەبو مەهدی موهەندیس دەشڵێت "حکومەتمان ئاگادارکردووەتەوە کە هەرفڕۆکەیەکی بیانی بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق بەسەر بارەگاکانماندا بفڕێت، لێیدەدەین".

ئەبو مەهدی موهەندیس راشیگەیاندووە "دوژمنانی عێراق جارێكی دیكە بەشێوازی جیا پلان بۆ بەئامانجكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی دادەڕێژن. ئەمریكا كە هاوكاربووە لە هێنانی گرووپە چەكدارەكان بۆ عێراق و ناوچەكە بە داننانی خودی ترەمپ بیر لە شێوازی جۆراوجۆر دەكاتەوە بۆ پێشێلكردنی سەروەری عێراق و بە ئامانجكردنی حەشد".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ فازل ئه‌بوره‌غیف، پسپۆڕی ئه‌منی و نزیك له‌ ده‌زگای هه‌واڵیی عیراق به‌ سایتی روسیاتوده‌ی راگه‌یاندبوو: زانیارییان هه‌یه‌ ئیسرائیل پلانی هه‌بێت بۆ بۆردومانكردنی جبه‌كانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ عیراق.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×