لەسەر بناغەی هەواڵێکی درۆ، چل ساڵ لەمەوبەر فەرمانی پەلاماردانی کوردستان دەرچو
  2019-08-22       2922       

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ – ١٩ی مانگی هەشتی ١٩٧٩

 

ئەحمەد ئەسکەندەری – ستۆکهۆلم

ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لەگەڵ هاوڕێکانم لە نووسینگەی 'کۆمەڵەی لایەنگری زەحمەتکێشان و پارێزگاری لە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد' لە شاری سەقز بووین و ڕووداوێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو. وەکوو ڕۆژەکانی پێشووتر تەلەفونم کرد لە 'کۆمەڵەی پارێزگاری لە ئازادی و شۆڕش' لە شاری سنە بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەی جاران کەسێک بە فارسی جوابی دایەوە! خێرا زانیم کە هاوڕێیانمان لەو شارە ناچار کراون شوێنەکەیان بەجێ بهێڵن. . . زۆری پێنەچوو ڕادیۆ تاران پەخشی ئاسایی خۆی بڕی و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی مارشی سەربازیی و پەیتا پەیتا فەرمانی جیهادی خومەینی دەخوێندەوە. 


ئاماژە بە سێ دەربڕینی خومەینی لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٥٨ و هەروەها مانگی پووشپەڕی ١٣٥٩ [١٩٨٠] جەوهەری هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کوردستان، هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن ئەوانەو و هەروەها هەڵوێستی ڕژیم بەرامبەر بە کەسایەتییە سیاسییەکان و حیزب و ڕێکخراوەکان لەلایەک و بۆچوون و کاردانەوەیان سەبارەت بە وتووێژ و دانووستاندن لەلایەکی ترەوە، بەڕوونی دەردەخات.

 


١ – فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان، خومەینی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ [١٩/٨/١٩٧٩]
 " الساعه خەبەر گەیشت کە لە سنە «حیزبی دیموکرات»، ئەوانە ئەرتەشییەکان و ڕیکخراوەکانی ئەوانیان گەمارۆ داوە، وە ئەگەر هەتا نیو سەعاتی تر یارمەتی نەدرێن چەکەکان دەبەن. وە لە مزگەوتی جامیعای سنەوە بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە کە حیزبی دیموکرات ژنەکانمانیان بە بارمتە گرتووە. اکیداً به ‏تەواوی هێزەکانی ئاسایش فەرمان دەدەم بەرەو پادگانەکانی . . بەرەو سنە بکەونە ڕێ، پاسدارانی ئینقیلاب – لە هەر شوێنێک کە هەبن – بە ژمارەی پێویست – بە پردی هەوایی – بەرەو سنە و کوردستان هێزەکانیان ببزوێنن و زۆر بە توندی، هەموو یاخیبووەکان سەرکوت بکەن. تەئخیر، – با یەک سەعاتیش بێت – بە سەرپێچی کردن لە ئەرکەکان دەژمێردرێت و بە توندی سزای بەدوادا دێت. .   (دەقاودەق لە سایتێک بەناوی پۆرتالی ئیمام خومەینی وەرگیراوە: صحیفه امام، ج ٩، ص ٣٠٦ سایت 'پرتال امام خمینی' http://www.imam-khomeini.ir/)
چەندین ساڵ دواتر – هەروەکوو لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێت – کاربەدەستانی ئەوکاتی ئێران لە کوردستان، تاران و قوم پێداگری دەکەن کە ئەو ڕۆژانە لە شاری سنە هیچ نەقەوماوە و ئەم فەرمانی شەڕ و هەڵچوونەی خومەینی لەسەر بناغەی خەبەری دروستکراو  و هەڵبەستراوی شەڕخوازان لە ئاستی سەرەوەی دەسەڵاتی سەربازی و ئایینیی ئێراندا دەرچووە.  
چل ساڵ توندوتیژی، داپڵۆسین، بۆمباران و ئێعدام وەڵامی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام سەرەڕای ئەو سیاسەتە دژە مرۆڤانە و سەرکوتی زۆر، خەبات لە دژی ستەمی میللی و هەموو ئاکامە سیاسی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی لە کوردستان بەردەوام درێژەی هەبووە و لە باری سیاسییەوە کوردستان قەت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی قبووڵ نەکردووە.
مامۆستا شێخ‌ عێزەدین حوسەینی در بەیاننامەیەکدا که ڕۆژنامەی 'کیهان' ۸ خاکەلێوەی ۱۳۵۸ لاپەڕی ۷ دا بڵاوی کردووەتەوە، سەبارەت بە ڕیفراندۆم (ڕۆژەکانی ١٠ و ١١ی خاکەلێوە، ٣٠ و ٣١/٣/١٩٧٩) بۆ دیاریکردنی ڕژیمی تازە پاش ڕووخانی شای ئێران بەم شێوە دەدوێت:
«لەبەر ئەوە ناوەرۆکی 'کۆماری ئیسلامی' تەماویی و نادیارە، بەتایبەت سەبارەت بە مافی دیاریی کردنی چارەنووس و هەروەها مەسئەلەی خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاددا . . لەم ڕیفراندۆمەدا بەشداری ناکەم.»
ڕێکخراوی 'کۆمەڵە' یەک هەفتە پێش ڕیفراندۆم و حیزبی دیموکراتیش پاش دیداری دەستەی نوێنەرایەتی حیزب بە سەرۆکایەتی دوکتور قاسملوو لەگەڵ خومەینی لە قوم، ڕۆژی پێش ڕێفراندۆمەکە (٩ی خاکەلێوە) لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕۆژنامەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە، بەشداری نەکردنی خۆیان لەو ڕیفراندۆمەدا ڕاگەیاند.
فەرمانی شاڵاو و کوشتن لەسەر ئەساسی هەواڵی هەڵبەستراو کە ئاکامەکانی زۆر ڕووخێنەر و کارەساتئامێز بوو
«چشم‌انداز ایران» (چەشم ئەانداز واته روانگه، به‌رژه‌وه‌ند، ئاسۆ) گۆڤارێکه هەر دوو مانگ جارێک له تاران بڵاوده‌بێته‌وه.  به‌هاری ساڵی ٢٠٠٣  یه‌که‌مین ژماره‌ی «چشم‌انداز ایران – ویژه کردستان» (تایبه‌ت به کوردستان) ده‌رچوو.[1] پاییزی ٢٠٠٥ ژماره‌ی دووهه‌میشی بڵاو کرایه‌وه[2]. ئه‌وه یه‌که‌م جاربوو که گۆڤارێک له تاران به‌و شێوه‌یه دوو ژماره‌ی خۆی ته‌رخان ‌بکات بۆ باسکردن له‌سه‌ر پرسی کورد له ئێران و هه‌روه‌ها وێنه‌ی  ڕیبه‌رانی کورد به‌تایبه‌ت مامۆستا شیخ‌عێزه‌دین حوسه‌ینی و دوکتور قاسملو بڵاو بکاته‌وه.
وتووێژی ژەنراڵێکی به‌ناوبانگی ئه‌و سه‌رده‌مه «سه‌رله‌شکر ناصر فه‌ربود» له لاپه‌ڕه‌ی ٤٣ی «چشم‌انداز ایران -  ویژه‌ کردستان" ژماره دودا جێگای سه‌رنجێکی تایبه‌تییه:
«پرسیار: واته ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشدا تاران ده‌ستپێکه‌ری شه‌ڕبوو له ‌دژی کوردستان؟ به‌ واتایه‌کی دیکه ده‌ستدرێژی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی کاتییه‌وه‌ و له ‌تارانه‌وه بوو؟
وه‌ڵام: ستاد (واته ناوه‌ندی سه‌رکردایه‌تی ئه‌رته‌ش) به ‌ره‌سمی نووسیویه‌تی که خۆیان ئه‌م‌ کاره‌یان کردووه.
پرسیار: بۆچی به‌ فڕۆکه هاتنه سه‌ر شاری سنه؟
وه‌ڵام: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ئه‌رته‌ش) به‌ پێچه‌وانه‌ی ئامانجی ده‌وڵه‌ت کاریان ده‌کرد.»
هەڵبەت ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەوە نەبوو "بە فڕۆکە هانتە سەر شاری سنە"، ئەو جۆرەی کە ڕۆژنامەوانەکە پرسیار دەکات، بەڵکوو لە سەر شار و لادێکانی کوردستان دیواری دەنگیان دەشکاند و هەر لە ڕۆژەکانی پێش نەورۆزی ١٩٧٩ـوە مەبەستیان تۆقاندنی خەڵکی کوردستان بوو.
لێره دا وته‌یه‌کی ئاغای جه‌مشید حه‌قگو، ئوستاندار (پارێزگار)ی پێشووی ئازربایجانی رۆژئاوا زۆر شیاوی سه‌رنجدانه:

