2019-08-22   801     
وەزیرانی بەرگریی تورکیا رایده‌گه‌یه‌نێت، ''لە ئە‌مڕۆوه یه‌كه‌م قۆناخی پلانی ناوچه‌ی ئارام جێبەجێدەکرێت''.
ئاوێنه: شەوی چوارشەمە 21ی ئابی 2019 وه‌زیری به‌رگریی توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی ئه‌نجام دا و تەوەری سەرەکیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش پلانی ناوچه‌ی ئارام بوو لە رۆژئاوای كوردستان.
بەپێی میدیای نزیک لە حکوومەتی تورکیا، خولوسی ئاكار و مارك ئیسپه‌ر هاوڕابوون لەبارەی جێبەجێ کردنی یه‌كه‌م قۆناخی پلانی ناوچه‌ی ئارام له ئە‌مڕۆوه. هەروەها بڕیاریان دا بۆ تاوتوێکردنی قۆناخەکانی داهاتووی پلانەکە، شانده سەربازییەکان لەماوەیه‌کی کورت‌دا لە ئەنقەرە جارێکی دیكه کۆبوونەوە بکەن.
میدیای تورکیا دەڵێت، ''ئاكار له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، نابێ خافڵاندن و كات به‌ڕێكردن هه‌بێ، پێویسته هه‌رچی زووه بێ دواخستن سه‌رجه‌م قۆناخه‌كان به‌پێی پلانه‌كان بچنه بواری جێبه‌جێكردن''.
لە هەمان ڕۆژدا ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام رایگەیاند "لەسەر جێبەجێکردنی، ماوەکە و چۆنیەتییەکەی لە گفتوگۆداین. رێککەوتنی سەرەتایی لەم بارەیەوە دەتوانین بڵێین کراوە. لە ھەفتەکانی داھاتوودا ھەنگاوە بڕیارلێدراوەکان دەبینین. دەورییەی ھاوبەشی ھێزەکانی تورکیا و ئەمریکا بەم زووانە لە رۆژھەڵاتی فورات دەبینین".
لەبارەی ھێرشەکەی سەر ئیدلبی سووریاش، ئیبراھیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری توركیا رایگەیاند، ناڕەزایەتییان گەیاندووەتە لایەنی ڕووسیا، لە رۆژانی داھاتووشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام دەدات.
ئیبراھیم کاڵن راشیگەیاند "ھیچ شتێک لەبارەی گواستنەوەی نۆیەمین خاڵی چاوەدێریمان لە ئیدلب لەئارادا نییە. ھەموویان لەو شوێنەی کە راسپێردراون سەرقاڵی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیانن".
ئیبراھیم کاڵن ئاشکراشی کرد کە "لە رۆژی 16ی ئەیلوول لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بە بەشداریی ئێران و ڕووسیا کۆبوونەوەیێکی لووتکەی سێ قۆڵی بەڕێوە دەچێت". وتیشی "لە ئامادەکاریداین بۆ رێکخستنی گفتوگۆیه‌کی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز ترەمپ".