وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق وەڵامی سەركردەیەكی حەشدی شەعبی دەداتەوە
  2019-08-22       841       
وتەبێژ بەناوی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق، شون رایان رایگەیاند ''هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر داوای حكومەتی عێراق هاتوونەتە عێراق، جەختی لەسەر ئەوەیش كردەوە کە هێزەكانیان لە چوارچێوەی یاسا و راسپاردەكانی ئەوان كاردەكەن''.

ئاوێنه‌: شوون رایان لە تویتێكدا و لە وەڵامی بەیاننامەكەی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەبومەهدی موهەندیس-دا وتی: ''ئامادەبوونی هاوپەیمانی لە عێراق لە پێناو تەواوكردنی ئەرك و كارەكانی هاوبەشەكانمان لە هێزە ئەمنییە عێراقییەكانە لە ئەركی شكستهێنان بە داعش بە شێوەیەكی كۆتایی و بەردەوام''.

ئەو وتیشی: ''كاركردنمان لە عێراق لەسەر داواكاری حكوومەتی عێراقی بووە و لە چوارچێوەی یاسا و راسپاردەكانی ئەودا ئەركەكانمان ئەنجام دەدەین''.

ئەم وەڵامەی وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات لە دوای بەیاننامەیەكی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەبومەهدی موهەندیس دێت كە تیایدا هێزەكانی ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بە هێنانە ناوەوەی فڕۆكەی سەربازی ئیسرائیلی بۆ بە ئامانج گرتنی بارەگا سەربازییەكانیان لەناوخۆی عێراقدا.

لە میانی یەک مانگدا چوار بنكە و بارەگای حەشدی شەعبی لە عێراق رووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەتەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ لایەنێك بەڕەسمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە بگرێتەئەستۆ.

بەشێك لە راپۆرتەكان باس لە تێوەگلانی ئیسرائیل لەو هێرشانە دەكەن، بەڵام تا ئێستا بەڕەسمی هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە رانەگەیاندووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×