«ڕۆژێکیان به‌بۆنه‌یه‌که‌وه من له ئیداره‌ی دووهه‌می ئه‌رته‌ش بووم له‌ تاران و له‌وێ پرسی کوردستان هاته پێش. هه‌موو ئه‌فسه‌رانی خیبره‌ی اطلاعاتی روکنی دوو (ده‌زگای دژەزانیاریی ناو ئه‌رته‌ش) که شاره‌زای دۆخی ناوچه‌ی کوردستان و گیروگرفته‌کان له‌وێ‌بوون. له‌بیرمه هاوکات کە جه‌ختیان له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی من دەکردەوە . . . رایانگه‌یاند که ئێمه‌ش به‌راوردمان کردووه و نزیکه‌ی ١٤ ڕێگاچاره‌مان بۆ کوردستان ڕه‌چاوکردووه که دوایین ڕیگاچاره‌یان، کردەوەی چه‌کدارانه‌یه.» (چشم‌اندازایران- ویژه‌کردستان، ژماره دوو لاپه‌ڕه‌ی ٥٦ پاییزی ٢٠٠٥)
باشه ئه‌وکه‌سانه‌ی – به ‌تایبه‌ت کورده‌کان - که ئێستا له تارانه‌وه و له‌لاپه‌ڕه‌کانی چشم‌انداز ایران‌ه‌وه هێرش ئه‌به‌نه‌سه‌ر ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی که له بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی کوردستاندا به‌شدارییان کردوووه‌و له به‌رامبه‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی کۆماری ئیسلامیدا راوه‌ستاون و پارێزگارییان له‌گه‌ل و نیشتمانی خۆیان‌کردووه، له‌خۆیان ناپرسن ئه‌وه بۆچی که‌س گوێی نه‌دایه ئه‌و ١٣ رێگاچاره‌یه‌ی دیکه‌ی که «ئه‌فسه‌رانی خیبره‌ی روکنی دوو» پێشنیاریان کردبوو؟ بۆ به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کورددا ته‌نها به‌زمانی چه‌ک و تۆپ و تانک هاتنه زمان و رێگا چاره‌ی چوارده‌هه‌میان هه‌ڵنه‌بژارد؟
لەلایەکی ترەوە شێخ حسین کرمانی «نوێنه‌ری ئه‌وکاتی ئیمام له‌ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات» هه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ی ٨ دا ده‌ڵێت:
« جارێکیان گوتم باش وایه داهاتی یەک ڕۆژی نه‌فت ته‌رخان‌ بکه‌ین بۆ کوردستان . . . احمدئاغا [کوڕی خومەینی] ئه‌م قسه‌ی منی زۆر پێخۆش نه‌بوو. . . ته‌له‌فوونم کرد احمدئاغا وه‌ڵامی دایه‌وه. وتم ئاغای خه‌ڵخاڵی (ئایەتوڵڵا خەڵخاڵی جەللادی کوردستان) هاتووه‌ته هه‌مه‌دان و سبه‌ینێ ده‌یه‌وێت بێت بۆ سنه. له‌سنه هیچ باسێک نییه. ئارامی ئارامه. بیکەن به‌خاتری خودا مه‌هێڵن بێت بۆئێره.» (چشم‌اندازایران- ویژه‌کردستان، ژماره دوو لاپه‌ڕه‌ی ٨ پاییزی ٢٠٠٥)
به‌ڵگه له‌مه روونتر و ئاشکراتر هه‌یه؟ خۆ ئه‌مه کۆمه‌ڵه و حدکا نه‌یان‌نووسیوه. ئه‌م کابرایه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ قوم و له‌گه‌ڵ ماڵی خومه‌ینی په‌یوه‌ندی گرتووه. پێشتر بینیمان که ئه‌رته‌ش چۆن شه‌ڕه‌که‌ی ده‌ستپێکرد، ئێستاش ده‌بینین که له شاری قوم‌ه‌وه خه‌ڵخاڵی جه‌ڵلادیان نارد بۆ ئێعدامکردنی خه‌ڵک له کوردستان.
سەبارت بە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پڕۆپاگەندای ڕژیم هەر ئەوەندە بەسە سەرنجی ئەم بەشە لە لێدوانەکانی ئاغای شاهوەیسی پارێزگاری ئەوکاتی کوردستان بدەین کە لە هەمان ژمارەی دووهەمی گۆڤاری "چشـم‌انداز ایران – ویژە کردستان"دا بڵاوبووەتەوە:
دەنگوڕەنگ (واتە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێڕان) خەریکی بڵاوکردنەوەی مارشی سەربازیی بوون و بەم چەشنە سەرقاڵی هاندانی هاونیشتمانانی (ئێرانی) بوون لە دژی هاونیشتمانانی کورد. هەرچەندە دەمانگوت دۆخەکە لە کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و وەها نییە هێرشی بکرێتە سەر و بارودۆخەکە ئارامە، هیچ کەس گوێی نەدەگرت و زانیاریی هەڵە لە کاناڵە نافەرمییەکانەوە بڵاودەکرایەوە.»
سەرنجدان بە قسەکانی ئاغای صباغیان چەند لایەنێکی ترمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و لە زیانی ئەو کەسانەیە کە بەناو توێژینەوە دەکەن سەبارەت بە دۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان و هەموو تاوانەکان دەخەنە ئەستۆی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان و نوێنەرانی ئەوان. لە لاپەڕەی ٥٥ی "چشم‌انداز ایران – ویژه کردستان" ژمارە دوودا ئاغای صباغیان ئاوا دەڵێ:
«پرسیار: ڕووداوەکانی شاری پاوە کە هاتە پێش، ئایەتوڵڵا خومەینی فەرمانی دا لە ۲۴دا شەڕ و پێکدادان لە پاوە کۆتایی پێ بهێنرێت و ڕۆژی دواتریش فەرمانی دا هێزی سەربازیی بەرەو سنە وەڕێکەون. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پارێزگاری هەڵبژێردراوی دەوڵەت لە کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامە بیانیی و ناوخۆییەکاندا سەرسووڕمانی خۆی لەم بابەتەوە دەربڕی. ئەو دیگوت لە سنە هیچ خەبەرێک نییە. کێشەیەک نییە. ئەی باشە ئەم شەڕ ڕاگەیاندنە بۆچی بوو؟
