پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ: چاكسازی لەسەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتەوە دەستپێنەكات، بێ بەها دەبێت
  2019-08-23       871       

مەم بورهان فانع، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان پێی وایە ئەگەر لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانەوە دەست بە چاكسازی نەكرێت و داهاتی نەوت شەفاف نەكرێت، ئەوا بەهایەك بۆ چاكسازی لەهەرێمی كوردستان نامێنێتەوە.

ئاوێنە: مەم بورهان فانع، ئەمڕۆ هەینی، لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رەخنەی لە لایەنی چاودێری پەرلەمانی كوردستان گرتوەو وتویەتی"ئەگەر پەرلەمانی كوردستان نەتوانێت لێپرسینەوە بكات لە پێشێلكردنی یاساكانی، ئەوا گەورەترین ئەركی كاری پەرلەمانیی لەدەستدەدات و بەمەیش ئەم دەسەڵاتە (كە دەبێت تێكەڵەبێت لە دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردن)، كۆڵەكەیەكی سەرەكیی لەدەستدەدات، كە ئەویش "چاودێریكردن"ە، وەكچۆن لە خولەكانی پێشودا، ئەو كۆڵەكەیە بەلەقی بوبوە راگر و نیگەرانم لەوەی لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا، بەتەواوی ئەم كۆڵەكەیە بكەوێت."

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا دەربارەی ئەو پڕۆژە چاكسازییەیشی كە بڕیارە بۆ وەرزی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان بگاتە دەستی پەرلەمانتارانی كوردستان و بە قسەی ئەو پڕۆژەی هاوبەشی "پارتی" و "یەكێتی" و "گۆڕان"ە، كە سێ‌ گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان-ن، پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ وتویەتی"ئەگەر لەم چاكسازییەدا، لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانەوە دەست بە چاكسازیی و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان و بارگرانیی سەر داهاتی گشتیی نەكرێت و زامنی شەفافییەتی دارایی و فرۆشتنی نەوت نەكرێت، بەهایەك نامێنێتەوە بۆ چاكسازی لە هەرێمی كوردستاندا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×