سێ سەربازی تورکیا کوژران
  2019-08-22       688       
دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە توركیا، كوژرانی سێ‌ سەربازی سوپای وڵاتەكەیان لە پێكداهەڵپژانێكدا لە نزیك سنورەكانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنن.

ئاوێنه‌: نوسینگەی حاكمی ویلایەتی شرناخ لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند ''سێ‌ سەربازی تورك لە پێكداهەڵپژانێكدا لەگەڵ چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە باشووری خۆلاهەڵاتی توركیا و لە ناوچەیەكی نزیك سنورەكانی سوریا و عیراق، كوژران''.

بەپێی بەیاننامەكە ''ئەو سەربازانەی كوژراون، پاسەوانی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی توركی (TPAO)بوون لە نزیك شاری سلۆپی''، ئاماژەی بە كوژرانی سێ‌ چەكداری بەرانبەریش كردووە لە پیكداهەڵپژانەكەدا.

بەیاننامەكەی حاكمی ویلایەتی شرناخ، ئاماژەی بە دەستنیشانكردنی جموجۆڵ و چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كردبوو كە لەلایەن ئەنقەرەوە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناودەبرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی ئەنقەرە، بەردەوامە لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی لە دژی گەریلاكانی (پەكەكە) لە ناوچە جیاجیاكانی وڵاتەكە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×