وەڵام: گوتم کە هەواڵەکانیان بە هەڵە بڵاودەکردەوە. مەرحوومی خومەینی بڕیارێکی دابوو کە زۆر لەجێی خۆی نەبوو، دواتر کاتێک ڕایانگەیاند لە سنە هیچ خەبەرێک نییە، ئیتر زۆر درەنگ بوو.»
شەڕی سێ مانگە و بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان
لە وەها زەمینەیەکدا بوو کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە زەمین و لە ئاسمانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو شاڵاویان هێنایە سەر کوردستان و شەپۆلی ئێعدامەکان بە دەستی ئایەتوڵڵا خەلخالی جەللاد کەوتەڕێ. هیزە سیاسییەکانی کوردستان هیچ چەشنە ئامادەگییان نەبوو و بەناچار هەتا ناوچە شاخاوییەکانی سەرسنوور پاشەکشەیان کرد. من کە ئەو دەم لای بەڕێز مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی بووم، جوان لەبیرمە کە چۆن یەکەم ڕۆژنامەوانی ئێرانی کە بەدزییەوە لە تارانەوە هاتبوو بۆ چاوپێکەوتن و نووسینی ڕاپۆرت، لە شەوێکی تاریکی پاییزدا لەناو خێوەتێکدا لە شاخ دیدارمان لەگەڵ کرد.  
دوابەدوای ئەم شاڵاو و هێرشانە بۆ سەر گیان و ماڵی خەڵک، لاوانی کوردستان بەتایبەت ڕوویان کردە ڕێزەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و لە ئاکامدا و لە بەرنگاربوونەوەیەکی قارەمانانەی جەماوەرییدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بە پاشەکشە کران. سەرەنجام یەکەم پەیامەکانی کاربەدەستانی ئێران لەمەڕ " بانگەوازی ئاشتی و گفتوگۆ" لە مانگی خەزەڵوەردا گەیشتە لای هێزە سیاسییەکانی کوردستان. سەرەتا دانیشتنێکی فەرمیی بە ناوبژیوانی مام جەلال و ئامادەبوونی چەند وەزیرێک لەوانە، داریووش فرووهەر، صباغیان، سەحابی و چەند کەسێکی ئەرتەشی ئێران لە گوندی بێورانی ناوچەی سەردەشت لەگەڵ دەستەیەکی دانووستاندکاری کوردستان بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی دەستی پێکرد کە منیش لەو دانیشتنەدا بەشدار بووم.
لە شوێنێکی تردا ئاغای صباغیان لە هەمان لاپەڕەی ٥٥ی ژمارەی یەک‌دا دەڵێ:
"پێش ئەوەی ئێمە (دانووستاندن) دەست پێبکەین، ڕیزە ئێعدامە ناڕەواکانیی ئایەتوڵڵا خەلخالی کەشوهەواکەی هەستیار کردبوو. خۆی وایدانابوو کە گوایە بیانتۆقێنێت (خەڵکی کوردستان). بۆ نموونە برایەکی لەباتی براکەی تری ئێعدام کردبوو. . .  ئەم کەسە ئیفلیج بوو (خۆی نەیدەتوانی بڕوا) هەر بۆیە لەسەر دەستەبەرە بردیان و ئێعدامیان کرد."
ڕۆژنامەی 'کیهان' پێنجشەممە ۱۷ خەزەڵوەری ۱۳۵۸ [٦/١١/١٩٧٩] لاپەڕە ۹ ئاوا دەنووسێت:
«ئەندامانی 'دەستەی نیازپاکیی' (دەوڵەت) کە بریتی بوون لە بەڕێزان فرووهەر، صباغیان و سحابی، دوێنێ چوارشەممە گەیشتنە ناو شاری بانه و لە خۆپیشاندانی دژ بە ئەمریکا بەشدارییان کرد. پاش وتارەکەی داریوش فرووهەر لەو کۆبوونەوە چەند هەزار کەسییەدا، بڕیارنامەیەک لەلایەن خەڵکی بانەوە لە سێ خاڵدا خوێندرایەوە و درا بە 'دەستەی نیازپاکیی'؛
۱- . .  . پشتیوانی لێبڕاوانە لە گەڵاڵەی ۸ خاڵی مەهاباد، . . . [کە چەند ڕؤژ پاش ڕووخانی ڕژیمی شا پەسندکرابوو.]
۲- . . .  تەنیا نوێنەرانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان بۆیان هەیە سەبارەت بە کێشەکانی کوردستان (لەگەڵ دەوڵەت) گفتوگۆ بکەن.
۳- چارەسەرکردنی کێشەکان لە کوردستان لە گرەوی ئەوەدایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە فەرمی بناسرێت و . . . و ئەمە تاقە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان و ئێران. . .»
پاش زنجیرەیەک گفتوگۆ و دیداری نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان، سەرەنجام توانرا ڕێکەوتنێک ئیمزا بکرێت و بەم چەشنە  'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' پێک هات کە تێیدا مامۆستا شێخ عێزەدین وەکوو سەرۆک، حیزبی دیموکرات [دوکتور قاسملوو] وەکوو گوتەبێژ و کۆمەڵە و لقی کوردستانی ڕیکخراوی چریکه فیداییەکان وەکوو ئەندام دیاریی کران. خومەینی کە سێ مانگ پێشتر فەرمانی جیهاد و سەرکوتی لە دژی گەلی کورد دەرکردبوو، ئەمجارە پەیامێکی جیاوازیی بڵاوکردەوە!

