دو بەرپرسی ئەمریكی: ئیسرائیل لەچەند رۆژانەی رابردودا ژمارەیەك هێرشی لەعێراق ئەنجام داون
  2019-08-23       1078       

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی لە هەواڵێكدا لەزای دو بەرپرسی باڵای ئەمریكییەوە بڵاویكردۆتەوە كە ئیسرائیل لەماوەی چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەك گورزی لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی گروپە میلیشیاكانی پشتیوانی ئێران لەعێراق وەشاندوە.

ئاوێنە: ئەو هەواڵەی رۆژنامە ئەمریكییەكە دوای ئەوە دێت كە دوێنێ پێنجشەممە بنیامین نەتەنیاهۆ رایگەباندبو كە وڵاتەكەی لە چەندین بەرەوە كار دژی ئێران دەكات. ئەو وتەی نەتەنیاهۆ لەلایەن هەندێكەوە وا لێكدرایەوە كە ئاماژە بێت بۆ ئەو هێرشانەی ماوەیەكە لە عێراق دەكرێنە سەر پێگە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە هەواڵەكەیدا رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل بەرپرسە لەو هێرشەی رۆژی 19ی مانگی رابردو كرایە سەر كۆگایەكی چەك لەعێراق، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكەی حەشدی شەعبی لە ئامرلی كە تێیدا دو ئێرانی كوژران و ئاگرێكی گەورەی لێكەوتەوە.

لەلای خۆیشەوە بەرپرسێكی هەواڵگریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە رۆژنامەكەی راگەیاندوە كە ئەو هێرشە مانگی رابردو بۆ سەر بنكە سەربازییەكەی ئامرلی، هێرش بوە بۆ سەر بنكەیەك كە سوپای پاسداران بەكاریدەهێنێت بۆ گواستنەوەی چەك بۆ سوریا.

بەپێی رۆژنامەكە ئەو هێرشە بۆ سەر بنكە سەربازییەكە لەناو خاكی عێراقەوە ئەنجامدراوەو تێیدا بارێكی موشەك تێكشكێنراوە كە مەدای هەر یەك لەو موشەكانە 120 میلە.

نیویۆرك تایمز ئەوەشی خستۆتەڕو كە دواین هێرشی ئیسرائیل رۆژی دوشەممەی رابردو بۆ سەر بنكەی سەربازی "بەلەد" لە پارێزگای سەڵاحەدین بە موشەكی كاتیۆشاو هاوەن و بۆمب ئەنجام دراوە.

رۆژنامەكە هێرشەكەی 19ی مانگی رابردوی بە یەكەم هێرشی ئیسرائیل لەناو خاكی عێراق ناوبردوە لەماوەی چوار دەیەی رابردودا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئیسرائیل بەم هێرشانە پێدەچێت بازنەی هێرشە سەربازییەكانی دژ بە ئامانجەكانی ئێران لە سوریا بەرفراوان كردبێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×