 


٢ - خومەینی: پەیام بە خوشکان و برایانی کورد ٢٦ی خەزەڵوەر ١٣٥٨[١٧/١١/١٩٧٩]
سڵاو لە خوشکان و برایانی کورد، . . من تێدەگەم که لە ژێر حکوومەتی کاتییشدا ئەو جۆرەی کە شیاویی خواستی ئێوە و میللەت بێت، پێتان ڕانەگەیشتوون‏ . . . وە من هیوادارم‏‎ ‎ کەرەستەی پێویست بۆ ڕیفاهیی هەموو میللەت و بۆ ئێوە برایانی کورد دەستەبەر بکرێت. ‏
داوا دەکەم لە دەستەی تایبەت [نیازپاکیی] که بەوپەڕی نیازپاکییەوە درێژە بە گفتوگۆکان بدەن؛ وە لەگەڵ کەسایەتییە ئایینی و سیاسی و میللیەیەکان و باقی توێژەکان پەیوەندیی بگرن، هەتا بەدیهێنانیی داخوازییەکانی ئەوان – کە داخوازیی ئێمەیشە – با بە شێوەیەکی دڵخوازانە جێبەجێ ببێت؛ ‏
‏‏ئیسلامی گەورە هەموو هەڵاواردنەکان مەحکووم دەکات و . . لە پەنای ئیسلام و کۆماری ئیسلامیدا، مافی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و ناوچەیی و لابردنی هەر چەشنە هاڵاواردنی فەرهەنگی و ئابووری و‏‎ ‎‏سیاسی بۆ هەموو توێژەکانی میللەتە، لەوانە برایانی کورد کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت و  دەستەبەر دەبێت بە دابینکردنیان لە زووترین کاتدا . . (صحیفه امام، ج ١١، ص ٥٥ سایت 'پرتال امام خمینی')

بە دوای ئەم پەیامەدا بوو کە دەستەیەکی دانووستاندکار لە تارانەوە هاتنە مەهاباد و تاقە یەک جار و بۆ ماوەی نزیکەی چل دەقیقە لەگەڵ 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' دا بە فەرمیی کۆبوونەوە!
" سەعات سێ و نیوی ڕۆژی سێشەممە ۲۰ بەفرانباری ۱۳۵۸ [١١/١٢/١٩٧٩] کۆبوونەوەی فەرمیی دەستەی دەوڵەت لەگەڵ 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' لە 'فەرمانداریی'(قایمقامییەت) مەهاباد دەستی پێکرد. سەرەتا ئاغای فرووهەر پێخۆش بوونی خۆی لەم دانیشتنە دەربڕی و بە گەشبینییەوە باسی ئاکامەکانی ئەم گفتوگۆیانەی کرد. پاشان مامۆستا شێخ عێزەدین بەیانێکی خوێندەوە که تێیدا هاوکات لەگەڵ بەخێرهێنانی نوێنەرانی دەوڵەت، گوتی: میللەتی کورد هەمیشە ئارەزووی بووە لە دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ نوینەرانی فەرمیی دەوڵەتدا بەشداریی بکات و کێشەی نەتەوایەتیی خۆی لە ڕیگای لێک تێگەیشن و وتووێژەوە چارەسەر بکات. گەلی کوردستان هاوکات لەگەڵ گەلانی ئێران بەشدار بووە لە خەباتی هاوبەشدا و بەردەوام بۆ مافی ڕەوای خۆیشی تێکۆشاوە.
پاشان مامۆستا شێخ‌ عێزەدین 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد'ی ناساند و گوتی کێ لەلایەن کامە هێزی سیاسییەوە بەشداریی کردووە. بەدوای ئەوەدا ئاغای صباغیان ناڕەزایی خۆی دەربڕێ بەرامبەر بە پێکهاتەی 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' و بەشداربوونی فەرمیی نوێنەرانی کۆمەڵە و چریکی فیایی لە کۆبوونەوەکەدا.
[به گوتەی بێهرووز سلێمانی نوێنەری لقی کوردستانی چریکهای فدایی خلق]، بەدوای ئەم دەربڕینەی ئاغای صباغیاندا، دوکتور قاسملوو گوتی: پێکهاتەی 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە؛ خەڵکی کوردستان دوو هەفتە پێش ئێستا (شەشی ڕێبەندان ٢٧/١١/١٩٧٩) لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی گەورە و بەربڵاودا بە شێوەیەکی فەرمیی پشتیوانیی بەرینی خۆیان لەم پێکهاتەی 'دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد' دەربڕیوە." (ئەم گێڕانەوە لە کاسێتی دەنگیی دیداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی مەهاباد لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی بەفرانباری ١٣٥٨ دا وەرگیراوە.)
ئایەتوڵڵا کرمانی لە گۆڤاری 'چشم‌انداز ایران ویژه کردستان' ژماره دوو لاپەڕەی ۹دا زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت و قسەکانی ئەو بەرپەرچی ئەو کەسانە دەداتەوە کە تاوانی شکستی گفتوگۆکان دەخەنە ئەستۆی لایەنی کورد. شێخ حسین کرمانی دەڵێ:
«گوتیان 'دەستەیەکی نیازپاکیی' خەریکە دەچێت بۆ کوردستان، تۆیش لەگەڵیان بچۆ، بەڵام ئەندامی ئەو دەستەیە نیت، بەڵکوو چاودێرییان بکە و بزانە چی دەکەن.»
هەتا ئێرە بۆمان دەردەکەوێت کە دەستەی نوێنەرانی دەوڵەت سەرەڕای ئەوەی کە هەموویان لێهاتوویی بەڕێوەبردنی کارەکەیەن هەبوو و هەموویشیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران وەفادار بوون، لە لایەن نوێنەرێک لە شاری قومەوە لە ژێر چاودێرییدا بوون. کرمانی لە درێژەدا دەڵێ:
« گوتم به ئاغای صباغیان کارێکی تایبەتم پێتانە. شوێنەکەیان بۆ چۆڵ کردین. بەنده بووم، مهندس صباغیان، مهندس سحابی و وابزانم کەسێکی تریش بوو. من دەستم پێکرد و گوتم ئێوە خەریکن لەگەڵ ئەوانە وتووێژ دەکەن، ئایا ئەمە مانای ئەوە نادات کە ئێوە خەریکن ئەوانە بە ڕەسمیی دەناسن؟ کۆمه‌ڵه و دیموکرات به رسمیی دەناسن؟ ئێوە خەریکی چین؟  گوتیان ئێستا ئێمە لە دۆخێکی خراپداین و دەرفەوت و ئیمکانێکی ئەوتۆمان نییە. خۆتانیان پێوە سەرقاڵ بکەن کە کارێکی ئەوتۆ و توندوتیژی نەکەن هەتا ئێمە وردە وردە بتوانین دەسەڵاتمان بەسەر سنوورەکاندا زاڵ بکەین. ئەرتەشەکەمان ڕێکوپێک بکەین و هەموو ئەمانە ئارام دەکەینەوە.»
ئاغای سحابی لە ژمارەی یەکەمی 'چشم‌انداز ایران – ویژە کردستان'دا دەڵێ:
« لە سەردەشت . .  گفتوگۆ هەبوو . .  من لەبیرمە یەکێک لە کوڕەکانی خۆمان گوتی به رضا ناجیان (ئەندامێکی دەستەی دەوڵەت) ئێوە بۆچی لەگەڵ ئەمانە وتووێژ دەکەن؟ ئەویش گوتی جارێ سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەمانە لە خەڵکەکە جیا بکەینەوە. ئەمانە کەشوهەوایەکیان خولقاندووە و خەڵکەکەیان ترساندووە. ئێمە ئەم شەڕەیان لەگەڵدا هەر دەکەین، بەڵام دەبێ خەڵکیان لێ بتاکێنیەوە. ئاغای خومەینی ئەم سیاسەتەی ئێمەی قبووڵ کرد. هەربۆیە سەرانسەری زستانی ساڵی ١٣٥٨، کەم تا کورت جاروبار دەچووین بۆ کوردستان، . . .» (چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان ژماره یەک، ل ۶۶)
دیارە بە سەرنجدان لەم لێدوانانە و هەروەها کارشکێنی کردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی سەربە حکوومەت لەلایەک و هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی دەوڵەت کە هاوکات بوو لەگەڵ داگیرکردنی سەفارەتی ئەمریکا و بە بارمتە گرتنی ئەمریکاییەکان، هەموو ئەمانە وایان کرد کە گفتوگۆکان هیچ ئاکامێکیان لێ نەکەوتەوە. تەنانەت هەوڵدانی تاکلایەنانەی حیزبی دیموکراتیش لە ڕێگای سەرەککۆمار بنی صدر و هێندێک لە کاربەدەستانی ترەوە لە تاران هیچ ئاکامێکی نەبوو. هەموو ئاماژەکان ئەوەیان نیشاندەدا کە ڕژیم خۆی ئامادە دەکرد بۆ شاڵاوێکی تازە بۆ سەر کوردستان.
بێ ئاکام مانەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ دەستەی تایبەتی دەوڵەت



٣ - خومەینی: ‏‏٢٩ پووشپەڕی ١٣٥٩ [٢٠/٧/١٩٨٠] لێدوانیی '‏‏‏ئێعتراف به هەڵەی ڕابردوو'

" . . . میللەتی ئێمە شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوتیان کرد و ئێمە نەمانکرد. ئێمە یان مقصرین یان قاصر . . ئەگەر ئەو ڕۆژەی دەیانهەویست بچن بۆ کوردستان بۆ گفتوگۆ، من ئاماژەی ڕەخنەگرانەم پێدان که دەتانهەوێت وتووێژ بکەن، پێویستە لە پێگەی بەهێزبوونەوە بچن. سەرەتا دەبێ ئەرتەش و پاسدارەکان ئەمانە احاطه بکەن، محاطیان بکەن، جا دوایە ئێوە بچن و قسەیان لەگەڵدا بکەن. مسامحه کرا. ئەمە بوو بە سەبەبی ئەوەی ئەم گرفتە درێژخایەنەمان بۆ هاتە پێش و ئەو هەمووە زیانەی لێکەوتەوە." (صحیفه امام، ج ١٣، ص ٤٦ و ٤٧ سایت 'پرتال امام خمینی')
باشە بابزانین ئاغای صباغیان چۆن باسی دەستپێکردنی پێکدادانەکان دەکات. دەڵێ:
« 'نهضت آزادی ایران' [ڕێکخراوێکی ئایینی بوو کە هەر لە زەمانی ڕژیمی شاوە بە سەرۆکایەتی مهدی بازرگان دامەزرابوو] هیچ بەرنامه یان لیکدانەوەیەکی سەبارەت بە ناوچە کوردنشینەکان نەبوو. یەکەم کەسێک کە چوو بۆ کوردستان دوکتور (مستەفا) چەمران بوو. دەوروبەری نەورۆز [١٩٧٩] چوو بۆ کوردستان و لێکۆڵینەوەی کرد و بۆی دەرکەوت کە دەبێ بە شێوەی چریکیی [پێشمەرگانە] بەرەوڕوویان بینەوە. چونکوو هەڵسوکەوتی کوردەکانیش پێشمەرگانە بوو. تەنها کەسێک کە لەو سەردەمەدا خولی ڕاهێنانی چریکیی دیبوو، دوکتور چەمران بوو.
پرسیار: کەوابوو لە ڕاستیدا تاقمی فشار هەبوو بۆ ئەوەی ئەرتەش چالاکیی سەربازی بکات؟
وەڵام: بەڵێ، مەرحوومی قەرەنی [فەرماندەی ئەرتەش] دەیگوت ئەمانە هەتا گەشەیان نەکردووە دەبێ لەگەڵیان بکەوینە شەڕ و لەناویان ببەین. مەرحوومی چەمران‌یش زۆر باوەڕەی بە گفتوگۆ نەبوو، دەیگوت من چوومەتە ئەوێ و لێکۆڵینەوەم کردووە و دەزانم.»
سەیرە، ئاغای صباغیان و 'نهضت آزادی ایران' و ئەوانەی کە خاوەنی هیچ چەشنە لێکدانەوەیەک سەبارەت بە کوردستان نەبوون، لە ڕاستیدا ببوون بە کەرەستەی دەستی شەڕخوازانی ناو ڕیزەکانی ئەرتەش و سپای پاسداران.
ئێستا با بزانین ئاغای صدرحاج‌سیدجوادی [ماوەیەک وەزیری ناوخۆ بوو] لەم باریەوە چی دەڵێت:
«هەڵبەت مەرحوومی موفتی‌زاده و شێخ‌عێزەدین و لایەنگرانی چەکداری ئەوان قەت نەیانویست لەگەڵ ئێمە شەڕ بکەن.
پرسیار: ئایا باڵه‌کانی [کۆماری ئیسلامی] کۆک‌بوون له‌سه‌ر کاتی ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ. هه‌مووان رازی بوون به لێدانی چه‌کدارانه؟
وه‌ڵام: ئه‌وه ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵات به ‌کرده‌وه له ‌ده‌ستی ئاغای خومه‌ینی‌دا بوو و له ‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه هیچ هه‌نگاوێک نه‌نرا. ئێمه له ‌ده‌وڵه‌تدا ڕازی به عه‌مه‌لییاتی چه‌کدارانه نه‌بووین. مهندس بازرگان‌یش رازی نه‌بوو. فه‌رمان، فه‌رمانی ئیمام بوو. له‌سه‌ر سنه . . . ئێمه به ‌لێکۆڵینه‌وه بۆمان‌ده‌رکه‌وت که له‌لایه‌ن ئه‌رته‌شیشه‌وه هه‌ڵه کراوه.»
('چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان' ژماره یەک، لاپەڕە ۴۶، بەهاری ٢٠٠٣)
با بزانین ئاغای سحابی سەبارەت بە خولی دووهەمی شەڕ لە کوردستان چی دەڵێت. بەم لێدوانەدا بۆمان دەردەکەوێت کە چ گاڵتە جاڕییەکە کەسانێک تەنانەت ئەم قسانەیشیان نەخوێندووەتەوە، بێ ئەملاوئەولا و سڵەمینەوە وا باس دەکەن کە گوایە ناردنی هێزی گەورەی ئەرتەش بۆ کوردستان بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ عێراق‌دا بووە! شەڕ لەگەڵ عێراق شەش مانگ دواتر دەستی پێکرد. ئاغای سحابی دەڵێت:
«ڕۆژێکیان لە تەلەڤیزیۆن چاوپێکەوتنێکم کرد و گوتم:' من ئەگەر بێتوو ڕازی بم بە خودموختاری بۆ کوردستان، وەک ئەوە وایە که بڵێن دەبێ دەستەکانت ببڕنەوە. ئامادەم دەستەکانم ببڕنەوە، وەلێ ئیمزای ناکەم'. ئەمە لە تەلەڤیزیۆنەوە بڵاو بووەوە. دواتر لە ورمێ و لە سەفەرەکەمان پاش دیدار لەگەڵ ئیمام خومەینی و هەروەها لە مەهاباد، زۆرێک لەوانەی نیازپاک بوون و میللی بوون، پێشوازی زۆریان کرد لە قسەکانم. من  لەوێ هاوڕێی دیاریکراوم نەبوو. بەڵام کەسانێک کە زۆربەیان ئەندامانی مکتب قرآن و مەرحووم موفتی زادە بوون، لە ئێمە نزیک بوونەوە . .
دوایین شەوەکانی مانگی ڕەشەممە و نزیکی نەورۆز بوو [نەورۆزی ١۹٨٠]، سەعید هات و گوتی سبەینێ دەیانهەوێت هێرش بکەن. قەرار وایە سپا لای کامیارانەوە دەست پێبکەن بەرەو پاوە پێشڕەویی بکەن  و ئەم پێشمەرگانەیش [پێشمەرگەی موسوڵمان] بە شوێن ئەواندا دەچن، باشبوو سەرەنجام چەکیان پێدابوون. . . چووین بۆ 'شورای انقلاب' و لەگەڵ مەرحووم [ئایەتوڵڵا] بهشتی قسەمان لێ کرد و گوتمان ئەمە کاری تێکدەرانەیە لە بەرنامەی ئێمە و 'دەستەی تایبەتی گفتوگۆ'یە. . . ئەم شەڕە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی ببێتە هۆی سەرکوتکردنی ئەوانە، وەلێ تاقمەکان خۆیان وەکوو بێتاوان دەنوێنن و خەلک بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. ئێمە ئولتیماتۆمی خۆمان دا بە مەرحوومی بهشتی، بەڵام فایدەی نەبوو؛ هەر بۆیە دەستم لە کار کێشایەوە. 'دەستەی تایبەت بۆ گفتوگۆ' ئیتر لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٩ بەدواوە ڕۆڵێکی نەما.»
(چشم‌انداز ایران، ویژه کردستان، ژماره یەک لاپەڕەکانی ۶۷-۶۶)
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین هەر پاش ڕووخانی ڕژیمی شا و لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، یەکەم دیدارەکانی نێوان نوێنەرانی گەلی کورد و دەستەیەک لە کاربەدەستانی دەوڵەت لە مەهاباد ڕێکخرا و بەیاننامەی هەشت خاڵی مەهاباد پێشکەش کرا. ئەو کات دەکرا 'کێشەی کوردستان' بە بێ توندوتیژی و خوێنڕشتن و بە ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە کە دەیتوانی ڕێگا خۆش بکات بۆ پتەوکردنی دیموکراسی لە ئێرانیش. چل ساڵە سیاسەتی سەرکوت و کوشت و بڕ بەردەوامە و گەلی کورد بەردەوام ڕاوەستاوە و پرسی کورد و مافەکانیشی هەر وا لەجێی خۆی ماوەتەوە.



[1] http://www.cheshmandaziran.net/Cheshm/Special/Kordestan01/Title%20of%20Kordestan%201.htm
[2] http://www.cheshmandaziran.net/Cheshm/Special/Kordestan02/Title%20of%20kordestan2.htm

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×